4وتار

مەرگی گوند و بەلادێبوونی شار (یان بەشاربونی ساختە)

11/29/2025 8:44:00 PM
شیروان برایم خواز

 شیروان برایم خواز
کاتێک ورد دەبینەوە لە داتاکانی سەرژمێریی ساڵی ٢٠٢٤، ڕاستییەکی مەترسیدار لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەردەکەوێت؛ ئەویش ئەوەیە کە ٨٥٪ی دانیشتوان بوونەتە شارنشین، وە سەدا ١٥ گوندنشینن ئەم ڕێژەیە ، لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا نیشانەی گەشەی پیشەسازیی و بەرزبونەوەی ئاستی بژێوی تاکە ، بەڵام لە کوردستاندا دەرەنجامی هەڵاوسانێکی دیمۆگرافی و "مەرگی هێواشی گوندەکان و بەشاربونی ساختەیە. #یەکەم: گوند؛ قەیرانی خزمەتگوزاری و پاڵنەرەکانی کۆچ بڕیاری بەجێهێشتنی گوند، لە بنەڕەتدا دەرەنجامی بێبەشکردنێکی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانە ، کە لە سەرەتاییترین مافەکانی ژیان بێبەش کراون؛
وەک نەبوونی ڕێگاوبانێکی گونجاو وە، نەبوونی نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی وایکردووە چارەسەری نەخۆشییەکی ئاسایی ببێتە بێنە شارە گەورەکان، و نەبوونی قوتابخانەی پێویستیش بەتایبەت خوێندنگایی ئامادەیی خێزانەکانی ناچار کردووە بۆ مسۆگەرکردنی داهاتووی منداڵەکانیان، زێدی خۆیان جێبهێڵن و ڕوو لەشارەکان بکەن. جگە لەوە هەموان دەزانن حکومەت سێ پایە سەرەکییەکەی ئابووریی لادێیی (کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و گەشتوگوزار)ی پشتگوێ خستووە.
 جگە لەوە نەبوونی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەم و گرنگینەدان بە کەرتی گەشتوگوزار، وایکردووە مانەوە لە گوند(لەدێ)) یەکسان بێت بە هەژاری و فەقیری هەروەها هۆکاری ئەمنی و تۆپبارانی سنوورەکان، هێزێکی پاڵنەری زۆرەملێ بوون بۆ چۆڵکردنی دەیان گوند بەتایبەت لەوساڵانەی دوایدا کە تورکیاو ئیران بەردەوام ناوچەی گوند نیشینانی ،بۆردومان دەکرد، کە بەو هۆیەوە دەیان کەس بونە قوربانی.
 #دووەم: شار؛ بەداخەوە حکومەت لەجیاتی ئەوەی گوندەکان ئاوادان بکاتەوە، و هاوکاری گوند نیشینان بدات هات زۆرترتن خەڵکی لە سلکی سەربازی دامەزراند بەوەش خەڵژی ناچار کرد کە روو لە شارەکان بکات. خێزانەکان ناچارن بۆ دەستڕاگەیشتن بە کارەبا، ئاو و خزمەتگوزارییەکان ڕوو لە شارە گەورەکان (وەک هەولێر، سلێمانی، دهۆک ) بکەن.
#سێیەم: دەرەنجامەکان؛ شۆکی ژێرخان و بەلادێبوونی شار ئەم کۆچە خێرا و بێ پلانە، بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی قوڵی ژێرخانی و دیمۆگرافی لە شارەکاندا:
 ١. فشاری خزمەتگوزاری: ژێرخانی شارەکان توانای وەرگرتنی ئەم هەموو دانیشتوانەیان نییە؛ قوتابخانەکان و خوێندنگاکان توانای وەرگرتنیان کەمبۆتەوەو یان هەر نەماوە، نەخۆشخانەکان پڕن، و تۆڕەکانی ئاو و کارەبا تووشی پەککەوتن بوون.
٢. بەلادێبوونی شار (Ruralization): بەهۆی نەگونجانی شێوازی ژیانی کۆچەرەکان و گرانیی کرێی خانوو، دیاردەی نیشتەجێبوونی هەڕەمەکی (تەجاوز) سەریهەڵداوە. گەڕەکی بێ سەروبەر بەبێ مۆڵەت دروست دەبن کە سیمای شارستانی شار دەشێوێنن و کێشەی یاسایی و ئیداری دروست دەکەن.
 ٣. کێشەی کۆمەڵایەتی و دەروونی: دروستبوونی نەوەیەک کە لەنێوان کلتووری گوند و ژینگەی شاردا سەرگەردانە، هەستی نامۆیی و "بێگانەیی" لایان دروست دەکات. یان. دەتوانین بڵێین بەشاربوونی ساختە". واتە شار لە ڕووی قەبارە و ژمارەوە گەورە دەبێت، بەڵام لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە گەشە ناکات. شارەکانی کوردستان بوونەتە "شاری بەکاربەر" (Consumer Cities) نەک "شاری بەرهەمهێن" (Producer Cities). ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە، چونکە بژێویی ئەم شارە گەورانە لەسەر داهاتی نەوتە، نەک بەرهەمی ناوخۆیی.
 #چوارەم ئاسایشی خۆراک مەرگی گوند واتە مەرگی کشتوکاڵ. کاتێک ٨٥٪ی خەڵک شارنشین بن، واتە ئێمە بۆ "نان" و خۆراکی ڕۆژانەمان بەتەواوی وابەستەی وڵاتانی دراوسێ دەبین بەتایبەت وڵاتانی تورکیاو ئێران ، کە هەرێمی کوردستان بۆتە بازارێک بۆ ئەوان و ساخ کردنەوەی بەرهەمەکانیان ،ئەمەش وادەکات ئاسایشی نەتەوەیی هەرێم بکەوێتە ژێر مەترسییەکی گەورە، چونکە هەر وڵاتێک خۆی خۆراک بۆ خۆی دابین نەکات، ئاسایشی خۆراک و سەربەخۆی لەق دەبێت. بۆیە داتاکانی ٢٠٢٤ زەنگێکی مەترسیدارن بۆ سەر ئاسایشی خۆراک و ژینگەی شارەکان. چارەسەر پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ بنەما زانستییەکانی جوگرافیا و پلاندانان: کاتێک گوندنشینێک بەبێ ئامادەکاری دەچێتە شار، شار ناکات بە گوند، بەڵام گوندیش لەگەڵ خۆیدا دەباتە ناو شار. ئەمە وادەکات لە پەراوێزی شارەکاندا کولتوورێکی تێکەڵ دروست ببێت کە نە شارستانییەتی تەواوە و نە کۆمەڵایەتیبوونی گوندە. ئەم ناوچانە زۆرجار دەبنە چەقی کێشەکان وەک (تاوان، ماددەی هۆشبەر، و توندوتیژی)
 #لەکۆتاییدا، دەبێت دان بەوەدا بنێین کە ئەمە تەنها گۆڕانکارییەکی ژمارەیی نییە، بەڵکو قەیرانێکی نیشتمانییە. ئەگەر گوند نەبوژێتەوە و نەبێتە شوێنێکی شایستە بۆ ژیان، شارەکانیش بەرگەی ئەم فشارە ناگرن و دەکەون؛ بۆیە چارەسەری شار لە ئاوەدانکردنەوەی گوندەوە دەست پێ دەکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن