محەمەد ڕەوفەکان و صادقى زیبا کەلام
6/22/2022 2:43:00 PM
سالاری بازیان
لەبەرنامەى خشت و خامە، كاتێك حسێن دهباشى لە
زيبا كەلام دەپرسێت دژايەتى (رەزا شا)ت كرد، ئەويش دەڵێت؛ زۆر لە
زيندان بووم لە خۆپشاندان بووم قسەم دژى كرد وەلێ بەينى خۆمان بێت و بەدزيەوە
پێتبڵێم پەشيمانم لێرەش پێیوتين دواى 150 ساڵ لێتان پەشيمانم، شەقام و
بيناكانتان، كە جێی شانازين لە ئيمتيحانەكەى زيبا کەلامدا ئیکمال بوو.
زيبا كەلام پێیوتين پەروردەی گەنج ستونى مانەوە
و داينەمۆى پێشكەوتنەکانن هەر ئەوانيش بكەرى روخانى خۆتانن، واتە شمشێركى
تیژی دوو سەرەن، لەبەرئەوە لەگەڵيان بن، وانەزانن ئەوانتان بە جێهيشتووە، روژێ ئەوان
ئێوە بەجێدەهێڵن.
زیبا کەلام پێیوتين با هەمووشتێكتان هەبێت،
تانک، هێز، سوپا هەتا ئەتۆم، بەڵام لە ناوەوە كرمۆڵ بن، مايە پووچ دەبن.
دەتوانم بڵێم، كە كۆى قسەكانى محەمەد رەئوف بەرامبەر
سەرۆكى حكومەت لەگەڵ قسەکانی زیبا کەلام زۆر لەيەك دەچوون، سەرنج و پێشنیازەكانى لە
رەخنە گەورەتر بوون، ئەو قسەی زۆرینەی تاکی ئەم هەرێمەی گەیاند وتی پەشیمانن ... پەشیمان،
دواى سى ساڵ حوكمڕانى، جادەكان وێران و بازگەکان هەمان بازگەکانی زەمانى برا كوژین.
پە شيمانن لە حكومەتى كوردى، لە ئابووری سەربەخۆ،
لە دەرهێنانی نەوت و قافڵەی ریز بەستووی ئۆتۆمبێلەکان
بۆ سەرەی بەنزین و مردن لە سەرەی وەرگرتنى مووچە و پەشيمانین لە بەڵێنەکانی دەسەڵات
و ئەو دیموکراسی و ئازادییەی کردووتانە بەکراسی سیاسیتان.
لەگەڵ ئاه و ناڵەی بێزاریمان دەبێت بڵێین كۆڕى
لەو شێوەيە و دانیشتنی چین و توێژەکان لەگەڵ بەرپرس و سەرۆکەکان و گوێرادێران بۆ کۆژانەکانی
خەڵک، جێی دەستخۆشییە کە لانی کەم دەتوانین دەردە دڵییەکانمان بەرینە ئەوێ و سەرۆکەکان
لە پانتاییە بەرزەکان بۆ خواروە و لای کیشەو گرفتەکانی خەڵک پەلکیش بکەین.
سەركردە دەبێت لەگەل كۆمەڵگە قسه بكات، دەبێت
گوێ بە دەرگای ماڵی دەنگە ناڕازییەکان بنێ، چون شاباش و کۆڕی پياهەڵدان كۆكردنەوەى ئاسانە وەک شاعیر دەڵێت؛ (دەورى چۆڵ نەبوو قەت
تاشەوقى هەبوو شوعلەى چراكەى) جا ئەوەى بە چراكەى عەيب و عاری تونێلەكە نيشان ئەدا
فوى لێ مەكەن و مەيكوژێننەوە بەڵکە چراكەى بۆ پڕبكەن لە نەوت و كون و كە لەبەرى رەشەبا
دەسترەشەكانى لێ دوور بخەنەوە، کورد وتەنی کە پوش سووتا با
دار بەرووەکان بمیننەوە.
ئایندە رۆشنی و مانەوە بۆ سەرۆک و سەرکردە، بە
قبوڵکردنی ڕەخنەو بۆچوونەکان و کردنەوەی باوەش بۆ رەنگ و دەنگە جیاوازەکان وادەکات
سەرکردەبن و لە بنکردەیی دەرباز بن، بە پێچەوانەوە، سەركوتکار و خۆبەزلزانەكان، تەمەنيان
چەند درێژ بووبێت
عاقیبەت خێر نەبوون.