588وتار

دوورخستنەوەی ڕوسیا لە بازاڕی جیهانی

3/12/2022 9:12:00 PM
د. ئاودێر جەمیل

ڕوسیا لە جەنگی ئۆکرانیادا گەرچی لە ڕوی تاکتیکبیەوە وەک هەڵگیرسێنەر و هێرشبەری لەیەک ئەدرێتەوە لە لایەن دنیای ڕۆژئاوا بەڵام بۆ ڕوسەکان لەڕوی ستراتیژییەوە وەک حاڵەتێکی بەرگری وایە، بەرگریەک کە زیاتر ڕواڵەتی وجودی و حەیاتی بۆ پێگەی ڕوسیا هەیە لە دنیای نێودەوڵەتی و پشکی لە ئابوری و سیاسەتی نێودەوڵەتی، ئەویش کۆتای هێنان بەو تاک ڕەوی و تاک جەمسەری و سیاسەتی ئابوریەیی  کە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەسەرۆکایەتی ئەمریکا لەپاش ڕوخانی سۆڤێت سەپاندویانە بەسەر دنیای نێودەوڵەتی.

 

گەرچی تاک جەمسەری و ڕواڵەتەکانی لە سەدەی بیست و یەکەمدا بە تایبەتی پاش جەنگی عێراق ڕووی لە لاوازی کردوە ئەو ڕۆڵەی نەماوە کە لە کۆتای دەیەیی سەدەی بیستەم هەیبوو، جەنگی سوریا بە نموونە،  بەڵام ئاشکرایە هێزێکی وا لە دنیادا پەیدا نەببووە یان هاوپەیمانیەک یان ڕوبەڕوبونەوەیەک دژی تاک جەمسەری ئەمریکا بێتەوە.

ئەگەر دنیا دابەشی چەند جەمسەری ببێت ئەوا بۆ هەر جەمسەرێک ئەنتی جەمسەریەک دروست دەبێت کە ئەمەش سروشتی دنیای نێودەوڵەتی بووە و ئەبێت. فراوان بونی ڕۆژئاوا و دەسەڵاتی ناتۆ لە بۆشایی دژەجەمەسەریدا، نەتوانینی روسەکان بە تێکەڵ بوون  لە سیستەمی نێودەوڵەتیە بەو باردۆخەی کە پاش روخانی سۆڤێت بۆیان هاتە ئاراوە بارودۆخی سیستمەکەی ئاڵۆز ترکرد. ڕوسیا و پوتین گەشتنە ئەو بڕوایەی کە دەبێت ئەنتی جەمسەربن ئەگەر بیانەوێت سیستمەکەیان بپارێزن.

 

 ڕۆژئاواییەکان بەتایبەتی ئەمریکا لە هەوڵی گێڕانەوەی ئەو بارودۆخەن کە پاش روخانی سۆڤێت وەک تاکجەمسەری بۆیان هاتە بوویەوە ئاراوە، لەبەرامبەدا روسەکان بە تایبەتی پوتین لەبەردەم دوحاڵەت بون یان قبوڵی ئەو سیستمە یەک جەمسەریە ڕۆژئاوایە یان بەرگریکردن، وەک  کاسترۆ ئەڵێت یەکەمیان وەک خۆکوشتن وایە، دووەمیان وەک قەتڵ، بۆیە قبوڵ کردنی فراوان بونی دەسەڵاتی ناتۆ بۆ پوتین وەک خۆکوشتن و هەرەسی سۆڤێت وایە بۆ سیستمەکەی. چونکە قبوڵکردنی ئاوا بارودۆخێک بۆ پوتین جگە لە هەڵوەشاندنەوەی سیستمەکەی لە درێژ مەودا وەک سۆڤێت هیچ ڕێگەچارەیەکی نییە.

 

لەم ڕوانگەیە ڕۆژئاواییەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو تاکجەمسەریە لە ئێستادا سیاسەتی ئیفلیج کردنی ئابووری ڕوسیایان گرتووەتەوە بەر.  ئەم سزا ئابووریەی سەر ڕووسیا لە سەدساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە لەکاتێکدا زۆرینەی سیستەمە ئابووریەکان لەژێر کۆنترۆڵی دنیای ڕۆژئاوادایە، ئەم سزایانە زیاتر لە دوورخستەوە روسیا لە بازاڕی نێودەوڵەتی دەچێت وەک لە سزایەکی ئابوری. ئەمەش دەکرێت کاریگەری لەسەر سیاسەتی ئابووری چین دروست بکات ئەگەر هاتوو پلانی ئەمریکا و ئەوروپا سەرکەوتوو بێت، واتە دروستکردنی بازاڕێک بە ئارەزوو ویستی ئەوان.

 

 خۆ ئەگەر ئەم ڕێکارەی دنیای ڕۆژئاوا سەرنەگرێت سیستمە ئابوریەکەی پوتین پەراوێز نەخرێت ئەوکاتەیە یان قبوڵ کردنی پوتین وەک ئەوەی کە هەیە یان چاوەڕێی دوبازاڕی جیهانی بە دوو سیاسەتی جیاواز دەبین کە سیستمی سەرمایەداری و تێیدا زەررمەند دەبێت ئەویش گرفتە بۆ سیاسەتێکی یەکگرتووی ئابوری جیهانی و ساغ کردنەوەی  کاڵای  بەرهەم هاتوو، پەراوێز خستنی بازاڕێکی وەک ڕوسیا و چین سەرمایەداری لێی زیانمەند دەبێت.

 

لێرەدا جەنگی ئۆکراین جگە لە ڕواڵەتە سەربازی و ئاسایشیەکەی ڕواڵەتی ئابوری سیاسی خۆی زەق دەکاتەوە و تێکەڵ بە بابەتی یاسای و مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین دەکرێت کە لە ڕاستیدا ڕووی شاراوەکەی زیاتر ئابوریە بۆ وڵاتانی زلهێز.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن