521وتار

سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەمترین زانیاری دەربارەی مێژووی کورد نییە: ئەمە کاریسەیە بۆ نەتەوەیەک

3/8/2021 11:50:00 AM
بورهان أ. یاسین


بە پیی سەرچاوە میدیاییەکان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پشوازی لە بڕیارێکی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەکات لە دیاریکردنی ئەمڕۆ (٦ی ئازار) "وەکو رۆژی نیشتمانی و لێبوردەیی و پێکەوەژیان لە عێراق."   

سەرەتا دەمەوێ زۆر بە راشکاوی بڵێم کە ئەم پێشوازیەی سەرۆکی هەرێم لە بڕیاری ئەوەی کە ٦ی ئازار لە عێراق بکرێ بە بۆنەیەکی نیشتمانی، کاریسەیە. لە راستیدا دەکرێ ئەم پێشوازییە دەربڕی تراژیدیایێکی نەتەوەی بێت، دەکرێ دەربڕی ئەو راستییە بیت کە سەرۆکی هەرێم کەمترین شارەزایی بە مێژووی هاوچەرخی کوردی نییە، بە تایبەتی لەم حاڵەتەدا مێژووی هاوچەرخی باشوری کوردستان. ئاخر ٦ی ئازار بۆ کورد رۆژێکی رەشە وە وەک رۆژێک لە تراژیدایی نەتەوەی لە مێژوودا تۆمارکراوە: هەموومان دەزانین کە لە رۆژی رەشی ٦ی ئازاری ١٩٧٥دا رێککەوتنی جەزایر (هەروەها ناسراو بە رێککەوتنی ٦ی ئازار) لە جەزائیر، لە نێوان محەمەد رەزا شا پەهلەوی و سەددام حوسێن، بە ناوەندگیری ژمارەکە وڵات بە تایبەتی جەزائیر، مۆرکرا. ئیتر ئەمە ئەو رێککەتنە بوو کە کۆتاییێکی تراژیدیاوی بە ١٤ ساڵ لە بزاڤێکی چەکداری (ناسراو بە شۆڕشی ئەیلول) هێنا و هەرەس و نسکۆ (ئاشبەتاڵ) بوو بە راستیێکی تاڵی حاشاهەڵنەگر. لە راستیدا ئەم رێککەوتنە نەک هەر کۆتایی بە کاروانێکی ١٤ ساڵیی پڕ لە قوربانی و ماڵوێرانی و پڕاو پڕ لە کۆستی دەیان هەزار لە دایکی شەهیدان هێنا، بەڵکو ئەم نسکۆیە بوو بە سەرەتایەکیش بۆ ئەوەی رژێمی بەعس، لە هەڵمەتێکی دڵڕەقانەی تۆڵەکردنەوەی بەکۆمەڵدا دژ بە کورد، بکەوێتە جێبەجێکردنی پلانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو لە راگواستنی سەرتاسەری گوندنشینەکانی ناوچە سنووریەکان و جێبەجێکردنی هەڵمەتێکی رێکخراوی بەعەرەبکردن و بەبەعسکردنی سەرتاسەری لە کوردستان. . .

رێک لەبەر ئەم هۆیە، جێگای سەرسوڕمان و پرسیار و گومانە کە سەرۆکی هەرێم قەبوڵ بکات رێک ئەو رۆژە رەشە (واتە ٦ی ئازار) بکات بە رۆژێکی بە ناو "نیشتیمانیی لێبوردەیی و پێکەوەژیان لە عێراق."
رێککەوتنی ٦ی ئازار هیچ ماوەیەکی نەدا بە سەرکردایەتی ئەو کاتەی بزاڤی چەکداری باشوری کوردستان بۆ ئەوەی هەرنەبێ کەمێک لە کاریگەریی تراژیدیاوی مرۆیی ئەو کاریسەیە کەم بکاتەوە. ئەمەش وای کرد کە یەکسەر دوای ئەم رێککەوتنە مەلا مستەفا بارزانی لە نامەیەکدا بۆ هێنری کینسنگەر (وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئەمریکا) نامەیەکی پڕ لە هەست و سۆز بنووسێ داوا بکات کە هەر نەبێ چەند هەفتەیەک کاتیان پێ بدرێ بۆ ئەوەی بە دەیان هەزار ژمن و مناڵ بۆ دیوی ئێران بپەڕنە، بەڵام لە وەڵامدا کیسنگەر بە سادەیی دەڵێ: ئەمە کاری من نییە، من وەزیری
دەرەوەی وڵاتێکی گەورەم، نەک سەرۆکی رێکخراوێکی خێرخوازیی. . . ئەم وەڵامەی کیسینگەریش بۆ خۆی روێکی دیکەی ئەو تراژیدیایەیە، بەڵام ئێرە جێگای باسی زیاتر نییە لەو بارەیەوە.

لە کاتێکدا ئەوە جەخت دەکەمەوە کە ئەم هەنگاوەی سەرۆکی هەرێم دەربڕ و هێمای ئەوپەڕی نائاگایی مێژویی و سیاسییە، ئەوا لە هەمان کاتدا پێویست دەکات چەند خاڵێک تۆمار بکەم:

١) ژمارەیەکی زۆر رۆژ لە مێژوی کوردانی عێراقدا هەن (وەک بۆ نموونە ٦ی سیپتێمبەری ١٩٣٠، ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ و زۆر رۆژی دیکە) کە هەرگیز نابێ قەبوڵ بکرێن وەک رۆژی نیشتمانی لە تەواوی عێراقدا. زۆر بە تایبەتی ٦ی ئازار یەکێکە لە رۆژە هەرە رەشەکان لە مێژووی سیاسی باشوری کوردستان و یادەوەری بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستاندا؛

٢) لە راستیدا ئەو هەردوو کۆبوونەوەیەی کە (ئەمڕۆ ٦ی ئازار) پاپا فرانسیس تیایاندا بەشدار بووە، کۆبوونەوەی دینی بوون و ناکرێ بە ئاسانی قەبوڵبکرێن وەک "بۆنە و رۆژی نیشتمانی،" لە باشترین حاڵەتیشدا ئەو دوو کۆبونەوەیە پەیوەندی دوور و نزیکی بە هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستانەوە نییە؛

٣) پرسیارێکی زۆر گرنگ ئەوەیە ئایا بە راست مستەفا کازمی بەر لە راگەیاندنی ئەمڕۆ (٦ی ئازار) وەک رۆژی نیشتمانی بۆ هەموو عێراق، هیچ پرسێکی بە لایەنی کوردی (چ لە بەغدا و چ لە هەولێر) کردووە بە مانای ئەوەی بپرسێ ئایا بە راست کورد هیچ تێبینیێکی دەبێت ئەگەر ئێمە ٦ی ئازار بکەین بە رۆژی نیشتمانی "لێبووردەیی و پێکەوە ژیان" بۆ هەموو عێراق؟ لە راستیدا دەشکرا ئەم پرسیارە یەکسەر ئاراستەی سەرۆک کۆمار بەرهەم ساڵح بکرایە. . . بە هەر حاڵ، لە ئێستادا من ئەو زانیارییەم نییە کە ئەو پرسیارە لە بەرهەم ساڵح کرابێ یا نا، بەڵام خەرابتر ئەوەیە ئەگەر کرابێ و ئەو (واتە بەرهەم ساڵح) هیچ تێبینیێکی لەسەر ئەو رۆژە نەبووبێ؛

٤) لەوە ئەچێ مستەفا کازمی لە هیچ لایەکی کوردییەوە تێبینی دەربارەی ٦ی ئازار پێنەگەیشتبێ، ئەگەر نا دەکرا بە ئاسانی دوێنێ (٥ی ئازار) بکرێ بەو رۆژە نیشتمانییە، چونکە دوێنێ بوو کە پاپا فرەنسیس "لە فڕۆکە دابەزی و پێی خستە سەر خاکی عێراق." بە هەر حاڵ دەکرێ مرۆڤ تێبینی لەسەر ئەم رۆژەش هەبێت، چونکە ئەو رۆژە سەرەتای راپەڕینە مەزنەکەی باشوری کوردستانە، کە رێک لەو رۆژەدا لە دەروازەی راپەڕی، واتە رانیە، دەستی پێکرد. واتە باشترین شت ئەوەیە کە ئەو رۆژەش هەر وەک خۆی پارێزراو بێت لە یادەوەری بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستان؛

٥) ئەگەر ئەم پێشوازییەی نێچیرڤان بارزانی لە بڕیارەکەی کازمی وەک موجامەلەیەکی سیاسی بێت و بە حیسابی نێچیرڤان ببێتە یارمەتیدەر بۆ نزیکبوونەوەی ئەرێنی (پۆزەتیڤ)ی هەولێر و بەغدا لە یەکتر، ئەوا دواجار باجی ئەو موجامەلە سیاسییە زۆر گران لەسەر کورد دەکەوێ: ئیتر دەبێ لە داهاتودا هەموو ساڵێک کورد پێشوازی لە ٦ی ئازار بکات وەک رۆژێکی نیشتمانی، کەچی ئەو رۆژە یادەوەرێکی زۆر تاریک و رەشە لە مێژوو و یادەوەری بە کۆمەڵی کورد؛

دەرنجام: چەند ساڵێک پێش ئێستا باس لە دەسەڵاتدارانی "نەخوێندەوار" لە باشوری کوردستان کراوە. لە راستیدا پێشوازیکردن لە بڕیاری دەستنیشانکردنی ٦ی ئازار وەک رۆژێکی نیشتمانی لە عێراق کێشەی نەخوێندەواریی سەرکردەکانمان بێت یا نا، بە هەر حاڵ راستییە تاڵەکە ئەوەیە کە ئەوە کاریسەیەکی سیاسییە سەرۆکی هەرێم قەبوڵ بکات رۆژی رەشی ٦ی ئازار (رۆژی کۆستی بە کۆمەڵ، رۆژی رەش و رۆژی هێمای تراژیدیای کوردی) بکرێ بە رۆژی نیشتمانی!

ئێستاش درەنگ نییە ئەو هەڵەیە راستبکرێتەوە، ئەگەرنا نە نەوەی دوێنێ کە خۆی بەشێک بووە لە بزاڤە چەکدارییەکەی ئەیلول و باجی زۆریشی لە پێناوی داوە، نە نەوەی ئەمڕۆ و نەش نەوەی سبەینێ ناتوانێ و ناکرێ لەم هەڵەیەی سەرۆکی هەرێم ببورێ!

سوید، ٦ی ئازار ٢٠٢١

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن