پەڕلەمەنتارانی ئەوسا و ئێستای کورد لە بەغدا
5/14/2021 6:46:00 PM
د.جەبار قادر
(ئەوەی حیسابی پاکە لە موحاسەبە بێ باکە – محەمەد ئەمین زەکی)
مێژوونووسی گەورەی کورد محەمەد ئەمین زەکی بەگ لە ساڵانی ١٩٢٥ - ١٩٢٧بە نوێنەرایەتی لیوای سلێمانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیڕاق بوو. لە دەسپێکی ساڵی ١٩٢٨دا کۆتایی هێنرا بەو خولەی ئەنجومەن و بەمەش ئەندامەتی ئەمین زەکی بەگ کۆتایی هات. بەو بۆنەیەوە ڕاپۆرتێکی (٣١) لاپەڕەیی لە شێوەی نامیلکەیەکدا سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی لە ماوەی دوو سال و نیوی ئەندامەتی ئەنجومەندا ئامادەکرد و بۆ دەنگدەرانی لە ژێر ناونیشانی (محاسبەی نیابەت - بۆ موکلە محترمەکانم) لە چاپخانەی دارولسەلام لە بەغدا بڵاوکردەوە. لە سەر بەرگی نامیلکەکەی نووسیبووی(ئەوی حیسابی پاکە لە محاسبە بێ باکە). ئەم کارەی ئەمین زەکی بەگ لەو سەردەمە زووەی ژیانی پەڕلەمانیدا لە عێراق کارێکی دەگمەنە و زۆر کەم دووبارە کراوەتەوە. دوای نزیکەی یەک سەدە لەو ڕۆژانەی ئەمین زەکی بەگ، پەڕلەمانتارانی ئەم سەردەمە کەمتر بیریان بۆ لای ئەم جۆرە کارانە دەچێ.
لە پێشەکی نامیلکەکەیدا محمد ئەمین زەکی نووسیوێتی(بە بۆنەی هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و تەواوبوونی ئەرکی نوێنەراتیمان، وام بە باش زانی بە ناوی خۆم و هاوڕێکانمەوە حیساب و کیتابێکی خۆمانە لە گەڵ دەنگدەرە بەڕێزکانمدا بکەم؛ لە ئیش و کاری ئەم دوو ساڵ نیوە، کە ئێمە نوێنەریان بووین بە پلەیەک ئاگادارییان بکەم. لە لام وایە ئەم شێوازە زۆر باش و پێویستە هەمیشە جێبەجێ بکرێ و بە دواداچوونی بۆ بکرێ؛ چونکە بە سایی ئەمەوە دەنگدەران دەزانن نوێنەرەکانیان ئەرکی نوێنەرایەتی خۆیان بە پێی توانا بەجێ هێناوە یان نا) (ل. ٢ – وتەکانی ئەمین زەکی بەگم وەک خۆیان لێرەدا بەڵام بە کوردی ئەمڕۆ نووسیوەتەوە).
