وتار

پاكسازیه‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی

9/11/2022 4:18:00 PM 157 جار خوێندراوەتەوە
ئەنوەر كەریم

 گەندەڵی كرده‌یه‌كی‌ کۆنە و لە مێژە مرۆڤایەتی كاری‌ له‌سه‌ركردووه‌، بە هەموو بەهەدار دانێکی سامانی گشتی کە لەلایەن کەسێکەوە لە هەر بوارێکی دارایی، کارگێڕی ، ئیداری وتەندروستیدا و هتد....پێیدەوترێت گەندەڵی بە پێی پێناسە ی بانکی نێودەوڵەتی.

 

بە کورتی سەقامگیری ، گەشەکردن ، خۆشگوزەرانی دەتوانرێت بهێنرێتە دی ئەگەر بتوانرێت سیستەمێک دابڕژێت و كاری‌ پێیكرێت، ڕێگە لە هەموو جۆرە بەهەدەر دانێک بگرێت لە هەموو بوارەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتداری‌ و كارگێڕیدا، گەندەڵی زۆرجۆری‌ هه‌یه‌، هەر لە گەندەڵی دارایی و یاسای و کارگێڕی هەڵبژاردن و هتد..

 

 لێرەدا باسی ئابوری ئەکەین چونکە ئابوریناسان لەو بڕوایەدان کە گەندەڵی لە50 % ئابوری لە ناو ئەبات ، ئەمەش وایکردوە گەندەڵکاران و بەرپرسان بەشی زۆری داهات ببەن خەڵکە زۆرەکەش زیانی گەورەیان پێبگات.

 

 

ئەوەی کە زۆر گرنگە کێشەی ئابوریە کە بەزمانێکی سادە خەڵک چۆن بتوانێت پاروە نانی خۆی پەیدا بکات لە دۆخێكی‌ سەقامگیردا ، لە کاتێکدا کە سەرۆکی یەکێتی بانگەوازی ئەوە ئەکات کەلە هەموو لایەکەوە سزا ئەدرێێت ناوچەکەی ژیر دەسەڵاتی خۆی ناتوانێت خۆ بژێنێت. بە پێێ دەستوری عێراق و وە یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمیش مافەکانی هاوڵاتیانی دیاریكراوه‌، کە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارە لە دەسته‌بەرکردنی شوێنی حەوانەوە و نیشتەجێبوون دابینكردنی‌ ده‌رفه‌تی کارکردن کە بەلایەنی کەم هاوڵاتیان بتوانن بەسەربەرزی و کەرامەتەوە بژین.

 

 

 

بەڵام لە کاتێکدا گەورە بەرپرسانی ئەم زۆنە کە زۆربەیان بە چەندین دۆنم زەوی یان چەندین پارچە زەوی داگیرکردوە و فرۆشتویەتی لە ڕێگای دەڵالە دزەکانیانەوە، بە ملوێنان دۆلاریان کۆکردۆتەوە، بەهۆیەوە مافی بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی ئەم ناوچەیە خوراوە بەپێێ ئەم دەستورە، ئەوەی گرنگە کاتێک کە خێزانەکان ئەبن بە خاوەنی شوێنی ژیانی خۆیان لەو کاتەوە گەشەکردنی خێزان و کۆمەڵگا دەستپێدەکات و داهێنان و بازرگانی بەرەو پێشەوە ئەڕوات کە خێزانه‌کان بەبێ گرفت دەتوانن بیر بکەنەوەو منداڵەکانیان پەروەردەبکەن ئەوە بیرۆکەی (لی کوان یو) کە دامەزرێنەری دەوڵەتی سەنگاپورەیە، کە ووڵاتەکەی لە جیهانی سێهەمەوە گۆڕی بۆجیهانی یەکەم.

 

 

 

ئەوەی کە ئەبێت سەرنجی سەرۆکی یەکیتی نیشتمانی رابکێشیت، ئەو خەڵکە درۆزن و دوو ڕوانە بێت کە ئاڵاکەی یەکێتی نیشتمانی لە گەڵ وێنەیەکی (مام جلال ) لە پشتی سەری خۆیانەوە داناوە لە ژیر ئاڵاو وێنەکەدا بوون بەخاوەنی ملیونان دۆلارخەریکی داگیرکردن و خواردنی مافی هاوڵاتیانی وڵاتەکەن.

 

 

ئەمەش نیشانەی خراپ بەڕیوەبردنی بەرپرسەکانی یەکێتی یە کە چۆن ئەم ناوچەیان وێرانکردوە بۆیە ئەگەر سەرۆکی یەکێتی ئەیەوێت ئەم پاکسازیە بکات ئەبێت لە پێشەوە ئەم دزەگەورانە سزا بدات کە مافی هاوڵاتیانی ئەم ناوچەیە ئەخۆن کە بەدەستور و یاساکانی هەرێم دیاریکراوە، چونکە ( لی کوان یو) کە بە چامپێۆنی نە هێشتنی گەندەڵی و دامەزرێنەری دەوڵەتی (سەنگاپورە )داده‌نرێت، لە ووتە بەناوبانگەکەیدا ئەڵێت.

 

 

(نەهێشتنی گەندەڵی وەک پاکردنەوەی قادرمە وایە ئەبێت له‌ سەرەوە دەستپێبکەیت بۆ خوارەوە) بۆ ئەوەی بەتەواوی پاکبکرێتەوە، بۆیە ئەگەر دزە گەورەکان نەگیرێن ئەوا پڕۆسەی نە هێشتنی گەندەڵی و خواردنی مافی هاوڵاتیان هەربەردەوام ئەبیت هیچ چارەسەر نابێت، ئەو کاتە پەندەکەی ناوچەی گەرمیانمان دێنێتەوە یاد کە ئەڵێت ( ئەژدیها فیشکە فیشکیەتی بەڵام شەڕیەتی لەگەڵ مـارمێلکەیەکدا) وەهەروەها ئەو مافیانەی کە بەهۆی سەرانە وەرگرتنەوە وە بەرهێنەران و بازرگانانی ئەم شارەیان ڕاونا بونەتە هۆی بێزاری خەڵکی ناوچەکە و نەڕەخساندنی هەلی کارو ژمارەی بەتاڵە ڕۆژ بەڕۆژ زیادبکات و گەنجانی ناوچەکە ووڵات بەجێبهێڵن، پێویستە سەرۆکی یەکێتی لێپرسینەوەی یاسایانەیان لە گەڵدا بکات، چونکە بەدەستور و یاساکانی هەرێم دەبێت مسۆگەرکردنی یەکسانی بۆ هەموو هاوڵاتیانی هەرێم بەرامبەر یاسا.

 

 

وە ئەو دزانەی کە موڵکی گشتیان خواردەوە پیویستە لێیان وەربگیرێتەوە جارێکی تر دابەشبکرێتەوە بە شیوەیەکی دادپەروارانە بەسەر خەڵکی ناوچەکەدا و سەروەت و سامەنەکەیان بگەڕیتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و نەک خەزێنەی سەرۆکی یەکێتی ، چونکە ئەوە موڵکی گشتیە، نەک موڵکی سەرۆکی یەکێتی، بکرێت بە پڕۆژەی خزمەتگوزاری وە بەرهێنان لە ناوچەکەدا تا هەلی کار بڕەخسێنیت. بۆیە هەر بەپێی دەستوری عیراق و یاسابەکاربەکارەنی هەرێم ئەبێت هەموو کەسێک بەرامبەر یاسا وەک یەک لێپرسینەوە ی لە گەڵدا بکرێت ئەمەش مافی هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە، بۆیە بەرامبەر بە یاسا مافی هاوڵاتیان وەربگرەوە لە تاوان باران و مافیاکان بۆ خەڵکی ناوچەکە کە بەشخوراون لە هەموو شتێكدا.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن