سەرەتاکانی خوێندنی کوردی لە عێراق و کێشەکانی نێوان تۆفیق وەهبی و ساتیع ئەلحوسەری
4/17/2021 9:51:00 AM
د.جەبار قادر
ساتیع ئەلحوسەری (ساطع الحصري) و تۆفیق وەهبی لە
سەر خوێندن بە زمانی کوردی، وەرگێڕانی کتێبەکانی خوێندن و پیتە کوردییەکان کێشەی زۆریان
لە نێواندا بوو. حوسەری ئەزموونی زۆری لە بواری پەروەردە و فێرکردن هەبوو، بۆ ماوەیەکی
کەم لە حکومەتی فەیسەڵ لە سوریا بەرپرسی ئەم بوارە بووو، پێشتریش لە دەوڵەتی
عوسمانی ئەرکی بینیبوو. کاتێ لە میسریش بوو سەردانی چەندین قوتابخانەی سەرەتایی،
ئامادەیی و خانەی مامۆستایانی کردبوو و تێبینی خۆی پێشکەشی وەزیری فێرکردنی ئەو وڵاتە
کردبوو. فەیسەڵ بەر لەوەی ببێ بە شای عێراق گفتی لێ وەرگرتبوو لەم بوارەدا هاوکاری
بێ. هەرچەندە ڕابەرێکی دیاری ناسیۆنالیزمی عەرەب بوو و ڕۆڵێکی گەورەی بینیوە لە پێگەیاندنی
ڕابەرانی ئەو ڕەوتەدا لە عێراق، بەڵام لە
دیدی زانستی پەروەردە و فێرکردنەوە بۆچوونەکانی دەخستە ڕوو و لەم کارەیدا سەرکەوتوو
بوو.
حوسەری نزیکەی بیست لاپەڕەی(٤٥٧ – ٤٧٢) لە بەشی
یەکەمی بیرەوەرییەکانی (بیرەوەرییەکانم لە عێراق – ذکریاتي في العراق ١٩٢١ - ١٩٤١)
بۆ باس و خواسی ئەو کێشانە تەرخان کردووە کە لە گەڵ تۆفیق وەهبیدا هەیبوو لە بارەی پرسی خوێندنی کوردیەوە. دەڵێ
گوایە تۆفیق وەهبی دەیویست دە پیت لە ئەلفوبێی عەربی زیاد بکات و ئەمە بەلای حوسەرییەوە
کارێکی زیانبەخش بوو بە کورد و منداڵانی کورد. ئەو پێیوابوو ئەو پیتانەی بۆ فارسی
و تورکی زیاد کراون بۆ زمانی کوردیش دەشێن و مەرج نیە بۆ هەموو دەنگێک پیتێک زیاد
بکرێ. لە وەرگێڕانی کتێبەکانی خوێندنیشدا حوسەری لە گەڵ ئەوەدا بوو لە دەسپێکدا کتێبەکانی
خوێندنی سەرەتایی وەربگێڕن و دواتر بیر لە ناوەندی و ئامادەیی بکەنەوە. دەڵێ گوایە
تەوفیق وەهبی لە وەڵامدا پێی وتووە: تۆ لە مەسەلەکە تێناگەی، ئینگلیز پرۆژەیان بۆ
هەموو کورد هەیە و مەسەلەکە لە کتێب وەرگێڕان گەورەترە!. حوسەریش پێیانی وتووە:
حکومەتی عێراق ئێوەی بۆ ئەم کارە ڕاسپاردووە، بۆیە سنووری کارەکانتان عێراق و کوردەکانی
عێراقە و حەقتان بەسەر پلانی ئینگلیزەوە نەبێ.
لە سەر پیتەکانیش چەندین کۆبوونەوەیان کردووە و
نەگەیشتوونەتە ئەنجام. حوسەری لە دژی ئەوە بووە تەنها تۆفیق وەهبی و ئەو سێ کەسەی
لە گەڵیدا بوون بۆ وەرگێڕانی کتێبەکانی خوێندن لە عەرەبییەوە بۆ کوردی، واتا ئەوڕەحمان
ساڵح، شوکری فەزڵی و نوری بەرزنجی، بڕیار لەم بارەیەوە بدەن. ئەو داوای دەکرد کۆبوونەوەی
فراوان بۆ ڕووناکبیرانی کورد ڕێکبخرێ و لەوێ بڕیار لە پیتەکان بدەن. تۆفیق وەهبی و
هاوڕێکانی زوو زوو هانایان بۆ محەمەد ئەمین زەکی دەبرد و ئەویش لە لای سەرۆک وەزیران
موحسین ئەلسەعدون گازندەی لە حوسەری دەکرد. حوسەری محمەمەد ئەمین زەکی وەک وەزێرێکی
کوردی چالاک لە ئەنجومەنی وەزیران کە بۆ کورد کار دەکات لە قەڵەم داوە و دەڵێ داوای
ئەوەی دەکرد کە دەبێ خوێندنی کوردی بۆ هەموو ئاستەکانی خوێندن بێ، بە خوێندنی باڵاشەوە
و داوای دەکرد لە کۆلێژی ماف بەشێک بە کوردی بکرێتەوە.
هەرچەندە حوسەری بۆچوونەکانی لە سەر بنەمای
زانستی پەروەردە و فێرکردن بنیاد دەنا، بەڵام کوردەکان بە نەیاری کوردیان دەزانی.
کاتێ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق گفتوگۆی مووچەکەیان دەکرد،مەعرووف جیاووک
وتی: وا دەزانم هەموو کورد لە گەڵمدایە کە ئەم پیاوە زیانی زۆری بە کورد گەیاندووە.
تۆفیق وەهبی و هاوڕێکانی دژی کۆبوونەوەی فراوانی
ڕووناکبیرانی کورد بوون، ئەوان دەیانزانی کورد یەکدەنگ نابێ و هەریەکە بەلایکدا ڕایدەکێشی،
بۆیە تۆفیق وەهبی بە حوسەری دەڵێ(ئێمە یەکدی باش دەناسین، لە کۆبوونەوەدا ناتوانین
بە هێمنی گفتوگۆ بکەین، لە گەڵ یەکدا بە دەمانچە قسە دەکەین). لە کۆتاییدا بڕیار دەدرێ بۆچوونەکانی تۆفیق وەهبی بە نامەیەکی
فەرمی بنێرن بۆ ژمارەیەکی زۆر لە ڕووناکبیرانی ئەو سەردەمەی کوردستان. نامەکە لە گەڵ
ڕاپۆرتەکەدا بۆ ٥٣٠ کەس نێردرا لە شارە جیاوازەکانی کوردستان. حوسەری لە کۆتایی
نامە فەرمییەکەی وەزارەتدا نووسیبووی (تکایە لە بیر و بۆچوونی خۆتان لە بارەی ڕاپۆرتەکەوە
ئاگادامان بکەن، تکامان وایە ئەوەش لەبەرچاو بگرن کە خوێندنەوەی کوردی و خوێندنی
قورئانی پیرۆز لە گەڵ یەکدا بگونجێن. ئەم باسکردنەی قورئان بەبێ ئەوەی هیچ پەیوەندییەکی
بە بابەتەکەوە هەبێ تۆفیق وەهبی زۆر تووڕە کرد و پێی دەڵێ ئەم باسی قورئانەت بۆ تێکەڵ
بە باسەکە کردووە؟. حوسەری دەیزانی تۆفیق وەهبی خۆی دەگەیەنێتەوە محەمەد ئەمین زەکی
و ئەویش کێشەکە جارێکی تر دەباتەوە لای سەرۆک وەزیران موحسین ئەلسەعدوون، بۆیە دەکەوێتە
خۆی و بە کارمەندەکانی دەڵی کە واز لە کارەکانی خۆتان بێنن و خەریکی ناردنی نامەکان
بن. بەپەلە نامەکان دەخرێنە پۆستەوە و دەرفەتی گوڕینی نووسراوەکان نامێنێ.
پلان و ستراتیژی پەروەردە و فێرکردن کە ساتیع ئەلحوسەری
ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە بناغەدانانی لە عێراق، چەندین نەوەی پێگەیاند کە لە باس و خواسی نەتەوەی عەرەب و سەروەرییەکانی زیاتر
شتێکی تر فێر نەکران. بەدەگمەن لە پرۆگرامەکانی خوێندندا زانیارییەکی دروست لە بارەی
کورد و کوردستانەوە دەبینرا و دەبینرێ. پێموایە بواری پەروەردە و فێرکردن ڕۆڵی گەورەی
بینی لە تێنەگەیشتنی عەرەب بە گشتی و عەرەبی عێراق بە تایبەتی لە خەون، ماف و
داخوازییە ڕەواکانی کورد و ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکان لە نێوان کورد و عەرەب و بگرە
هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا.
سەرچاوە:
أبو خلدون ساطع الحصري، مذکراتي في العراق ١٩٢١
– ١٩٤١، ج١، بیروت، دار الطلیعة، ١٩٦٧ ص. ٤٥٧ – ٤٧٢؛ أبو خلدون ساطع الحصري،
مذکراتي في العراق ١٩٢٧ – ١٩٤١، ج٢، بیروت، دار الطلیعة، ١٩٦٨، ص. ١٦-١٧.