دەرفەتی مێژویی بۆ روخاندنی رژێمی ئێران و پێویستیی بەوریایی مامەڵەکردن
3/7/2026 2:20:00 PM
کەمال چۆمانی
بەوریایی مامەڵەکردن لە کاتی شەڕدا، مانای ترس و لاوازی نییە، بەڵکو ئەزمونی کورد پێماندەڵێ هێزی برینداری دیکتاتۆری تینو-بە-خوێنی کورد تراژیدیای وەک هەڵەبجە دەخولقێنێت.
کاتێک کوردی عێراق بو بە بەشێک لە شەڕ دژ بە عێراق لەپاڵ ئێران لە شەڕی عێراق-ئێران، سەدام بە چەکی کیمیایی و جینۆساید وەڵامیدایەوە.
کاتێک گەنجانی کورد لە ئامەد و جزیر و باکوری کوردستان خەندەقیان لێدا بۆ خۆسەری، تورکیا بەدڕندانەترین شێوە وەڵامیدایەوە و سڵی نەکردەوە لە قەتڵوعام و کاولکاری شار و شارۆچکەکان.
کۆماری ئیسلامی هێشتا بەهێزە و کوردیش هیچ گارانتییەکی لە ئەمریکا وەرنەگرتوە. راستە دەرفەتی مێژویی نابێ لەدەستبدرێ، بەڵام ئەو شەڕەی ئێستا پێویستی بە مامەڵە و وریایی حەکیمانەیە تا هەم بردنەوە مسۆگەر بێ و هەمیش رێگرتن لە دوبارەبونەوەی تراژیدیای وەک هەڵەبجە.
من بەئاگام هیچ شتێک شەرعییەت ناداتە هیچ هێزێک چەکی کیمیایی بەکاربێنێ، بەڵام هێزی فاشیست بۆ مانەوە هەمیشە هەمو تاوانێک دەشەرعێنێ لەپێناو مانەوە.
ئازایەتی هەر شەڕکردن نییە، بەڵکو بردنەوەشە بە کەمترین زیان. ئێران داعش نییە، بەڵکو دەوڵەتێکی بەهێزە و وا موشەکەکانی دەتوانن دڵی ئیسرائیل بپێکن. ئەگەر بردنەوە و روخانی رژێم مسۆگەر نەبێ، زیانی کورد بە چونەناوەوەی شەڕەکە مەزن دەبێ.
بەڵێ دەرفەتێکی مێژویییە بەڵام وریایی و پەلەنەکردنیش پێویستییەکی عەقڵانییە