314وتار

سەرنجی دووەم لەسەر قسەکانی سەرۆکی پەرلەمان

9/6/2022 11:30:00 AM
عەدنان عوسمان

‎بەڕێز د. رێواز لەبارەی پرسی دەستور ئاماژە بە سێ رێگر یا کێشە ئەکات کە ئەوانیش : ناوچە جێناکۆکەکان و سنوری هەرێم، پرسی جێوشوێنی ئاین، پرسی سیستەمی حوکمڕانی.

‎لێرەدا بەو حوکمەی کە ئەندامی لیژنەی پێشوی نوسینەوەی دەستور بوم، دەمەوێت بە کورتی ئاماژە بە چەند خاڵێک بدەم.

‎یەکەم: چ لە گفتوگۆکانی لیژنەکەی ئێمەو چ پێشتریش و پێشم وایە ئێستاش، کێشەیەک لەسەر دیاریکردنی سنوری هەرێم نەبوە. لەو بارەوە جۆرێک لە کۆدەنگی هەبوە.

‎دوەم: بۆ پرسی ئاینی ئیسلام و پێگەی لە دەقە دەستوریەکاندا، پێشتر و لە لیژنەکەی ئێمەش گرێکوێرەو کێشەی عوقدەیی نەبوو. راستە گفتوگۆی زۆر و ئیجتیهاد و دەقی جۆراو جۆر پێشنیازکرابون، بەڵام بە هۆی ئەو بڕگەیەوە نە کاری دەستور و نەکاری لیژنەکەش پەکی نەکەوتبوو.

‎سێیەم: خاڵی سەرەکی و ئەتوانم بڵێم تەنها خاڵی ناکۆکی ئەوکات و ئێستاش پرسی پەیکەرەی دەسەڵاتە لە هەرێمدا واتە سیستەمی حوکمڕانی.

‎هەڵەی گەورەی دانانی لیژنەی پێشوو( کە پێ ئەچێت  ئەمجاریش دوبارە بێتەوە) کارنەکردن بوو بۆ ئەوەی سەرەتا جۆرێک لە نەخشە رێگاو وەیا لێکتێگەیشتنی دەستوری هەبێت بۆ  خاڵە هەستیارەکان کە پەیوەستن بە شكڵی حوکمڕانی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان. هەر لەسەرەتاوە دیار بوو کەبەبێ ئەو چوارچێوەی تێگەیشتنە، ئیمکانی نیە ئەو لیژنەیە بە سێ مانگ، تەنانەت بە سێ ساڵیش بتوانێت کارەکانی تەواو بکات.

‎چوارەم: من لە گرنگی  بونی دەستور کەم ناکەمەوە، بەڵام لە وڵاتێکدا پەرلەمانێکی لاواز و نەریتێکی بەهێزی کارنەکردن بە یاساکانی هەبێت، لەهەمان کاتیشدا کۆمەلێک گروپ و خێزان هەبن خۆیان لەسەروی یاساو سیستەمەوە ببینن، ئەبێ چ دڵخۆشیەکمان هەبێت بۆ نوسینەوەی دەستور؟.

‎پاشان گەر نیەتی راستەقینە بەو ئاراستەیە هەیە( کە گومانم هەیەو پێم وایە تەنها کات کوشتنە) خێرە لەم ماوانەدا هیچ دیالۆگێکی دەستوری لەسەر خاڵە ناکۆکەکان نەکراوە؟ خێرە تا ئێستا بیر لە داڕشتنی بنەما گشتیەکان نەکراوەتەوە؟؟

‎دیارە کە ئەوەش نەکرێت، لە توانای هیچ لیژنەیەکدا نابێت ئەو کارە گرنگە بە ئاکام بگەیەنێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن