وتار

هەڵوەستەیەک لەسەر لیستی نیمچە داخراو..!

3/14/2023 8:31:00 PM 79 جار خوێندراوەتەوە
ئارام جەمال

ماوەیەکە لێرەو لەوێ پرسیاری ئەوەم لێدەکرێت کە (لیستی نیمچە داخراو) چییە، ئەم پرسیارکردنانە دوای ئەوە دێت کە  حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان (پارتی و یەکێتی) لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان و بۆ مانەوەیان لەناو سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی رێژەییدا لە پێشنیازە یاساکەیاندا بۆ هەمواری هەشتەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەم جۆرە لیستەیان داتاشی کە پێیدەگوترێت (لیستی نیمچە داخراو).

لەم نوسینەمدا بەم چەند دەرەنجامە گەیشتووم کە:

1- لیستی نیمچە داخراو داتاشینێکی شێوێنەری جۆری لیستەکانی سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی رێژەییە، یان لە باشترین حاڵەتدا پاشەکشەیە لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسی.

2- خۆسەرقاڵکردن بە جۆری لیستەکانی سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی رێژەییەوە خولانەوەیە لە بازنەیەکی داخراودا و لەرووی گەشەی دیموکراسییەوە بێ پیت و بێ بەرهەمە.

3- سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی لە بنەڕەتدا ناتوانێت گۆڕانکاری چلۆنایەتی لە ژینگەی ناوەوەی حزبی کوردیدا بخوڵقێنێت و بە ئەزموون دەرکەوت دواجار هەر ئەو کوالێتییە نزمە لە ئەندام پەرلەمان بەرهەمدەهێنێتەوە
کە حزبەکان پێشکەشی پەرلەمانی دەکەن.


4- چاکسازی لە هەمواری یاسای هەڵبژاردن لەوێوە دەستپێدەکات کە بچینە دەرەوەی سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی و تەبەننای سیستمی زۆرینەی یەکدەنگی نەگوێزراوە (SNTV) یاخود سیستمی هاوتەریبی تێکەڵاو بکەین، کە پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن لە ماوەی رابوردودا بە لێکۆڵینەوە پێشنیاری کردوون.


5- ئەو هێزە سیاسییەی ئاستی داواکارییەکانی لە چوارچێوەی سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی رێژەییدا بهێڵێتەوە، مانای وایە ئەو هێزە وزە و بڕستی گۆڕانکاری ئەرێنی و پۆزەتیڤی تێدا نەماوە، ئەگەرچی ژمارەی دەنگ و کورسییەکانی زۆریش بێت. 

دەقی بابەتەکە لەم لینکەدا بخوێنەرەوە:

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن