دڵگەرمی ئەملا ... دڵساردی ئەولا
2/26/2019 9:49:00 AM
عەدنان عوسمان
عەدنان عوسمان
گۆڕان دواجار بڕیاری ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی دا لەگەڵ پارتی. رێککەوتن بۆ ئایندەیە نەک رابردوو، رێککەوتن لەسەر کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشە نەک هەمووی، رێککەوتن توانەوەو ئاوێتەبوون لەیەکتردا نیە ئەوەندەی وەستانە لەسەر دیدە هاوبەشەکان.
لەم سەروبەندەدا رەخنەو تەوهینی زۆر بە گۆڕان ئەکرێت. رەخنەکان دوو جۆرن: ئەوانەی لەناو بازنەی گۆڕاندا رەخنە ئەگرن و ئەوانەی لەدەرەوەی بازنەکەدا. ناوەوەی بازنەکە مافی خۆیانە هەر جۆرە دڵساردیو دڵەڕاوکێیەک پێشان بدەن. ئێمەی ناوی بازنەکە ساڵانێکە هەروامان کردووە لە ژیانی کاک نەوشیروان و دواتریشدا. هەر دەرفەتێک هاتبێتە پێشەوەو شایانی رەخنە بووبێت بێدودڵی گرتومانەو قسەی وردو حیسابی خۆمان کردووە. کە بزوتنەوەکەش رووبەڕووی دژواری و هەڕەشەیەک بووبێتەوە، وەیا لە سەردەمانی هەڵبژاردن و کەمپینەکان، بە حەماسەتەوە بەرگریمان لە پەیام و روحی بزوتنەوەکە کردووە. ئێستاش هەڵسوڕاوانی نێو بازنەکە هەم ئاساییە سەرنج و رەخنەیان هەبێت و هەمیش گرنگە ئەوە بزانن کە خاڵەکانی ئەو رێککەوتنە، جگە لە جەختکردنەوە لەسەر پرەنسیپەکانی گۆڕان و داواکاریەکانی شەقام و ١٧ی شوبات و دواترو بڕیارەکانی پەرلەمانی ساڵی ٢٠١١، هیچی تر نیە.
ئەوانەی دەرەوەی بازنەکە جۆراوجۆرن، هەن خۆیان بەخەمخۆری بزوتنەوەکە ئەزانن و هێشتا بە چاوی ئومێدەوە سەیری ئەم بزوتنەوەیە ئەکەن و بە قەڵایەکی ئازادی و مافی هاوڵاتیانی ئەزانن، هەشن ماوەیەکی زۆرە سەنگەری دژایەتی بزوتنەوەکەیان گرتووەو هەموو کارو کردارێکی گۆڕان بەر تانەو تەشەر ئەدەن. ئەمانە هەموویان مافی خۆیانە رەخنە لە گۆڕان بگرن و نابێ لەسەر ئەو رەخنانە بێڕێزیان پێ بکرێت. بەڵام بزوتنەوەکەش هەزاران کادرو هەڵسوڕاوی هەیەو ئەوانیش بەهەمان شێوەی رەخنەگرەکان، مافی بەرگریکردن و دڵخۆشبوونیان بەم هەنگاوە نوێیەی گۆڕان هەیە.
هەرچۆن ئاسایی نیە هەر رەخنەیەک بە موئامەرەو رق تەماشا بکرێت، ناشکرێ بەرگری و لەسەر وەستانی هەڵسوڕاوانیش بە پۆست پەرستی و تەسلیم بوون بە ئیرادەی لایەنەکانی تر سەیر بکرێت. تیرۆری فکری هەر ئەوە نیە تۆ بۆت نەبێت قسە بکەیت، بەڵکو ئەوەشە کە ئەو بۆی نەبێت بەرگری بکات یا وەڵام بداتەوە.
دوا قسەم بۆ ئەوانەیە کە زۆر باس لە توراس و میراتی کاک نەوشیروان ئەکەن و پێیان وایە ئەمەی روویداوە رێک پێچەوانەی سیاسەتەکانی ئەوە، لە راستیداو وەک مەعلومە گۆڕان دوو رێککەوتنی گەورەی کردووە کە هەردووکی لەژێر سەرپەرشتی جەنابیاندا بووە. چونکە کاک نەوشیروان هەرکات بە پێویستی زانیبێت بۆ خەباتی مەدەنی و چاکسازی و بەرژەوەندییە باڵاکانی میللەتەکەی، بێ هیچ دوودڵی و دڵەڕاوکێیەک و سڵەمینەوە لە رەخنەو تەشهیر، بەحەماسەوە کاری بۆ لێکتێگەیشتن کردووە. ئەوەی ئێستاش تەنها ئیدامەدانی ئەو رێگاو رێبازەیە.
لە هەردوو رێککەوتنی رابردوودا سەرکەوتوو نەبووین، سەرباری هەموو هەوڵێکی دڵسۆزانەی گۆڕان، دەشێ ئەمەش هەروابێت و لەوانەشە هەنگاوێکی ئیجابی تازە بێت. بەڵام گرنگە بەچاوی هیواو هەوڵەوە بڕوانینە ئایندە، چونکە هەموو ئەگەرەکان لەبەردەمماندا کراوەن.