392وتار

چواردەورمان وەک چیرۆکێکى گەورە

12/10/2019 3:07:00 PM
وەلید عومەر

ئەدەبى گێڕانەوە، کۆمەڵێک ژانرى بەرفراوان دەگرێتەوەو لە هەندێک ژانرى زارەکییەوە وەردەچەرخێت بۆ سەر هەندێک ژانرى نوسراو. پرسیارى ئەم نوسینە کورتە ئەوەیە ئەمڕۆ پاش گەشەى تەکنیک و نیشتەجێبوونى مرۆڤەکان لەنێو فەزاى مەجازییدا، گێڕانەوە چیى لێدێت؟ یان باشترە بڵێین، شتێکى ئەوتۆ سەرنجڕاکێش دەمێنێتەوە بیگێڕینەوە؟ 
لەپاش گەشەى تەکنۆلۆژیا، مرۆف ڕۆژانە زۆرترین شت دەبینێت و دەبیستێت و بە مانایەک لە ماناکانیش «دەخوێنێتەوە». ئەویش لە فۆرمى کۆمەڵێک ژانرى تاڕادەیەک نوێدا کە بریتیین لە پۆست(ستاتووسى کورت و درێژ)، ڤیدیۆ، کۆمێنت، چات، وێنە و هتد. لەنێو ئەنتەرنێت و فەزاى مەجازییدا، بەردەوام بەر فڵانە حەکایەت و ڕووداو و نوکتە و هەواڵ دەکەوین. لە کۆمێنتەکانیشدا وتنەوە، پشتڕاستکردنەوە، بەدرۆخستنەوە، وەرگرتن و ئیقتیباس، گێڕانەوە، هتد هەیە. تادێتیش هەمووشت بەرەو بەقۆشمەییکردن دەبرێت و ڕەهەندى هەموو ئەو شتانەمان پیشاندەدرێتەوە کە ئەگەرى پیشاندانەوە و گێڕانەوەیان تیایە. بۆنمونە، نوکتە و قۆشمەیى، هەموو ئەو دیوە کۆمیدى و تراژدییە لەخۆدەگرن کە دەشێت لە چیرۆکێک یان ڕۆمانێکدا بەرى بکەوین. وەک‌بڵێى لەڕووى ناوەڕۆکەوە، خەریکە هەموو شتەکان لەو ماشێنە مەجازییەدا دەوترێن و دەوترێنەوە. وەک‌بڵێى ئەو چیرۆکەى دەمانەوێت بینوسین، بەر لە نوسینەوە بەتاڵبووەتەوە؛ چونکە هەستدەکەیت لە ساتێک لە ساتەکانى ناو فەزاى مەجازییدا بینیوتە و خوێندووتەتەوە. ئەو ماشێنە گەورەى کە ناوى فەزاى مەجازییە، بەردەوام پێویستى بەوەیە شتت پێ بگێڕێتەوە، ئەوەشى دەیگێڕیتەوە پێویستى بە زیادکردن و ئیزافەیە، ئەوەشى ئیزافەدەکرێت زۆرجار ڕةهەندێکى کۆمیدى وەردەگرێت و ئەم ڕەهەندە جۆرێک لە کەشفى هەر تیایە.
ئەو شتەى بۆ یەکەمجار لە فەزاى مەجازییدا دەتخاتە پێکەنین، هاوکات ئەگەرى هەیە شتێک لە ئەدەبیاتى داستانى و گێڕانەوەشدا بکوژێت. بۆیەشە چاوەڕوانیى خەڵک لە ڕۆمان و چیرۆکەکان کەمتربووەتەوە و هەستدەکەن ئەوەى دەیخوێننەوە بە پارچەکراوى لەوێ بیستوویانە. ئەم بیستنەش وەک گوێگرتن بووە بۆ حەکایەتێک. ئەوەش جار و دووجار نەبووە بەڵکو چەندین جار بەر گوێ و بەر چاویان کەوتووە. کەواتە ئەوەى بۆ ئەدەبیاتى گێڕانەوە دەمێنێتەوە پتر فۆرمە نەک ناوەڕۆک. ئەم حوکمە کەمێک قورسە، بەڵام شیاوى ئەوەشە بیرى لێ بکرێتەوە. لە فەزاى مەجازییدا زۆرترین وتراو و گێڕدراوە هەیە، بۆیە سەر بە ناوەڕۆکە. بەڵام ئەم وتراوانە عادەتەن فۆرمێکى ڕێک و داهێنەرانەیان نیە. ئەو پە‌‌ڕەکەیان گێڕانەوەیەکى کورت و نوسراو و وێنەییە. فۆرمەکەیان بەرتەسک و خێرایە و لەسەر کورتبڕى وەستاوە. خێراییەکەى پەیوەندییەکى بەو میدیۆمەوە هەیە کە تێیدا لەدایکدەبێت و ئەویش بریتییە لە فەزاى مەجازى خۆى. 
میدیاى بینراو یان تەلەفزیۆنیش لەڕێگەى ڕیپۆرتاژو بەدواداچوون و هێنانى شایەتحاڵەکان بۆ دۆزى جیاجیا، زەفەر بە ئەدەبیاتى گێڕانەوە دەبات. ئەوەى لەم بەرنامانەدا دەوترێت وەک ناوەڕۆک خۆیان چیرۆکن‌و فۆرمێکیشیتان بۆ ئامادەکراوە کە بەرنامەکەیە و بەرنامەکەش لەڕێگەى مۆنتاژ و موزیک و بڕین و فلاشباک‌و هتدەوە ڕێکدەخرێت. ئایا گەر بێتو چیرۆکنوسێک یان ڕۆماننوسێک یەکێک لەک چیرۆکانە ببات و بیکاتە ڕۆمانێک تا چەند سەرکەوتوودەبێت لەوەى خەڵک تاقەت و بڕستى خوێندنەوەى هەبێت؟ تەکنیکى نوسراو و تەکنیکى میدیایى کامیان دەتوانن خوێنەر-بەردەنگ بهێڵنەوە؟ ڕەنگە لێرەشەوە بێت کە باسى ئاڵنگاریى سینەما دەکرێت کە چۆن ڕۆمان تووشى کێشە دەکات. سینەما بەو فۆرم و تەکنیکەى خۆیەوە گرفت بۆ فۆرم و تەکنیکى ڕۆمان دەخولقێنێت. ئەوەى کامێرا دەیگێڕێتەوە چەندە پێشى ئەو شتە دەداتەوە کە تێکستێکى نوسراو دەیگێڕێتەوە؟ ئەمە جگە لەو ڕاستییەى کە لە فەزاى مەجازییدا جۆرێک لە گێڕەرەوەى گشتى درووستدەبێت کە هەروەکو گێڕانەوەى فۆلکلۆر خاوەنى نیە. کۆپى‌پەیستى هاوکات، جێى «گواستنەوەى دەماودەم» دەگرێتەوە و لەبرى ئەوەى چاوەڕوان بیت کەچى شتەکان بە هاوکاتى دەگەن و دەگێڕدرێنەوە.
ئەمڕۆ جاروبار ئەو دەقانەش دەبینین کە هەوڵدەدەن لاسایى فۆرمى مەجازی بکەنەوە، بەڵام ئاخۆ تا کوێ بڕدەکەن. بەگشتى داهاتووى گێڕانەوەى شتى نوێ بەرەو کوێ دەچێت؟ لە جیهانێکى وەک ئێستادا کە پەرتەوازە و پارچەپاچەیە، گێڕانەوەى زاڵیش لە فەزاى مەجازییدا گێڕانەوەیەکى پارچەپارچەیە. ئاشکرایە ئەدەب نایەوێت شتێک وەک خۆى بگێڕێتەوە، بەڵام دونیاى مەجازییش شتەکان کتومت وەک خۆى ناگێڕێتەوە. هەماون لەوێ لەو گێڕەرەوە هەمووشتزانە دەچن کە «نازانن» خاوەنى ئاگاییەکى پارچەپارچەن بەڵام ماشێنەکەش بە هەموو لایەکدا هەڵدەسوڕێت تاکو هەمووشت بگوترێتەوە. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن