47 کوردستان

پزیشکێکی کورد پلەی یەکەمی لە دڵدا بەدەستهێنا

02:41 - 07/12/2025

زەمەن:-

 

 پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و هەناو لە پارێزگای دهۆک، لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیدا لە وڵاتی ئیمارات، توانی بە پێشکەشکردنی حاڵەتێکی دەگمەنی پزیشکی، پلەی یەکەم لەسەر ئاستی بەشداربووان بەدەست بهێنێت.

 ئەمڕۆ یەکشەممە، ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، د. محەممەد سەلیم مەتەر، پزیشکی پسپۆڕ لە سەنتەری ئازادی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ لە پارێزگای دهۆک، بەشداریی لە کۆنگرەی ساڵانەی "کۆمەڵەی کەنداوی بۆ دەستێوەردانی پزیشکیی دڵ و قەستەرە" (GIS) کرد 
لە کۆنگرەکەدا د. محەممەد چیرۆکی سەرکەوتنی چارەسەرکردنی نەخۆشێکی خستەڕوو کە تووشی گیرانی تەواوەتیی خوێنبەری چەپی دڵی (Left Main Artery) ببوو.

بەپێی زانیارییەکان، لە کاتی ئەنجامدانی قەستەرە و دانانی تۆڕ و باڵۆن بۆ نەخۆشەکە، دۆخەکە ئاڵۆزتر بووە و نەخۆشەکە تووشی جەڵتەیەکی سەختی دڵ بووە. سەرەڕای مەترسییەکان، د. محەممەد توانیویەتی لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەند تەکنیکێکی نوێ و پێشکەوتووی بواری قەستەرەوە، زاڵ بێت بەسەر ئاڵۆزییەکاندا و ژیانی نەخۆشەکە لە مردن رزگار بکات. لە ئێستادا دۆخی تەندروستیی نەخۆشەکە جێگیر و باشە.

لەم بارەیەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک، وێڕای پیرۆزبایی، دەستخۆشی لە د. محەممەد سەلیم کردووە و ئەم دەسکەوتەی بە شانازییەکی گەورە بۆ کەرتی تەندروستیی پارێزگاکە و پزیشکانی کورد لە قەڵەم داوە.

کۆنگرەی (Gulf Intervention Society) یەکێکە لە گرنگترین کۆبوونەوە زانستییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو کە ساڵانە لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوەدەچێت. لەم کۆنگرەیەدا نوێترین توێژینەوە و تەکنیکەکانی بواری قەستەرە و نەشتەرگەریی دڵ لەلایەن پزیشکانی جیهانەوە تاوتوێ دەکرێت.

هاوکات، کردنەوەی خوێنبەرێک کە بە تەواوی گیرابێت (Chronic Total Occlusion) یان تووشی گیرانی کتوپڕ بووبێت، یەکێکە لە قورسترین پرۆسەکانی قەستەرە و پێویستی بە لێهاتوویی بەرز و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو هەیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن