١٨٢ نامەی دەستنوس لە نێوان مام جەلال، مەسعود بارزانی، نەوشیروان مستەفا
12/1/2022 8:09:00 AM
کەمال چۆمانی
< بروسکەنامە – نامە و بروسکەی نێوان مام
جەلال، مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا، ١٩٩٠ -٢٠٠٩> کتێبێکی دۆکیومێنتاریی
زۆر گرنگی سەڵاح رەشیدە. کتێبەکە، ١٨٢ نامەی دەستنوسی تایبەتی و نهێنی نێوان ئەو سێ
سیاسەتکارەی کوردی لەنێوان ١٩٩٠ تا ٢٠٠٩ لەخۆگرتوە.
ئەو نامانە لە سەردەمی روداوەکانی شەڕی یەکەمی
کەنداو، روداوەکانی پێش راپەڕین، رۆژانی راپەڕین، شەڕی ناوخۆ، پڕۆسەی ئاشتی،
روخاندنی حکومەتی پێشوی عێراق و شەڕی دوەمی کەنداو، بونیادنانەوەی حکومەتی عێراق و
هەرێمی کوردستان دوای ٢٠٠٣ و سەرەتای جیابونەوەی نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی
نوسراون.
ئەو نامانە دۆکیومێنتی زۆر گرنگی مێژویین کە نیشانیدەدەن
یەکێتی و پارتی چەندە بە خوێنی یەکتر تینوبونە. لە نامەیەکدا بۆ مەسعود بارزانی لە
١٧ی ١٢ی ١٩٩٦، نەوشیروان مستەفا بە بارزانی دەڵێ: <<تەنانەت دژمنەکانیشمان
ئامۆژگاریمان دەکەن کە ئاشتی لە شەڕ و نیوەشەڕ باشترە.>>
ئێران و تورکیا و سوریا و ئەمریکا و فەڕەنسا و
بەڕیتانیا بەجدی هەوڵیانداوە یەکێتی و پارتی شەڕ نەکەن، لە هەندێک قۆناغیشدا وای
خواستوە ئێران و تورکیا ببنە بەشێک لە شەڕەکە، تەنانەت خیانەت و خۆخۆری دەگاتە
ئاستێک مەسعود بارزانی لەگەڵ سەدام حوسێن لە ١٩٩٦دا رێکدەکەوێت، ئەمە لە کاتێکدا رۆژێک
پێش هێرشکردنە سەر هەولێر پارتی لە لەندەن لەگەڵ یەکێتی گفتوگۆی ئاشتی کردوە.
ئینسان چەندە ئەو نامانە دەخوێنێتەوە یان لەوە
دەکۆڵێتەوە یەکێتی و پارتی بۆچی بە شەڕهاتن و بەشەڕدێن، هۆکارێک نادۆزێتەوە شایانی
شەڕ-بۆ-کردن بێ جگە لە رقێکی ئەستور لە بەرانبەر یەکتری، رۆحێکی دوژمنکارانە بۆ تۆڵە
و بۆ سڕینەوە، شەڕ لەسەر هەیبەت و دەستەڵاتخوازی و پارە.
لەو نامانە لەبارەی ئەو سێ کەسایەتییەوە دەکرێ
زۆر هەڵسەنگاندن بکرێن، زۆر شت هەیە قسەی لەسەر بکرێ، بەڵام لەو پۆستەی فەیسبوک تەنها
ئەوەندە بەسە بڵێم:
1. جەلال تاڵەبانی سیاسەتکارێکی دیپلۆماتکاری
بەهێز بوە.
2. نەوشیروان مستەفا بەڕاستی روئیایەکی
گشتگیر و ریفۆرمیستانەی باڵای هەبوە بۆ حوکمڕانیی چاک و دامەزراندنی حکومەتی دامەزراوەیی
و خزمەتگوزار و حوکمی قانون.
3. مەسعود بارزانی هەرگیز نەیتوانیوە لەو
قاغە عەشیرەتگەرییە دەربچێ کە پێویستە خۆی و ماڵی بارزانی سەرداری کوردستان بن ئەگەر
بە دەستتێکەڵکردنیش بێ لەگەڵ سەدام حوسێن.
لەو هەمو نامانەی تەماشادەکەیت و دەخوێنیتەوە و
لێیان ورددەبیتەوە، تەنها نەوشیروان مستەفا زیاتر بە خەمی حوکمڕانی چاک و حکومەتی
دامەزراوەیی بوە، بەڵام نەوشیروان مستەفا کەسێکی دڵناسک و بێتەحەمول دەردەکەوێ، ئەوە
دڵناسکی و بێتەحەمولییەی لەلایەن تاڵەبانییەوە باش هەستپێکراوە و هەمیشە دڵی داوەتەوە.
جەلال تاڵەبانی خۆشبەخت بوە کە کەسێکی توند و ناگەندەڵی لەپشت بوە کە هەمیشە جورئەتی
کردوە رەخنەی لێ بگرێ. مەسعود بارزانی لەوانەیە بیتوانیبوایە باشتر ئیدارەی قەیرانەکان
بکات ئەگەر کەسێکی وەک نەوشیروان مستەفای لەگەڵ بوایە. ئەگەر یەکێتی دەستکەوتێکی هەبوبێ،
هی ئەو رۆژانە بوە کە نەوشیروان مستەفا و جەلال تاڵەبانی لە نزیکەوە بەیەکەوە کاریان
کردوە.
مێژوی پڕ ململانێی یەکێتی و پارتی لە ١٩٦٤ەوە بە
پێکدادانی جەلالی و مەلایی دەستپێدەکا، تا ئەمڕۆش ئەو ململانێیە بەردەوامیی هەیە و
هەر رۆژ خۆی دوبارەدەکاتەوە.
نەوشیروان مستەفا لە ١٥ی ٧ی ١٩٩٨ لە لەندەنەوە نامەیەک بۆ مام جەلال
دەنێرێ و لەبارەی رەوشی کوردستانەوە دەنوسێ: "تەڤ لە هەڤە." واتا کەس بە
کەس نییە، رەوشێکی هێندە خراپە. ئەو نامەیەی نەوشیروان مستەفا بۆ ئەمڕۆش هەر راستە.
دوبارەی دەکەمەوە، من ئەو چەند سەرنجانەم تەنها
بۆ فەیسبوکەکەم نوسیون دوای خوێندنەوەی کۆی کتێبەکە، تکایە بە خوێندنەوەیەکی خێرای
وەربگرن کە بۆ فەیسبوک کراوە و ئامانجمە سەرنجتان رابکێشم تا ئێوەش بیخوێننەوە، بەتایبەت
گەنجان کە ئاگاداری ئەو رۆژگارە نین، بەتایبەت رۆژگاری شەڕی ناوخۆ.
ئەوەی لە دوێنێ تێنەگات، هەرگیز لە ئەمڕۆ تێناگا!
کەمال چۆمانی