ئایە پلانەکەی پوتین لە ئوکراینا شکستی هێناوە؟
3/5/2022 9:59:00 AM
د.جەبار قادر
لە سەرانسەری دونیا چاودێران و شارەزایان و ڕۆژنامەوانان لێکدانەوە بۆ
شەڕی ئوکراینا دەکەن. لێکدانەوەکان جۆراوجۆرن، چونکە هەر کەسەو بەپێی دید و بۆچوون،
پاشخانی ئاگاداری و سیاسی خۆی یا ئەو هێز و بەرژەوەندییانەی نوێنەرایەتیان دەکات
پرسەکان لێکدەداتەوە. بۆچوونێکی وا هاتووەتە ئاراوە پێی وایە کە ڕۆژئاواییەکانیش بەهەمان
شێوەی ئەمریکاییەکان کە شتێکی ئەوتۆیان لە بارەی دانیشتوانی عێراق و جیهانبینییان
و شیوازی بیرکردنەوەیانەوە نەدەزانی، ئەمانیش شتێکی کەم لە بارەی ڕووسیا و ڕووسەکانەوە
دەزانن. لە چەند وتارێکی کورتدا سەرنجی خوێنەر بۆ هەندێ خاڵ ڕادەکێشم:
دەوترێ کە پوتین بەتەمای شەڕێکی کورتخایەن بووە بەڵام وادیارە شەڕەکە
درێژە دەکێشێ!.
لە ساڵی ٢٠٠٣ تەنها
ئەمریکا و بریتانیا ٣٠٠ هەزار سەربازیان بۆ شەڕی عێراق بردبووە بەرەکانی شەڕ و ٣٤
دەوڵەت، ئەگەر بەناویش بێ، لە شەڕدا بەشدار بوون و نزیکەی یەک ملیۆن سەربازیان
ئامادە بوو. لەبەرامبەردا سوپای عێڕاق دەمێک بوو توانای بەرگری لەدەستدابوو و یەک
فڕۆکەی شەڕکەری نەیدەتوانی بەئاسماندا بفڕێ، سزاکان ئابوورییەکان عێراقیان وێران
کردبوو و خەڵکەکەی لە هەژاری و نەدارییەکی کەمەرشکێندا ژیانیان بەسەر دەبرد، بەلای
کەمەوە ٨٠ – ٩٠٪ دانیشتوانیش خواخوایان بوو ڕۆژێک زووتر ڕژێمی بەعسیان لە کۆڵ ببێتەوە،
چەندین گروپی چەکداری نەیاری ڕژێمیش ئامادە بوون شەڕ لە دژی بکەن. لەگەڵ هەموو ئەمانە و دەیان فاکتەری دیکەی گرنگدا، ئەوجا
هێزەکانی هاوپەیمانان سێ هەفتەیان لە بۆمبارانی بەردەوام و هێڕشی زەمینی پێویست
بوو بۆ ئەوەی بگەنە بەغدا و ڕژێم بڕووخێنن.
هیچ یەکێ لەو مەرج و فاکتەرانە لە شەڕی ئوکراینا لە ئارادا نین. نە ڕژێم
لەو وڵاتە دیکتاتۆرییە و نە خەڵکەکەی دەیانەوێ بەدەستی دەرەکی،بەتایبەتی ئەو دەستەش
ڕووسیا بێ، ڕژێمەکەیان بڕووخێنرێ. وڵاتێکی گەورەی ٦٠٠ هەزار کم٢ و چل و ئەوەندە ملیۆن
دانیشتوو و لە ناوجەرگەی ئەوروپادا و خاوەن سوپای بەهێز و ڕاهێنراو بە دەستی ناتۆ،
بە هەموو پێوەرێک نەدەبوو سوپای ڕووسیا وا بە ئاسانی لە ماوەی یەک دوو ڕۆژدا بگاتە
دەوروبەری پایتەختەکەی و ئەو وڵاتە لە دەوڵەتێکەوە لە سەر هەردوو دەریای ئازۆف و ڕەش
بکات بە وڵاتێکی داخراو بەسەر هەردوو دەریاکەدا و چەندین شاری گەورە داگیر بکات و
ژێرخانی هێزی ئاسمانی و سەربازی لەکار بخات. ئەو دوو کۆمارەش (دانیتسک و ڵوگانسک)
کە ڕاگەیاندراون و ڕووسیا دانی پێیاندا ناوە وا خەریکە هەموو ئەو سەرزەمینانە داگیردەکەن
کە بە سنووری خۆیانی دەزانن و زیاتر لە ٥٠ هەزار کم٢ یە. ئەگەر سەیرێکی نەخشەی
ئوکراینا بکەین دەبینین لە باکوور و ڕۆژئاوا و باشوورەوە ڕووسیا گەمارۆی داوە. دوای
٢٤ کاتژمێر لە هێڕشەکەی پوتین هەردوولا باسیان لە وتووێژ کرد و هیوایەکیان بەخەڵک
بەخشی، پێدەچێ بەهاندانی ڕۆژئاوا شکست بەو پرۆسەیە هێندرا، ئەگەر ئەو ڕۆژە وتووێژەکان
بکرابایەن نە سەدان کەس دەکوژران و نە ئەو هەموو کاولکارییە ڕوویاندەدا و نە یەک
ملیۆن کەسی مەدەنی ئاوارە دەبوون.
کارەساتێکی مرۆیی ترسناک بەڕێوەیە لە کییف و خارکۆف...تاد.
تەنها کاتێک دەنگی تۆپ و تانک و فڕۆکەکان ڕادەوەستن، ئەو کاتە قەبارەی
کارەسات و زیانەکان دەبینرێ و هەڵەی هەموو لایەنەکان دەردەکەون. پێموایە ئەو کاتە
خەڵکی ئوکرانیا لێپرسینەوەی توند لە بەرپرسانیان
دەکەن و پرسیارە سەرەکییەکە ئەوە دەبێ: کە ئامادە نەبوون بۆ شەڕ، بۆ هەوڵتاننەدا لە
ڕێگای دیپلۆماسییەوە کێشەکان چارەسەر بکەن، کە شەڕیش دەستیپێکرد بۆ زوو کۆتاییتان
پێنەهێنا؟.