22وتار

یەکێتی و پارتی بۆ رێکناکەون؟

12/14/2025 2:00:00 PM
کەمال چۆمانی

یەکێتی و پارتی حکومەتیش دروستبکەن، هیچ لە کێشەکانیان کۆتایی نایەت. چاوەڕوانییەک هەبو لە پڕۆژەی ریفۆرمی هێزەکانی یەکێتی و پارتی لەلایەن ئەمریکییەکان و ئەوروپییەکانەوە، بەڵام ئەو پڕۆژەی ریفۆرمە شکستی هێنا. شکستیهێنا چونکە یەکێتی و پارتی تەنها بە جەستە لە ٢٠٢٥ن، بە پراکسیس -هزر و کارکردن- هێشتا لە ١٩٩٦ن. 

ئەو دو هێزە لەنێوانیاندا متمانە نییە. مادام متمانە نییە، هیچیان ئاساییش و ستراتیجی ئەمنیی حیزب و بنەماڵەکەیان، هەروەها هی سەرکردایەتییەکەشیان -چونکە ئەو دو هێزە روبارێک خوێن لەنێوانیاندا هەیە-، ناخەنە بەر مەرحمەتی ئەویتر. متمانەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی و پێکەوەکارکردنیان، لای کەم بەشێک لە هێزی پێشمەرگە، لە متمانە و بەیەکەوەکارکردنی پێشمەرگە و ئاساییشی یەکێتی و پارتی بەهێزترە، بەتایبەت ئاساییشەکەیان. ئاساییش و هەواڵگریی هەرێمی کوردستان و بەغداد یەکتر بە بەرانبەر دەبینن، بەڵام ئاساییش و هەواڵگریی یەکێتی و پارتی یەکتر بە دوژمن دەبینن.

ئەو دو عەقڵییەتە ناتوانن بەیەکەوە کاربکەن. بەیەکەوەش کاربکەن، سادەترین ململانێ گوریسەکە دەکاتەوە خوری.

دانوستان وا نابێ. لە دانوستاندا دان و وەرگرتن هەیە. پارتی ریزێک هێڵی سوری هەیە کە بۆ یەکێتی گرنگن بشکێن تا متمانە دروستبێ. پارتیش پێیوایە براوە و سەرەکیترین هێزی کوردستانە و مافی خۆیەتی کابینەکە خۆی بڕیاربدات کێ چی وەردەگرێ و چی وەرناگرێ. 

متمانەیەک لە ١٩٦٤ەوە لەنێوان ئەو دو بەرەی جەلالی و مەلایییە دروستنەبوبێ، ئێستا کە هەردوکیان خاوەن قەڵەمڕەویی\تێریتۆری و سوپا و هەواڵگری و ئابوریی و پەیوەندیی دەرەکیی خۆیانن، لە ئێستادا دروستنابێ. یەکێتی چۆن متمانە بە مەسرور بارزانی بکا کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی و ئامۆزا و زاوای متمانەی پێ ناکات. ئەی چۆن مەسرور بارزانی متمانە بە یەکێتی بکات کە لە بڕیاری گواستنەوەی پۆلیسێکەوە بۆ جاڕدانی شەڕ و ئاشتی لە سلێمانی و کۆیە و هەڵەبجە و گەرمیان لەبن دەستی یەکێتی دایە. داماننا پارتی خەتابارە بەرانبەر یەکێتی، ئەی ئامۆزاکان بۆ نەیانتوانی لەگەڵ یەکتر کاربکەن و شەڕ لەنێوانیان دروستبو. بە کورتی، کێشەکە لە جەوهەری ئەو دو هێزە و ئەو نوخبەیە سیاسییەیە کە خۆیان سەپاندوە بەسەر دەستەڵاتدارێتیدا. 

ئەو دو هێزە لەگەڵ یەکتر هەرگیز ناتوانن متمانە بەیەکتر دروستبکەنەوە و بەیەکەوە کاربکەن. هەندێ خەڵک پێیانوابو بە مردنی جەلال تاڵەبانی ململانێکە کۆتایی دێ. یا چاوەڕێ دەکەن ململانێکە بە مردنی مەسعود بارزانی کۆتایی بێ. بەڵام ئەو تێڕوانینانە هەڵەن. ململانێکە پێشتر ئەگەر لەسەر ئیگۆی نێوان دو کەس و گروپ بوبێ بە هەندێک بەرژەوەندیی ئیقلیمی و دارایی و دەستەڵاتخوازیی، ئێستا لە هەردولا کۆمپانیای زەبەلاح\کۆرپۆرەیشن هەن کە بزنسەکەیان زۆر لەوە گەورەترە کە رێبدا یەکێک سازش بۆ ئەویتر بکا یا هەردولا یەکتر قبوڵ بکەن و میکانیزمێکی پێکەوەکارکردن بدۆزنەوە. میکانیزمی پێکەوەکارکردنی پارتی و یەکێتی تەنها بۆ ئەوەیە ئەو دو هێزە شەڕ نەکەن، نەک ئاشتی پۆزەتیڤ بەدەستبێنن. لەنێوان ئەو دو هێزەدا و لە کوردستان، لە ١٩٩٨ەوە ئاشتییەکی نێگەتیڤمان هەیە، واتا هەرکاتێک دەکرێ شەڕ دروستبێتەوە چونکە ئەو دو هێزە ناتوانن ئەو رەگ و ریشەیە ببڕن کە لەسەری دامەزراون چونکە رێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی کە بکەوێتە خزمەتی کوردستان و خەڵکەکەی، پێویستی بە گرێبەستێکی نوێی کۆمەڵایەتی هەیە لە ێناوی بەرژەوەندییەکانی خەلک، کوردستان، و عێراق کە دەبێ لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیک بێ کە حوکمی قانون و حوکمڕانیی چاک و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئابورییە. گرێبەستێک کە یەکێتی و پارتی دو حیزبی سیاسیی بن کە بەشداردەبن لە نوسینەوەی نەک دو بڕیاردەری گرێبەستەکە و دو خاوەنی کوردستان.

بۆیە دەکرێ رێکبکەون، بەدڵنیاییش دواجار هەر رێکدەکەون، بەڵام رێککەوتنەکە بۆ ئەوە دەبێ شەڕ نەبێ و هەردولا قەڵەمڕەویی خۆیان بپارێزن نەک گۆڕانکاریی ریشەیی دروستبێ و حکومەتێکی یەکگرتو بە ئاژێندایەکی هاوبەشی نیشتیمانی بۆ خزمەتی کۆمەڵانی خەڵک.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن