ئەو ئەفسەرە کوردەی ملی شێخ سەعیدی پیرانی کرد بەپەتی قەنارەدا
9/1/2020 5:14:00 PM
د.جەبار قادر
دیاردەی خیانەتکاری، خۆفرۆشی و خزمەتکردن بە هێز و دەوڵەتانی داگیرکەر پانتاییەکی فراوانی لە مێژووی دوور و نزیکی کوردا داگیر کردووە. ئەم دیاردەیە تا ئیستا بە شیوەیەکی زانستییانە و بابەتییانە و دوور لە ململانێی سیاسی لێی نەکۆڵراوەتەوە. ئەمە بەشێکە لە دیاردەی گوێنەدان و لێنەپرسێنەوە لە کۆمەڵگا و بزووتنەوەی کوردیدا. ژمارەیەکی زۆر لەم خیانەتکارانە هەموو سنووەرکیان پەڕاندووە و بوونەتە نەیارێکی سەرسەختی گەل و نیشتمانەکەیان، کە نەموونەیان لە مێژووی گەلاندا دەگمەنن.
یەکێ لەوانەی ئەم جۆرە خیانەتکارانە بەرجەستە دەکات عەلی سائیبە، ئەم ئەفسەرە کوردە کرا بە ئەندامی دادگای نائاسایی دیاربەکر، کە ناوی "دادگای سەربەخۆیی دیاربەکر – دیاربکر إستقلال محکمەسی" لێ نرابوو. ئەم دادگایە بۆ دادگایی کردنی شێخ سەعید پیران و هاوڕێیانی دروست کرا. ئەمانە هەر بە ناو دادگا بوون، ئەندامانی ئەفسەرانی خوێنڕێژی سەر بە مستەفا کەمال و بزووتنەوەکەی بوون. ئەوەی گوێیان پێنەدەدا قانوون و بنەما قانوونییەکانی دادگایی کردن بوو. سزاکانیان تا بڵێی قورس و ناهەقبوون.
لە پەیوەدنی لە گەڵ لە سێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێیانی گەلێ جار ناوی ئەم عەلی سائیبە هاتووە، بەڵام کەمترین زانیاری لە بارەیەوە دەزانین. عەلی سائیب کوڕی ئەمین بەگی ڕەواندز بووە. لە سەرچاوەکان دەوترێ لە ساڵی ١٨٨٧ لە کەرکوک هاتۆتە دونیاوە. نازانرێ ئایە هەر بەڕاستی لەو شارەدا لە دایکبووە، یاخود لە بەر ئەوەی ئەو دەمە ڕەواندز قەزایەکی سەر بە لیوای کەرکوک بووە، بۆیە شوێنی لە دایکبوونی بووە بە کەرکوک. ڕۆژی لە دایکبوونی دیار نیە.
بۆچوونێک لە ئارادایە، بەڵام هێشتا بە بەڵگەی مێژوویی ڕاست نەکراوەتەوە، گوایە ئەم عەلی سائیبە لە بنەماڵەی میرانی سۆرانە. لە دوای تێکچوونی میرنشینەکە ئەندامانی بنەمەڵەکە ڕوویان لە کەرکوک و بەغدا و شوێنەکانی تری دەولەتی عوسمانی کردووە. میرلیوا ئەمین پاشای ڕەواندز (١٨٦٥ – ١٩٤٣) شمان هەیە، کە لە سییەکانی سەدەی ڕابردوو لە هەندێ وتاردا لە ڕۆژنامەی "العراق" ناهەقی بە دۆزی کورد و زمان و کولتوری کوردیی کردووە و مەعروف جیاووک لە کتێبی"القضیة الکردیة"دا وەڵامی داوەتەوە و ڕەخنەی توندی لێ گرتووە. ئەو ئەمین پاشایە بە ناوی "شیخ زادە الرواندوز" ئەو وتارانەی نووسیوە. کاتێ عەلی سائیب هاتۆتە دونیاوە، ئەم ئەمین پاشایە تەمەنی ٢٢ ساڵ بووە، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە کوڕێکی وای هەبووبێ، بەڵام ئەمە هەر گریمانەیە و دەبێ لێکۆڵینەوەی زیاتری لە سەر بکرێ.
دیارە عەلی سائیب کوڕی بنەماڵەیەکی کوردی ئاسایی نەبووە، بۆیە لە قوتابخانەی ڕوشدیە دەردەچێ و دەچێتە کۆلیژی جەنگی " حربیە مکتبی" ی عوسمانی لە ئەستەموڵ و ساڵی ١٩٠٨ ئەو کۆلێژە تەواو دەکا و دەبێ بە ئەفسەر لە سوپای عوسمانیدا. لە ڕیزەکانی سوپا لە شام و لە گەڵ هێزی سوارەدا لە قارس و زۆر شوێنی تر وەک ئەفسەرێک ئەرک دەبینێ. کاتێ ئاگربەستی مودرۆس ڕادەگەیەنرێ عەلی سائیب لە باکوری کوردستان دەبێ. لە گەڵ دەسپێکردنی جموجوڵی مستەفا کەمال و هاوڕێکانیدا، عەلی سائیبیش یەکسەر لایەنگریی خۆی بۆ بزووتنەوەکە دەردەخات و وەک کەسێکی چالاک لە ناوچەکانی کۆزان (ئەدەنە) و ئورفە لە ژێر ناوی نهێنی"نامیق" دەست بە چالاکی دەکا. "کۆمەڵەی بەرگری لە مافەکانی کۆزان و ئورفە" دادەمەزرێنێ و ڕۆڵێکی گەورە دەبینێ لە کۆکردنەوە و ڕێکخستنی هۆزە کوردییەکانی ئەو ناوچانە لە دژی هێزە داگیرکەرەکانی فرەنسا. هەر خۆی دەبێتە فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئەو ناوانە کە بە هێزە نیشتمانییەکان "قوای مللییە" نێو دەبران. شەڕکەرێکی چاونەترس و ئازا بوو، گەمارۆی هێزەکانی فرەنسای لە ئورفە داو و ٢٤ کاتژمێری دانێ بۆ ئەوەی ناوچەکە چۆڵ بکەن. کاتێکیش رازی نەبوون، بۆ ماوەی ٦١ ڕۆژ گەمارۆی دان و لە کۆتاییدا ناچاری کردن بە مەرجەکانی قایل بن و بکشێنەوە. لە گەڵ ئەوەی پەیمانی پاراستنی ئاسایشیانی دابوو، بەڵام هۆزەکان لە کاتێ کشانەوەیاندا هێڕشیان کردنە سەر و زیانی زۆریان لێیاندا. ئەمە یەکێ لە سەرکەوتنە گەورەکانی بزووتنەوەی کەمالی بوو و فرەنسییەکان یەکەمین لکایەن بوون دەستیان بە گفتوگۆ کرد لە گەڵیاندا و تەنانەت ئامادەییان دەربڕی بە بەندەکانی سێڤردا بچنەوە، کە تەنها چەند مانگێک بوو مۆر کرابوو. عەلی سائیب بوو بە قارەمانی بەرەی جەنگی ئورفە. لە دوای دەرچوونی قانوونی ناوی خێزان لە ساڵی ١٩٣٤ مستەفا کەمال بە خۆی ناوی "ئورسەڤاش – Ursavaş" ،کە کورتکراوەی ئورفە و سەڤاشچیسیە واتا "شەڕڤانی ئورفە"ی، بۆی هەڵبژارد و تا کۆتایی ژیانی ئەو ناوەی هەڵگرت.
عەلی سائیب زۆر بە گەرمی پشتگیری لە هەموو بڕیارەکانی مستەفا کەمال دەکرد، بۆیە ئەویش لە هەر کوێ دادگای نائاسایی دادەمەزراند، ئەمی دەکرد بە ئەندامی دەستەی دادوەران یا سەرۆکی دادگاکە. هەر لە ساڵی ١٩٢٠دا کردی بە ئەندامی دادگای قۆنیە. هەندێ لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە عەلی سائیب لە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی مەزنی نیشتمانی تورکیادا (پەڕلەمان) لە ٢٣ نیسانی ١٩٢٠ لە ئەنقەرە ئامادە بووە، دواتر بۆ شەش خولی لە دوای یەک بوو بە ئەندامی ئەو ئەنجومەنە. یەکێ لە دامەزرێنەرانی "جمهوریت خەلق فرقەسی"یش بوو، کە دواتر ناوەکەی بوو بە "جمهوریت خلق پارتسی CHP – واتا پارتی گەلی کۆماری". لە پرسی هەڵوەشاندنەوەی خیلافەتدا، کە لە ساڵی ١٩٢٤ بگرە و بەردەی زۆری لە سەر کرا، عەلی سائیب یەکێ لە لایەنگرانی سەرسەختی مستەفا کەمال بوو. عەلی سائیبیش وەک زۆر لە هاوڕێیانی شەڕی ئازادی، لە دوای شەڕ ڕووی لە سیاسەت کرد و جێگەی خۆی لە پەڕلەمان مسۆگەر کرد و تا کۆتایی ژیانی لە ٢٥ ئەیلولی ١٩٣٩ بە ئەندامی مایەوە.
بۆ دادگایی کردنی شێخ سەعید و هاوڕێیانی لە ٦ نیسانی ١٩٢٥ دادگای سەربەخۆیی دیاربەکر دروستکرا و لە ٢٥ ئایار دەستکرا بە دادگایی کردنیان. دادگای سەربەخۆیی دیاربەکر لە ٢٨ حوزەیرانی هەمان ساڵدا بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ شێخ سەعید و ٤٦ لە هاوڕێیانی دەرکرد و بۆ ڕۆژی دواتر هەموو لە سێدارەدران.
سەبارەت بە ڕۆڵی عەلی سائیب لە دادگاییکردن و لە سێدارەدانی شێخ سەعید و هاوڕێکانیدا چیرۆکی زۆر لە ئارادان. هەندێ دەڵێن کە بە شێخی وتووە "تۆ دان بە ڕاستییەکاندا بنێ و من لە پەتی قەنارە ڕزگارت دەکەم و دواتر لە چیاکانی کوردستان پێکەوە بەرخێک سەردەبڕین و گۆشتەکەی دەخۆێن" هەندێکی تر دەڵێن کە پێی وتووە" تۆ بڵێ ئێمە بۆ بەرگریمان لە ئیسلام و خیلافەت کردووە و هیچ پەیوەندییمان بە کوردایەتییەوە نیە". ئەوەی یەکلایی بووەتەوە ئەوەیە کە عەلی سائیب چووەتە لای شێخ سەعید لە ژووری زیندان و داوای لێ کردووە دان بە هەموو نهێنی/ڕاستییەکاندا بنێ و ئەو کاتە ئەوان ئەگەر سزای لە سێدارەدانیشی بۆ دەرکەن دواتر دەیگۆڕن بۆ دوورخستنەوە بۆ ئەدڕنە. لە دوای یەک دوو ساڵ لێی خۆش دەبن و دەیگێڕنەوە بۆ کوردستان و پێکەوە بەرخ سەردەبڕن و ئاهەنگ دەگێڕن. کە شێخ سەعید دەبەن بۆ لە سێدارەدان لێی دەپرسێ"سائیب بەگ کوا پەیمانەکانەت کە دەتووت ئەگەر راستییەکان بدرکێنم لە پەتی سێدارە ڕزگارم دەکەی؟". عەلی سائیبیش دەڵێ"تۆیە کە بوویتە بە هۆی ئەو هەموو خوێنڕژانەی تورک و کوێرکردنەوەی ئەو هەموو وجاغە، ئێستا دەبێ سزای خۆت وەربگری". ئەو کاتە شێخ سەعید لە وەڵامدا دەڵێ: ڕۆژی حەشر دادگایی من و تۆ دەبێ.
