279وتار

پاشەکەوتی موچە بە ئیمزای پەڕلەمانتار چارەسەر ناکرێت

4/17/2023 9:58:00 AM
د.محەمەد کیانی


‎وەڵامێکی کورت بۆ سروە عبدالواحید

‎پرسی گێڕانەوەی پاشەكەوتی موچە بۆ فەرمانبەران مافێكی هەرە ڕەوایەو لە هەمان كاتدا زۆر هەستیارە بۆ ئەوانەی خاوەنی ئەو مافە خوراوەن کە بەناڕەوایی لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانەوە کە تاكە بەرپرسن لەم پرسە. ئەم  ناهەقیە لە موچەخۆرانی هەریم لە ئەنجامی فرۆشتنی نەفت بووە بە سەربەخۆی لەیایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم و مامەڵكردن بە داهاتەكەی بە شێوەیەكی نا شەفافانە و نابەرێرسیارانە و ناپاكانە، بەبێ ڕێككەوتنی پێشوەختە لەگەڵ حكومەتی فیدڕالی.

لە شوباتی 2014، سەرۆک وەزیرانی ئەوکات هەموو ثەڕلەمانتارە کوردەکانی کۆ کردەوە بە ئامادەبونی و جێگری سەروك وەزیران بۆ کاروباری وەزە، حوسێن سەهرستانی، و وەزیری نەفت، عبدالکریم لعێبی، و چەندین پسپۆڕی بواری نەفت. لەم کۆبوونەوە، مالیکی لە کۆتاییدا وتی، حیزبەکانتان ئاگادار بکەنەوە، ئەو کاتەی هەرێم بە بێ رێککەوتن لەگەل دەسەڵاتی فیدڕالی نەفت هەناردە دەکانت و دەفرۆشێ، ئێمە مەجبور دەبین بوجەی هەرێم ببڕین چونکە ڕاست نییە و بێ ئینسافیکردنە لە پارێزگاکانی تری عێراق دەسەڵاتدارانی هەرم بەرهەمی نەفتی هەرێم بۆ خۆیان قۆرخ بکەن و ئێمەش بوجەی هەرێم بدەین. چاك دەزانین ئەو پارە بۆ گەلی کورد ناگەڕێتەوە نەوەك بە جۆرێکی تر هەڵسوکەوتمان دەکرد.

‎ئێستا، بە هەر جۆرە ڕێكار و ئامرازێك ئەو بڕە پارە زۆرە لە ئەنجامی پاشەکەوتنی موجە لە موچەخۆران زەوتکراوە بۆ خاوە مافەكان بگێڕدرێتەوە جێگای پێزانین و ڕێزە. هەر بۆیەش ئەم پرسە گرنگە و هەستیارە، نابێ بكرێتە مادەی مزایەدەپێكردن و چەواشەكاری لە لایەن سیاسیەكانەوە تانها بۆ نمایشكاری بێ ناوەرۆك و نەزۆك بە مەبەستی سیاسی پۆپیولیستیانەی تایبەت بۆ ڕاكێشانی سەرنجی خەڵك بە دورستكردنی هەواڵی دەستكرد (Fake News).
‎ئەو پڕوپاگەندەیەی سروە عبدالواحد بڵاویكردوەتەوە هیوایەكی بەرزی درۆیینە لەلای خاوەن مافەكان دورست دەكات، كارێكی نابەجێیە لەگەڵ خەڵكی مافخوراو دەكرێت، کە لە ئێستادا، دەڵێم لە ئێستادا هیوایەکی سەڕابییە.

‎دوعا دەكەم ئەوەی سروە خان دەیڵێت ڕاست بێت و پەڕلەمان ئەو توانایەی هەبا پرسی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم چاسەر بكات و بۆیان بگێڕێتەوە، وە زۆریش خۆشحاڵ دەبم و پێمخۆشە ئەوەی دەیڵێت ڕاست دەربچێ، بەڵام زۆر زەحمەتە چارەسەری پاشەكەوتی موچە وا ئاسان بە كۆكردنەوەی ئیمزای پەڕلەمانتار چارەسەر بكێردرێت.

سروە خان چاك دەزانێ هەر پرسێك لێکەوتەی مالی (پارە، الجنبة المالیة)ی هەبێت دەبێ لەگەڵ حكومەت تاوتوێ بكرێت و ڕەزامەندی دەسەڵاتی تەنفیزی لەسەر بدرێت ئینجا پەڕلەمان دەتوانێ یاسای بۆ دەربكات. بێ ڕەزامەندی حكومەت فیدڕال، پەڕلەمان دەسەڵاتی ئەوەی نییە هیچ پرسێك لێكەوتەی دارای (مادی) هەبێت بیاسایەنێت و بەسەر دەسەڵاتی تەنفیزیدا بیسەپێ، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە حکومەت پارەی پێویستی لە خەزینە نەبێ ئەو ئەرکر داراییە جێبەجێ بکات.

‎ پاشەكەوتی موچەی موچەخۆرانی دەوڵەت دەسەڵاتدارانی هەرێم لێی بەرپرسن و ئەوان ڕەدەلوبەدەلیان پێوە كردووە و خواردوویانە. هەروها ئەم پرسە بەشێكە لە ناكۆكیەكانی حیساباتی نەفت فرۆشتن لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم و بوجە بڕینی هەرێم لەلایەن حوكمەتی فیدرالیەوە لە ساڵی 2014 وە تاكو ئێستا، لەو ڕۆژەوەی هەناردەكردن و فرۆشتنی نەفتی هەرێم ڕاوەستاوە، حكومەتی فیدڕال دەبێ بەرپرس بێت لە بوجەی هەرێم و ئەوانیش لە موچەی فەرمانبەران و خزمەتگوزاریەكان، بە لەبەرچاوگرتنی داهاتی هەرێم لە گومرگەكان و شتی تر.

هەندێ ڕاستی هەیە دەبێ بزاندرێ: یەكەم حوكمەتی هەرێم لە پاشەكەوتی موچە و موچە بڕاوەكان بەرپرسە. دووەم تەسفیەی حیساب بكرێت لە نێوان دەسەڵاتی تەنفیزی فیدڕال و هەرێم، ئەو كات ڕوون دەبێتەوە هەرێم چەند پارەی هاتوەتە دەست لەماوەی ئەو نۆ ساڵەی نەفتی فرۆشتوە وە ئایا كامیان قەرزاری كامیان دەبنەوە. خۆ ئەگەر هەرێم قەرزار بوەوە ئەوە مەركەز پارەی زیاتری ناداتێ بۆ دانەوەی پاشەکەوتی موچە، وە ئەگەر مەركەز قەرزار بووەوە پارەكە دەدرێتە دەسەڵاتی هەرێم. ئەو كات ئایا هەرێم پاشەكەوتی موچە دەداتەوە یان بە بەهانەی قەرزاربوون حەپەلوشی دەكات؟ ئەمەش پرسێکی جدییە.

لە کۆتاییدا دەبێ بوترێ، چارەسەری پاشەكەوتی موچە ئەركی پەڕلەمانتاران و پەلەمانە وەك نوێنەری خەڵك دەبێ لە خەمیدابن و كار بۆ گێڕانەوەی بكەن و فشاری پێویست دورست بکەن بۆ گێڕانەوەی مافی مافخوراوان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی تەنفیزی حكومەتی فیدڕال و حكومەتی هەرێم. سروە خان خۆی باش دەزانێت، ئەم پرسە لەنێوان دەسەڵاتی تەنفیزی حوكمەت فیدڕال و هەرێمە نەك پەڕلەمان، بە كۆكردنەوەی واژۆی پەلەمانتار چارەسەر ناكرێت. لە پەڕلەمان دەتوانێ بە شێوەیەکی لۆجیکانە باوەڕپێکراو، بە پشتبەستن بە ئاماری دانیشتوانی هەرێم و پێویستیەكانی پارێزگاكان، بەشێکی باش بۆ هەرێم لە بوجەی گشتی عێراق دەستنیشان بكات.

‎مزایەدەی حیزبی کردن بە چاوەڕوانی و مافی ڕەوای خەڵكەوە ڕاست نییە. خەڵك توشی چاوەڕوانی هیوای بەرز بکرێت و دواییش بێئومێد بێت دورست نییە و ئەمە خەمخۆری نییە. ئەمە هەوڵی گەوجاندنی جەماوەر و گاڵتە كردنە بە عەقڵی خەڵكی سادە. ئەم ئاكاری دورستكردنی هەواڵی دەستكرد (Fake News)ی بان ڕاستی (Post Truth)ی  پۆپیولیستانەی سیاسییە ئۆپۆزیسێونە چەواشەكارەكان دەبێ پەردەیان لەسەر هەڵماردرێ وەك چۆن گەندەڵكاری و چەتەگەری و كرداری توندوتیژی و پێشێلكاریکردنەکانی مافی مرۆڤ و زەوتکردنی ئازادیەكانی صەڵك لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە فەزح دەکرێن.

هەر دەسەڵاتێك بە ڕێگای ناڕەوا بەدەست بێت بۆ كرداری ناڕەواش بەكاردێت لە دژی بەرژەوەندیەكانی جەماوەر. گرنگترین پرس لە سیاسەتدا بۆ جەماوەر بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی نیە لەلایەن حیزبێكی سیاسیەوە بەڵکو چۆنیەتی بەدەستهێنان و ڕاستگویی حیزبەكەیە لە سەرجەم هەڵسوكەوت و هەڵویست و ئاكار و جولەكانی. سیاسەت بێ ڕاستگۆیی جێگۆڕكێكردنەوە بە دەموچاوەكانە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن