هەڵوەرینی حیزب
7/27/2021 10:17:00 AM
عەزیز ئەحمەد
ئەگەر دیقەت بدەین، لە کوردستان چەندان حزب مێژووی
چەندان ساڵەیان هەبووە لە خەبات و تێکۆشان، خاوەن هێز و پێگەی جەماوەری و ڕێکخستن
بوونە، پاشان هەڵوەریون و بچوک بونەتەوە، ئەمەش دیارە بێ هۆکار نییە. وەک دەزانین سەرهەڵدانی حزبی سیاسی لە هەرقۆناغێکدا،
هەڵومەرجی لەباری بابەتی دەیهێنێتە پێش و لەلایەن بیرمەندانی ئەو رەوتەوە بەرنامە
و پەیڕەوی ناوخۆ و سیاسی بۆ دادەنرێ و خەڵک لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە.
زۆرێک لە حزبەکانی کوردستان، لە لوتکەی بەهێزی
و پێگەی جەماوەریدا بوونە، پاشان وردە ووردە پوکاونەتەوە و بەرەو لاوازی ڕۆیشتوون.
ئەم لاواز بوونەوەیەی حزبە سیاسییەکانی
کوردستان، لە هاتنە پێشی قۆناغەکانی خەباتی سیاسی ئەودیوی پێشهاتەکانیان نەبینیوە،
بەرنامە و خوێندنەوەی وردیان نەبووە، تا ئامادەکاری بۆ پێشهاتەکان بکەن. هاتنە پێشی
چەندان دۆخی سیاسی هەبووە خەڵکی سادە دەرکی
پێ کردووە، بەلام لە کوردستان حزبی سیاسی هەلوێست و تێڕووانین و خوێندنەوەی دروستی
نەبووە، ڕای خۆی زانستیانە بە جەماوەر و خەڵکەکەی خۆی نیشان نەداوە، ئەمەش وادەکات
بێ متمانەیی لە نێوان حزب و جەماوەردا دروست بێت.
لە کوردستانی خۆمان هەردەم حزبی سیاسی لە دۆڵێک
بووە و خەڵکیش لە دۆڵێکی تر⸮
حزب و جەماوەر، وەکوو ئاو و ماسین هیچیان بێ
ئەویتر ناژی، بەمەش دەبێ حزبی سیاسی هەردەم بەرژەوەندییەکانی خەڵک لە سەرووی هەموو
شتێک بزانێ و بۆی تێبکۆشێ، لە پێناو سەروەری و عەدالەت، ئەوکاتە ئاوێتەبوونێک
دروست دەبێ لە نێوان حزب و جەماوەر، کە جیابوونەوەیان تەنها بە مەرگیان دەبێ.
بەڵام ئەگەر پێچەونەکەی بینرا، ماڵی سەرۆک حزب
لە کۆشک و بەرزاییدا بووە، منداڵەکانیشیان گیرفانیان پڕ و قوتابخانە و نەخۆشخانە و
جل و بەرگ و ئۆتۆمبێلەکانیان چەندان قات جیاواز دەبێ و بینیمان حزب دەبێتە کۆمپانیا
بۆ کەسانی دەستڕۆیشتووی حزب، بینیمان قۆرغکاری لە ئابووری داهاتی ولات دەکرێ
و حزب لە کاتی دەسەڵات گرتنەدەستدا جیاوازی لە نێو هاوڵاتیان دەکات و بەرژەوەندی
هاوڵاتیانی ناوێ و بەرنامەی خۆش گوزەرانی پێ نییە، نابێ دەسەڵات ڕەنگدانەوەی حزبی پێوە دیاربێ.
حزب نابێ هێز و سوپای سەربازی هەبێ، هێز دەبێ لە
چوارچێوەی یاسای سەربازیدا ڕێکبخرێ، ڕاگەیاندن دەبێ بە یاسا ڕێکبخرێ، نەک حزب و شەخسی
حزبی خاوەن چەندان کەناڵی ئاسمانی بن، هەمووی لەسەر قووتی خەڵک بەڕێوە بچن، حزب
نابێ کلکایەتی لەگەڵ داگیرکەران بکات و لەسەرحسابی خاک و نیشتمان بۆ بەرژەوەندی
حزب و بنەماڵەی حزبی سیاسی نابێ کۆمپانیای هەبێ و قۆرغی بازاڕ بکات، نابێ جومگە سەرەکییەکانی
ئابووری بخاتە ژێر ڕکێفی حزب، کە بەهۆی ئەمانەوە قەیران و برسێتی و بێکاری تین بۆ
خەڵک دێنن و خەڵک نەک لەگەڵ حزب نامێنێتەوە، بەڵکو دژیشی دەوەستنەوە ⸮
ئەگەر ڕاپرسییەکی سەرپێییانە بکەین، لەسەر حزبی
یەکەمی دەسەڵات و هەوادار و ئەندامانی هەمووی هەڵوەریون و زۆر لاوازن، لەبەرئەو
ئەو هۆکارانەی باسمانکردن، لە بەشێکی زۆری حزبە سیاسییەکانی کوردستان دەبینرێ،
حزبی یەکەمی دەسەڵات هەڵوەرینی لە هەموویان زیاترە، بەڵام بەهۆی ئەوەی جومگە سەرەکییەکانی
ئابوری لە دەستە و بۆخۆی قۆرغی کردوون هەڵوەرینەکەی پەردەپۆش کردووە.