وتار

بەهای دینارو دۆلار لەبەردەم گۆڕانكارییەكاندا

11/23/2019 5:46:00 PM 489 جار خوێندراوەتەوە
ئەنوەر كەریم

 

خۆپیشاندانەكانی عێراق وایانكردووە بەهای دیناری عێراقی بە بڕێكی كەم بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی بشكێت، لە ئەنجامی ئەو پشێویەی هەیە بانكی ناوەندی نەیتوانیوە رۆژانە دۆلار بگۆڕێتەوە كە پێشتر رۆژانە نزیكەی 200 ملیۆن دۆلاری دەگۆڕیەوە بۆ دینار، بۆیە خواست لەسەر دۆلار زیادیكردووەو بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەكەی.
هەرچەندە بەهای دیناری عێراقی لە دوای رووخانی ڕژێمی پێشووەوە جێگیركراوە بۆ ئەوەی بتوانێت كۆنتڕۆڵی هەڵئاوسان بكات، بەڵام پشێوی سیاسیی‌و دابەزینی نرخی نەوت‌و كەمكردنەوەی قەبارەی هەناردەی عێراق كاریگەریان لەسەر بەهای دراوی عێراقی هەیە هەرچەندە لە بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانیدا كاری پێناكرێت. 
نرخی ئاڵوگۆڕ لەنێوان دراوەكاندا كاریگەرە بەچەندین فاكتەر بەوەی بڕی خواست لەسەر دراو لەگەڵ بڕی خستنەڕووی دراو نرخی ئاڵوگۆڕ دیاری دەكەن بەمەرجێك حكومەت دەست نەخاتە بازاڕەوە.
 ئەو فاكتەرانەش ئەمانەن؛ 
*بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵئاوسان لە ناوخۆدا دەبێتە هۆی دابەزینی خواست لەسەر كاڵای بیانی‌و خزمەتگوزارییەكانی ناوخۆ، ئەمەش خواست لەسەر دراوی ناوخۆ كەمدەكاتەوە هەناردەش لاواز دەبێت‌و دراوە ناوخۆییەكە بەهاكەی دادەبەزێت‌و بەپێچەوانەشەوە.
* سیاسەتی بازرگانی، سنوردانان لەبەردەم هاوردەدا بەهای دراوی ناوخۆ بەرزدەكاتەوە، چونكە خواستی كڕیاری ناوخۆ لە سەر كاڵای بیانی دادەبەزیت واتە خستنەڕووی دراوی ناوخۆ بۆ كاڵای بیانی كەمدەبێتەوە بۆ نمونە ئەگەر كوردو عێراق بایكۆتی شتومەكی توركی بكەن ئەوا دراوی عێراقی بەرامبەر بە دراوی توركی بەرزدەبێتەوە.
* ئارەزووی بەكاربردن، ئارەزووی بەكاربردن جێگیر نیەو گۆڕانكاری بەسەردا دێت بۆ نمونە هەرێمی كوردستان  ئارەزووی كڕینی شتومەكی توركی ناكات لەم كاتەدا كەواتە دراوی توركی دادەبەزێت، بەڵام ئەگەر ئارەزووی كڕینی شتومەكی ئەمریكی هەبێت ئەوا دراوی ئەمریكی بەرزدەبێتەوە.
* ئاستی بەرهەمداری رێژەی، توانای بەرهەمهێنان بە زۆر هۆ زیاد دەكات لەوانە گەشەسەندنی سەرمایەی مرۆیی كە دەبێتە هۆی دابەزینی تێچووی بەرهەم‌و نرخ دادەبەزێنێت لە ئاكامدا هەناردەی وڵات زیاد دەكات خستنەڕووی دراوی بیانی بۆ كڕینی دراوی ناوخۆ زیاددەكات‌و هاوردە كەمدەبێتەوە خواست لەسەر دراوی بیانی كەمدەكات لە ئەنجامدا بەهای دراو ناوخۆ بەرز دەبێتەوە. 
* ئاستی داهات، بەرزبوونەوەو نزمبوونەوەی ئاستی داهات هۆكارێكە كار لەسەر خواست دەكات، بە بەرزبوونەوەی ئاستی تێكڕایی داهات لە كوردستاندا دەبێتە هۆی زیادبوونی خواست بۆ نمونە لەسەر كاڵای توركی ئەوا هاوردەكاران  پێویستیان بە لیرەی توركی دەبێت‌و خواست لەسەر دراوی توركی زیاد دەكات بەمەش بەهای لیرە بەرز دەبێتەوە . 
* ڕێژەی سوود، ئەم فاكتەرە زیاتر لەماوەی كورتخایەندا رۆڵ دەبینێت، رێژەی سوودی بانكی بەهەر دراوێك بەرز بێتەوە ئەوا خواست لەسەر ئەو دراوە بەرز دەبێتەوە .
* متمانەو ژینگەی وەبەرهێنان، رێژەی ئاڵوگۆڕ پابەندی ژینگەی وەبەرهێنانە، بۆ نمونە ویلایەتە یەكگرتووەكانی  ئەمریكا، بۆ وەبەرهێنەرێكی بیانی باشترە كە سەرمایەكەی بخاتەگەڕ وەك لە عێراق‌و سوریا، چونكە وەبەر‌هێنەران متمانەیان بە ئابوورییەكەی هەیە‌و متمانەیان بە سەقامگیری سیاسیی‌و سەقامگیری یاسایاكەی‌و سیستەمەكەی  ئەمریكا هەیە.
*پێشبینی، ئەگەر پێشبینی بكرێت دراوی وڵاتەكە دادەبەزێت خەڵكەكە دەستدەكەن بەفرۆشتنی دراوەكەی خۆیان، پڕۆسەی دابەزینەكە دەستپێدەكات چونكە خەڵك پارەكەیان دەگۆڕنەوە بەدراوی بیانی. 
*لیكویدتی، سویلەی دراو زۆر گرنگە كڕیارەكان كە دەزانن زیاتر دۆلاریان پێویستە بۆ مامەڵەكردنی خواست لەسەر  دۆلار زیاد دەكات لە ئەنجامدا دۆلار بەرز دەبێتەوە، بەڵام دراوەكانی تر بۆ نموونە وەك دیناری عێراقی یان یوانی چینی كە ناچنە بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانیەوە خواست لەسەریان زیاد ناكات بەئاستی خواست كە لەسەر دۆلار هەیە.
ئەم فاكتەرانەی سەرەوە دەشێت ببێت بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دراو كە دیاردەیەكی زۆر مەترسیدارە، قەیرانی دراو دۆخێكە كە دراوێكی لاواز دەكەوێتە بەر هێرشی موزارەبەچیەكانەوەو دەفرۆشرێت یان بەكاربەران متمانەیان بە دراوەكە نامێنێت‌و دەیفرۆشن، دراوی عێراقی لەبەرئەوەی لە بازاڕەكانی دراوی بیانیدا، ئاڵوگۆڕی پێناكرێت بۆیە ناكەوێتە بەر هێرشی موزارەبەچیەكانەوە. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن