هەندێ ڕاستیی مێژوویی و جوگرافی
4/5/2019 10:57:00 PM
د.جەبار قادر
تا ساڵی ١٩٢٣ نە وڵاتێك، نە شارێك، نە ئاواییەك، نە دەوڵەتێك لە سەر نەخشەی جیهان و ڕۆژهەڵات هەبوو بە ناوی توركیا، بەڵكو ئەم جوگرافیایە بەشێك بوو لە دەوڵەتی عەلییەی عوسمانی.
تا ساڵی ١٩٢١یش وڵاتێك یا دەوڵەتێك بە ناوی عێراق نەبوو، كاتێ باسی عێراقیش دەكرا، مەبەست لە بەسرەوە بەرەو ژوور تا سامەڕاو تكریت و هیت بوو، كە هەردوو ویلایەتی بەسرە و بەغدا دەیانگرتنە خۆ و ئەمانیش بەشێك بوون لە دەوڵەتی عوسمانی.
تا ساڵی ١٩٢٥یش وڵاتێك بە ناوی سوریا نەبوو، بەڵكو باس لە ویلایەتەكانی حەڵەب و شام و زوور...هتد دەكران، كە ئەوانیش هەر بەشێك بوون لە هەمان دەوڵەتی عوسمانی .
ئەمە لە كاتێكدا تا ئەو ساڵانە وڵاتێك هەبوو لە سەر نەخشەی عوسمانی و جیهان بە ناوی كوردستان، كە لە دوای شەڕی یەكەمی جیهانیەوە كرابە سێ بەشەوە. توركیا ناوی "بەشەكەی" خۆی ناوە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، كە لە ڕاستیدا ئەناتۆلیایە "واتا ڕۆژهەڵات" نەك ئەنادۆڵو.
ئەناتۆلیاش بە پێی هەموو سەرچاوە جوگرافی و مێژووییەكان تەنها ڕۆژئاوای ئاسیای بچووكی دەگرتەوە نەك كوردستان و ئەرمینیا و لازستان. عێراقیش بۆ دەمێكی درێژ ناوی "بەشەكەی" خۆی نابوو باكوری عێراق"شمال العراق"، زۆر جار حەبیبێكیشی پێوە دەكرد. سوریا هەر بە پێویستی نەزانی ئەو ناوانەشی لێ بنێ، بەڵكو بە یەكجاری سڕییەوە و هەبوونی بەشێك لە كوردستان و كوردی لە نێو سنوورەكانی خۆیدا ڕەت كردەوە. باسی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ناكەم، چونكە ئەو هەر لە ژێر دەستی ئێران بوو و بەشێك نەبوو لە كوردستانی عوسمانی.
ئێستا كە ئەم ڕاستییە مێژووییانە وەك زانیاری ئاسایی وەبیر دەهێنیتەوە و باسی مافی ڕەوای گەلی كوردستان دەكەیت بۆ بڕیاردان لە سەر چارەنووسی خۆی، كەسانی نغرۆ لە نەخوێنەریدا و هەرزەكاری سیاسی وات لێ پەیدا دەبن، كە گوایە لەو سەری مۆدێڕنیزم ووا قیعییەتەوە دێنەوە و دەزانن چۆن سیاسەت بكەن، دەتكەن بە هەواداری كوردایەتی دواكەوتوو و ڕیفراندومچی و...هتد. دە وەرە ئەم كەرە لەم قوڕە دەركە!.