پێموایە ئەو بۆچوونە دروستە کە دەڵێ هانی شێخ سەعیدی داوە باس لە دۆزی کورد و کوردایەتی نەکات و هەر بڵێ کە بەرگریمان لە خیلافەت و ئیسلام کردووە و لەو پێناوەدا خەڵکم کۆکردووەتەوە ڕاپەڕیوین. ئەمە ستراتیژی کەمەلییەکان بوو، کە سوڵتان/ خەلیفەی عوسمانیان بە ئەڵقە لەگوێی دەوڵەتانی داگیرکەر بە خەڵک ناساند بوو و بۆ گەلانی ڕۆژهەڵات و دونیاش ئەو دامەزراوانە نموونەی دواکەوتوویی و فەرمانڕەوایی سەدەکانی نێوەڕاست بوون، ئەمەش وای دەکرد هەموو پێشکەوتووخوازانی ناوچەکە و دونیا هیچ هاوسۆزییەکیان بۆ سەرهەڵداوانی کورد نەبێ و بە هەوڵێکی کۆنەپرستانەی دژ بە پێشکەوتن دایان بنێن. کەمالییەکان لەم کارەیاندا سەرکەوتوو بوون و یەکێ لە ئامێرە هەرە بەهێزەکانیان لەمەدا ئەم عەلی سائیبە بوو.
لە گەڵ هەموو خزمەتەکانیدا بۆ تورک و کەمالیزم، وەک هەموو خۆفرۆش و خیانەتکارێک، عاقیبەتی خێر نەبوو. بە زۆر شت تۆمەتبار کرا و کێشەی زۆری بۆ دروست کرا. ساڵی ١٩٢٤ لە ڕێڕەوەکانی پەڕڵەمان لە گەڵ پەیامنێری ئەنقەرەی ڕۆژنامەی"وقت" حوسێن نەجاتی(١٨٩٨ – ١٩٧٣) بوو بە دەمەقاڵێیان و لە کابرایدا، چونکە هەواڵی ئەوەی بڵاوکردبووە کە گوایە عەلی سائیب لەو بارودۆخە سەختە ئابوورییەی تورکیا، کە نان نەبوو خەڵک بیخوات، داوای زیادکردنی موچەی ئەندامانی پەڕلەمانی کردووە. ئەم حوسێن نەجاتییە دواتر ناوی خێزانی "چیلەر" هەڵدەگرێ و باوکی تانسو چیلەرە. ئەم ڕووداوە زیانی زۆری بە ناو و ناوبانگی عەلی سائیب گەیاند و هەندێ توێژەری تورک بە "پیاوێکی چاوچنۆک، توورە و لە ئاست ئەو ناوبانگە گەورەیەدا نەبووە کە هەبووە و نەیزانیوە بەرپرسیارانە هەڵس و کەوت بکات". کوردانی باکور لە دژی ئەوەن کە قوتابخانە و شەقام بەناوێوە لە ئورفە هەبێ و بە کەسێکی فاشیست و دژ بە مرۆڤایەتی لە قەڵەمی دەدەن.
زۆر توێژەریش ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئاغا چاوچنۆک و پەڕلەمەنتارە گەندەڵ و ستەمکارەکەی ڕۆمانی"ئینجە مەمەد – حەمەدۆک"ی یەشار کەمال هەر ئەم عەلی سائیبەیە، کە بە ناهەق دەستی بە سەر زەوی و زاری وەرزێرانی هەژاری کۆزان و ئورفەدا گرتووە، بە تایبەتی هی چەرکەز و کرستیانەکان. لەوێدا پلە و پایەی سیاسی خۆی و پەیوەندییەکانی لە گەڵ دەسەلاتی ستەمکاردا بەکارهێناوە بۆ ئەوەی ستەم لە خەڵک بکات و دەست بگرێت بەسەر ماڵ و موڵكیاندا.
هەموو ئەمانە بەلایەک و تێوەگلاندنی لە هەوڵی کوشتنی مستەفا کەمالدا لە ساڵی ١٩٣٥ بەلایەک. سەرچاوە مێژووییەکان باس لە ١١ سیناریۆی هەوڵی کوشتنی مستەفا کەمال دەکەن. هەڵبەتە ئەستەمە لە ڕاستیی و دروستیی هەموو ئەم هەوڵانە بکۆڵینەوە، چونکە هەموو دیکتاتۆر و دەوروبەرەکانیان دەیان سیناریۆی دروستکراو دەهۆننەوە بۆ ئەوەی لە لای خەڵک بیانکەن بە ئەفسانە. ڕۆژنامەکانی تورکیا لە مانگی ئوکتۆبەری ١٩٣٥ بە مانشێتی گەورە باسیان لە پیلانێک بۆ کوشتنی مستەفا کەمال کرد، گوایە لە سوریا پلانەکەی داڕێژرا بوو. هەر بە پێی ئەو ڕۆژنامانە پارێزبەندی پەڕلەمانی لە سەر عەلی سائیب هەڵگیرا چونکە ناوی لە پیلانەکەدا هاتبوو. بە پیی هەواڵ و لێکدانەوەکانی ڕۆژنامەکان ئەدهەم چەرکەز، کە یەکێ لە فەرماندەکانی هێزە نیشتمانییەکان بوو و لە کەمالییەکاندا ئازایەتی زۆری نواند بوو. زۆر زوو لە گەڵ مستەفا کەمالدا نێوانیان تێکچوو و کەمالییەکان بە دوژمنی خۆیان ڕاگەیاند و کەوتنە گیان لایەنگرانی. ئەدهەم چەرکەز لە گەڵ عەلی سائیبدا لە بەرەی شەڕی ئورفەش شڕی فرەنسییەکانی کردبوو. نێوی خرایە لیستی ئەو ١٥٠ کەسەوە کە لە تورکیا دەرکران و پەنای بردە بەر سوریا و دواتر لە ئوردون گیرسایەوە و هەر لەوێ لە ساڵی ١٩٤٨کۆچی دوایی کرد. پیلانگێڕەکان لە حەڵەبەوە بە ڕێگای کلیسدا هاتبوونە نێو تورکیاوە و گوایە دەمانچە و بۆمبیان پێ بووە. هەر بە پێی سیناریۆەکان گوایە گەواڵگری تورکیا لە مانگی ئابەوە بە پیلانەکەی زانیوە و بۆیە پیلانگێران دەستگیر کراون. یەکێ لە دەستگیرکراوەکان ناوی یەحیا بووە و وتوویەتی گوایە ئەدهەم چەرکەز پێی وتوون: دڵ لە دڵ مەدەن عەلی سائیبمان لەوێ هەیە. لێژنەی لێکۆڵێنەوە لە گەڵ عەلی سائیبدا دروست کرا و لە بەردەم لێژنەکەدا بۆ دوو کاتژمێر بەرگری لە خۆیئ کرد و چەند جارێکیش دەستی بە گریان کرد. لە کۆتاییدا دەرکەوت کە هیچ پەیوەندی بە پیلانەکەوە نەبووە، بەڵام تازە باری لار بوو و ئەستێرەی کەوتبووە لێژی. دەڵێن مستەفا کەمال ناوی عەلی سائیبی لە دەفتەری یادداشتەکانی خۆی سڕییەوە و هەموو دواوکانی بۆ بینینی ڕەتکردەوە.
دوا ساڵەکانی ژیانی بە بێزراوی و نەخۆشی و هەژاری بەسەر برد و لە ٢٥ ئەیلوولی ١٩٣٩ لە ئەنقەرە کۆچی دوایی کرد و ئەو مێژووە خراپەی بۆ خۆی و نەوەکانی تۆمار کرد. ڕەنگبێ هەر بارە دەروونییە خراپە وای کردبێ لە تەمەنی (52) ساڵیدا بمرێ. تۆ بڵێی ویژدانی کوردەواری هەراسانی نەکردبێ؟.
تێبینی: بە داوای لێبوردنەوە:
1. هیچ سایت و بڵاوکراوەیەک بۆی نیە بە بێ ڕەزامەندی نووسەر بڵاوی بکاتەوە.
2. ئەمە پوختەی فەیسبووکیی لێکۆڵینەوەیەکە لە بارەی ئەم عەلی سائیبەوە.
3. هەموو کۆمێنتێکیش ئەم چەند دێڕە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی تۆمەتی خیانەت و خۆفرۆشی ئاراستەی ئەم و ئەو بکات، دەسڕدرێتەوە.
4.ئەمەش وێنەی ئەو زاتە ناپاکەیە، زۆر بە ئەرشەد ساڵحی دەکا.