حەقيقەت و فرمێسكى دەسەڵاتداران
6/15/2022 10:24:00 AM
سالاری بازیان
(هيچ كەس بە ئەندازەى ئەو مروڤانەی حەقيقەت
دەڵێن و حەقيقەت ڕەفتار ئەكەن
نابنە كاهينێكی بێزاراو) - ئەفلاتۆن
ئەو كۆمەڵگايانەى كە دۆڕاوى دەستى نادادى و ناڕەوايين
بە تاکتیک دەسەڵات پێکیاندا دەدات و خودى تاک خۆى زۆرجار دەبنە دار حەيزەران و بەردى
زل بۆ سەرى حەقيقەت، دەبنە بڵێسەى ئاگر و لەگيانی یەکدی بەردەبن و دواجار لایەك لەم
سیناریۆیانەی دەسەڵاتدا دەبێتە قوربانى.
لە سات و كاتى گونجاوی ئەم بێنەو بەردەیەی تاکیشدا
دەسەڵات، وەك جێبەجێكارى عەدالەت دێت و خۆی دەکاتە فریادڕەس، کە فرۆشتنەوەى ئەم هەڵوێستە
بە كۆمەڵگا شانۆگەريەكى هەزار بارەیە لە فۆرمی جیادا.
سەرکردەی زۆرمان ديوە، كە بۆ قوربانيیەكان دەگرى
و دەبێتە پاڵەوان، بەرشتنی فرمیسکی تیمساحی شین بۆ مەرگ و ئازاری ئەوانە دەکات کە
قوربانی دەستی خۆیانن و سیستم و ئیدارەدانەکەی ئەوان دۆخی دژوار کردوون و لە ژێرەوە
بەگاز دەیان بچڕێ و لەسەرێش رایان دەمووسێ، جا لەم بابەدا زۆرمان دی رۆڵی ئەکتەرێکی
کارامەیان دی هەر لە سەردەشت و کاوە گەرمیانی و چەندانی دی تا تاریقی بەقاڵ لیزانانە
گریان و دوان و هەستیان دەربڕی.
لێرەوەیە لەم ساتی پێکدادانەی چینەکاندا هەموو
ئەو بانگەشانەی بۆ ژیانێکی ئارام و ئاسوودە کە بەگوێی هەژارو بێکار و چینە جیاوازەکانی
کۆمەڵگادا دران دەبنە گوریس و لە ملی هیواکانیان و پیشێلی مافیان دەکرێت و کۆژانیان
زیاتر و زیاتر دەکات گوریسێک بەڕەنگی جیاواز و ناوی جیاواز، خرانە ملى مرۆڤايەتى و
دەر ئەنجام بوونە جێگرەوەى هەمان تەورسى سوڵتانى، جا ئيتر لێرەوەیە کە دەردەکەوێت
بازارى هەڕاج و ياریكردن بە كەرامەتى مرۆڤەكان لە ناوەندی شار بێت، لەبەردەم پەرلەمان
يان دادگا، شەقی تێهەڵدراو شەق وەشێنەکانیش دانيشتوى يەک گەرەكن و گيرفانيان وەك يەكەو
سەرۆك و سەرداریشيان
وەك يەك.
گۆڕینی ئەم بارە بۆ حەقيقەت بووەتە گرێ کوێرە و
دواجار سەرجەم هێزەکان شكستيان خوارد لەکردنەوەی، ئەم گرێ كوێرەیەش تا ئێستا هيچ تەوژميكى
سياسى نەيتوانیوە بيكاتەوە.
دەرئەنجامى ئەم سيستمە لە پاڵەوان بازيیە لەژێر
هەر چەترێكدا بێت لەم كۆمەڵگایەدا، لە كۆتاى ئەو فيلم و درامايانە دەچێت كە سەرو
گوێى كۆمەڵگا وێران و نابوت دەخاتەڕوو، سەركردەكانيش بە تراژيدیترين شێوە تیایدا دەچنە
لاپەڕەكانى مێژووەوە.