بەلای ئەوەوە ئەرکی ئەندامی پاڕلەمان دوو جۆرە: گشتی و تایبەتی. ئەرکە گشتییەکەی ئەوەیە کە (لە گەڵ هاوڕێکانی لە ئەنجومەن هەوڵ بدات ئەو پرۆژە قانوونییانە، کە بۆ سوودی گشتیی نیشتمان هێنراونەتە ئەنجومەن، دەربکرێن و پشتیوانی لە هەر شتێک بکات کە بە بۆچوون و باوەڕی ئەو بۆ نیشتمان و هاووڵاتییان بەسوودە، ئەگەر هەندێ بیر و بۆچوونی چاکی هەبێ، لە دەسپێکدا لە گەڵ هەندێ لە هاوڕێکانیدا تاوتوێیان بکات و ئەگەر بە گونجاو زانرا بە شێوەیەک پێشکەش بە ئەنجومەنیان بکات و بۆ پێکهێنانی هەوڵ بدات و خەمساردی نەکات. هەر ئیشێکیش لە لایەن حکومەتەوە بۆ ئەنجومەن نێردرا و باوەڕی بە سوودی هەبوو پشتیوان و لایەنگری بێ، ئەگەر هەندێ بیر و بۆچوونی گونجاوتری هەبوو ڕایبگەیەنێ و ڕێنمایی حکومەت و ئەنجومەن بکات). بەردەوام دەبێ و دەڵێ(نابێ هیچ کاتێ مەبەستی کەسیی پاڵنەری بێ و بە قسەی ئەم و ئەو خۆی بهاوێتە ناوەوەو هەرا و زەنای بێسوود و بێ واتا نەکا؛ چونکە ئەگەر ئەوە بکات لە خزمەتکردندا سەرکەوتوو نابێ و جگە لەمەش لە لایەکەوە خۆی پیاو خراپ دەکا و، لە لایەکی تریشەوە ئابڕووی دەنگدەران و وڵاتەکەیشی دەبا. دەبێ هەمیشە بارودۆخ لەبەرچاو بگرێ و خۆی لە ملهوڕی و ڕادەستکردن بپارێزێ. دووربین و لەسەرخۆ بێ؛ پێداگر بێ لە سەر بیر و باوەڕی خۆی، ڕاڕا نەبێ و پێش ئەوەی داوای هەر شتێک بکات، بیر لە کردەیی و ئەگەری جێبەجێ کردنی بکاتەوە)(ل.٣).
لە کۆتایی ئەم پێشەکییەدا دەڵێ (لە ماوەی ئەم دوو ساڵە نیوە بە هێمنییەکی تەواو و بە ویژدانێکی ئاسوودە و بە باوەڕێکی جێگیر و بتەوەوە، هەرچی بۆ سوود و خزمەتی ئەم نیشتمانە هێنرابێتە پێشمان یاریتمان داوە و بە پێی توانا و هێزی خۆمان چ لە ئەنجومەن و چ لە دەرەوەی ئەنجومەن، ئەوەی بۆ ئەم نیشتمانە بەسوودمان زانیبێ هەوڵمان بۆ داوە و پشتیوانیمان لە هەق و سوودی گشتی کردووە و لە توندڕەوی و دەستبەرداری خۆمان پاراست و قەت بەبێ بۆنە و هۆ دەنگمان لێوە نەهاتووە و خۆمان و ئێوەمان پیاو خراپ نەکردووە؛ دڵنیا بن هەرچیمان کردووە بە نیەتی باش و بیری چاکەوە کردوومانە و هیچ شتێکمان بە خاترانە نە قەبووڵ کردووە و نە ڕەتکردووەتەوە ... بە هۆی ئەم هەڵس و کەوتە باشەوە بوو کە ئێمە توانیمان لە هەموو کەسێ زیاتر خزمەتی وڵات و بازنەی هەڵبژاردنی خۆمان بکەین)(ل. ٤ – ٥).
لاپەڕەکانی تری نامیلکەکەی بۆ ئەو کارانە تەرخان کردووە کە لە ماوەی ئەو دوو ساڵ و نیوەدا لە لێوای سلێمانی لە بوارەکانی کارگێڕی، تەندروستی، خوێندن، ئاوەدانکردنەوە، ڕێگەوبان، پۆست ..تاد جێبەجێ کران و زۆریان بە هەوڵی ئەو و هاوڕێکانی بووە. زۆر بە وردی باسی لە کێشەی خوێندن کردووە، لە کەمی قوتابخانە، مامۆستا و کتێبی خوێندن و هەوڵەکانی لەم بوارەدا.
گەل و نیشتمان کەسانی وەک محەمەد ئەمین زەکی قەت لە یاد ناکەن، لە کاتێکدا دەیان نوێنەری تر هەبوونە و هەن کەس نە ناویانی بیستووە و نە هەڵوێستێکی لێیان بینوە.
سەرچاوە:
محمد أمین زکي، محاسبەی نیابەت (بۆ موکلە محترمەکانم)، مطبعة دار السلام بغداد، ١٩٢٨