لامەرکەزیەت یا میرنشینێکی تر
3/26/2019 1:45:00 PM
عەدنان عوسمان
لامەرکەزیەت گرنگترین خەسڵەتی کۆمەڵگەی نوێ و دیموکراتیە، بەجۆرێک وەک لازم و مەلزومی یەکترن. بۆیە ئەستەمە حزبێک ئیدعای دیموکراسیخوازی بکات، بڕوای تەواوی بە لامەرکەزیەت نەبێت لەهەمو بوارەکاندا. بەڵام ئەو لامەرکەزیەتەی هەندێک لێرەو لەوێ و بەتایبەت هەندێ ناوەندی یەکێتی باسی لێوە ئەکەن، جگە لە دروستکردنی مەرکەزیەتێکی تر لەناوچەی سلێمانی هیچی تر نیە. ئەوەی ئەوان ئەیانەوێت تەنها دابەشکردنی مەرکەزیەتی هەرێمە بۆ دوو ناوچەی مەرکەزی لەژێر فەرمانڕەوایی رەهای خۆیاندا. ئەمە جۆرێکی ترە لە مەرکەزیەت، کە تەنانەت سنورەکانی تریش ئەبەزێنێت و تەنها مەبەست لێێ زاڵکردنی مەرکەزییەتی حزبیی و لە حزبیشدا هەندێک کارەکتەری دەسترۆیشتووە. ئەو پەیامانە بەشێک نین لەهەوڵی دابەشکردنی هاوسەنگیانەی دەسەڵات بەسەر پارێزگاو ناوچەو قەزاکاندا لەسەر بنەمای شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان.
تۆ لەکاتێکدا ئەتوانیت جەنگێکی نەوعی دژ بە مەرکەزییەت بکەیت، کە جیاواز بیت، کە تێگەیشتنێکی تری سەردەمیانەت بۆ ئیدارەدان هەبێت، بەڵام کە تۆ بەهەمان شێوە، دەسەڵاتی حزب و حکومەت لەنێو بنەماڵەدا دابەش ئەکەیت و شەڕی دەستگرتنە سەر جومگەکانی ئەکەیت، وە مافی حزبەکانیتر ئەخۆیت و ئازاری لایەنگرانی ئەدەیت، ئەوا نەک هەر ئەتەوێت مەرکەزیەتێکی ئیداری توندو سەختتر لەم ناوچەیە دابڕێژیت، بەڵکو ئەتەوێت ئیقتاعیەتێکی بنەماڵەیی و حزبی جێبکەیتەوە لە فەزایەکی زۆر نامۆ بەو عەقڵیەتەدا.
لامەرکەزیەت لە سەرجەم کوردستان و بەتایبەت لە دەڤەری سلێمانیدا پێویستی بە دوو فاکتەری یەکلاکەرەوە هەیە بۆ ئەوەی سەربگرێت: بڕوابوون بە دابەشکردنی دەسەلاتەکان و فرەیی و پێکەوە کارکردن، وە هاوئاهەنگی و هەماهەنگی لەنێوان سەرجەم هێزە سیاسیەکان بەتایبەت لەنێوان گۆڕان و یەکێتیدا. گۆڕان لە روی جەماوەریەوە لە ئێستادا لە ناوچەی سلێمانی هێزی یەکەمە، کەچی هەندێک ناوەندی بڕیاری یەکێتی بەچاوی نەوەدەکان و سەرەتاکانی دوو هەزار سەیری ئێرە ئەکەن و خۆیان بەتەنها وەسی و خاوەندی ئێرە ئەزانن، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ عەقڵیەتی پاوانخوازی نەک لامەرکەزی.
گۆڕان و لامەرکەزییەت:
یەکێک لە پایە بناغەییەکانی گۆڕان بڕوابوونی تەواوە بە لامەرکەزیەت لە ئیدارەدانی وڵاتدا. پێویستە گۆڕان چ لە رێککەوتن و چ لە کارنامەی پەرلەمانی و حکومیدا، بە جدی کار لەسەر ئەم پرسە گرنگە بکات و بەسەرخەتی ئیشکردنی خۆی بزانێت.
سەرۆک لەناو خەڵک، سەرۆک لە پەرلەمان:
گۆڕان بڕوای بە سیستمی پەرلەمانی هەیە. لەدوای ئەم دێڕە ئیتر دەبێ بوەستین، چونکە ئەو رستەیە وردناکرێتەوە. سیستمی پەرلەمانی سیمای خۆی هەیەو جیای ئەکاتەوە لە سیستمەکانیتر کە ئەوانیش هەر بەشێکن لە فەزای دیموکرسیانەی کۆمەڵگاکان. گۆڕان جەخت لەوە ئەکاتەوە سیستمەکە پەرلەمانی بێت و هەموو دەسەڵاتەکان لە پەرلەمانەوە شەرعییەت وەرگرن و لەژێر رکێف و چاودێریدابن. ئەمە لە ئێستادا بە گونجاوترین سیستم ئەزانێت بۆ کۆمەڵگای کوردستان کە بوار بە گەشەسەندنی ئابوری و سیاسی و ئیداریی ئەدات بەتایبەت لەم ساتەوەختی دابەشبونە سەخت و قوڵەی کۆمەڵگەکەمان بەسەر ناوچەی نفوزی جیاوازدا.