چەند سەرنجێکم لەسەر کورسی پێکهاتە نەتەوەییەکان (کەمایەتییەکان)
7/4/2022 4:09:00 PM
ئارام جەمال
@ ئەو یانزە کورسییەی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی
کوردستاندا بۆ پێکهاتە نەتەوەییەکان تەرخانکراوە، بۆ یەکەمجارە بۆتە کێشەی نێوان
پارتی و یەکێتی، بەڵام نابێت ئەو کێشەیە بەوە چارەسەربکرێت کە یانزە کورسییەکە لە
دەست یەکەمیان بسەنرێتەوە و بەشی دووەمی لێبدرێت، بەڵکو چارەسەری دروست ئەوەیە و بۆ
ئەوەیە کە ئەو پێکهاتانە نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت، چونکە رەگی کێشەکە ئەوەیە
هەتا ئێستا ئەو پێکهاتانە بەناوی نوێنەرایەتیەوە قەیرانی نوێنەرایەتیان هەیە..
@ ئەگەر هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (یەکێتی و
پارتی) ئەوەندە بە تەنگ مافی پێکهاتەکانەوەن بۆچی کاندیدی کلدۆ سریانی و ئاشوری و
تورکمان و کاکەیی و ئێزیدی ناخەنە نێو لیستەكانیانەوە؟!..
@ هیچ دەق و دۆکیۆمێنتێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی
نییە کە رێگەبگرێت لەوەی پێکهاتەکان تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بە خۆیان هەبێت بۆئەوەی
لە دەرەوەی ئەوان دەنگدەری تر (دەنگدەری تایبەتی کورد) دەنگیان بۆ نەدات و دەرفەتی
بردنەوە لە کەسانی سەربەخۆی پێکهاتەکان لە دەرەوەی پارتی بسەنرێتەوە .
@ ستافی ئۆفیسی یۆنامی لە هەولێر ئەوە رەتدەکەنەوە کە ئەو پێکهاتانە تۆماری دەنگدەرانی
تایبەت بە خۆیان هەبێت، بە بێئەوەی ئەو ستافە ئەوەمان پێبڵێن کە ئەم حوکمەیان لە
کوێوە هێناوە و پشت بە چ بەڵگە و دۆکیۆمێنتێکی نێودەوڵەتی دەبەستن. خۆ ئەگەر پاساوەکەیان
دروستکردنی جیاکارییە ئەی خۆ دانانی کۆتا لە بنەرەتدا جیاکاری نیە بە دیوە پۆزەتیڤەکەیدا..؟
@ بە بیری یۆنامی دەهێنمەوە کە ئەو رێکارە لە
ماددە سی و شەشی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا هەبوو، بەڵام ساڵی (2009) یەکێتی
لەبەر موراعاتکردنی پارتی و لە ترسی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەمواری چوارەمی
یاساکەدا بڕگەی چوارەمی لابرد کە لە دەڵێت ( دەنگدەرانی پێکهاتەکان پاڵێوراوی پێکهاتەکە
هەڵدەبژێرن)..
@ هەتا ئێستا سوودمەندی سەرەکی لەو یانزە کورسیەی
پێکهاتەکان پارتی بووە، هەربۆیە پارتی لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردندا بەو مەرجە
مل بە خواستی چوار بازنەیی و تۆماری بایۆمەتری دەدات کە رێکاری دەنگدان بۆ پێکهاتە
نەتەوەییەکان وەکخۆی بمێنێتەوە، کە دیارە بە پلەی سەرەکی هەر ئەمەشە هۆکاری
دواخستنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ ساڵی داهاتوو..
تێبینی: ساڵی 2017 پەیپەرێکم
لەسەر شێوازەکانی کۆتای پێکهاتەکان ئامادەکردووە
و تێیدا باسی ئەو چارەسەرییەم کردووە کە ئێستاش جەختی لەسەر دەکەمەوە..