وتار

لە ئێستادا تەنگە نەفەسیی پارتی دیمۆکراتی کوردستان شتێکی زۆر مەترسیدارە!

6/15/2021 11:28:00 PM 423 جار خوێندراوەتەوە
بورهان أ. یاسین


 

ناواخن
-پێشەکی
-دۆخی دەروونیی-سیاسیی پارتی
-سیاسەتی پارتی و ئەوانی دیکە
-پەکەکە لە هاوکێشەکەدا
-سێگۆشەی تورکیا، پارتی، پەکەکە
-دەرەنجام



پێشەکی
لە ئێستادا دوو رەگەزی قەیران لە دوانەیەکدا یەکانگیربوون: ١) پارتی دیمۆکراتی کوردستان تەنگەنەفەسە و تەنگەتاو بووە، لە قوڵایی ئەم دۆخەشدا بژاردەکانی ئەم حزبە زۆر نین. ئەمە دۆخێکی زۆر مەترسیدارە؛ ٢) لە بەرامبەریشدا ئاراستەیەک هەیە کە زێتر دەربڕی هەست و نەست و سۆزە کە پێی وایە لەبەر ئەوەی تورکیا داگیرکار و دوژمنێکی دێرینی دڵڕەقی کوردە، ئەوا هەرچی پەکەکە دەیکات، "بە زەرورەت،" راستە و دەبێ پشتگیری بکرێت. ئەمەش دیسان شتێکی مەترسیدارە لە دۆخی دەروونی ململانێدا.

ئەم دوانەیەیە خاڵی لێوەدەرچوون و گریمانەیی ئەم وتارەیە، دوانەیەک کە بۆتە بنەمای کێشەیەک کە دەکرێ بە شێوەیەکی مەترسیدار، وە بە سیناریۆیی جیا جیا، زۆر بە خەراب بەسەر کوردا بە گشتی، وە باشوری کوردستان بە تایبەتی، بشکێتەوە.

*  *  *

ئاشکرایە کە ماوەیەکە باشوری کوردستان بۆتە مەیدانی کۆمەڵێک قەیران و ململانێ. کۆی ئەم کێشە و ململانێیانە قەیرانێکی گشتگیر و فرەئاستی لێکەوتۆتەوە. بۆچوونێکی کلاسیکی، کە بەردەوام حزووری هەیە، دەخوازێ پێمان بڵێ کە کێشە و قەیرانەکان بەرهەمی سیاسەت و پیلانگێڕی هێزە دەرەکی و هەندێ رەگەز و فاکتەری کاریگەریی نادیارن. بەڵام بە پێچەوانەوە تێگەیشتنێکی دروست ئەوەیە کە کۆی قەیرانەکان درێژکراوەی سیاسەت و فەرمانڕەوایی ناکارامە و سەقەتی دەسەڵاتی هەرێمە. پارتی پشکی شێری (لە راستیدا زۆر زیتریش لە پشکی شێر)ی ئەم دەسەڵاتەی بەرکەوتووە؛ نەک هەر ئەوە بەڵکو تەنانەت لە هەوڵی بەردەوامیشدا بووە بۆ ئەوەی هێزەکانی دەرەوەی خۆی بکات بە پاشکۆ و سێبەری خۆی. . . هەر لەبەر ئەوەشە بەرپرسیارێتی سەرەکی (لە پشکی شێر زیاتر) لەم دۆخە قەیراناوییە و ئەگەرەکانی خەرابتربوونی دۆخەکە دیسان هەر بەر ئەو حزبە دەکەوێ.

ئەم وتارە هەوڵ نادات بە هەموو وردەکاریێکەوە لەسەر هەموو پێدراو و رەگەزەکانی ئەم قەیرانە گشتگیرە بوەستێ، بەڵکو هەوڵ دەدات بە خوێندنەوەیەکی بە پەلە کۆمەڵێک پەیام بگەیەنێ. پەیامەکان، لە لایەکەوە خوێندنەوەی هەندێک لە پێشوەچوون و پێدراوەکانە، لە پێناو تێگەیشتنیان، لە لایەکی تریشەوە هەوڵێکن بۆ راڤەکردنی شێوازی هەڵسوکەوتی ئەکتەرە سەرەکییەکانی سەر پانتایی سیاسی و هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەش "ئایا چی بکرێ باشە" دەدات.

بەر لە ئێستا لەو باوەڕەدا بووم کە باشووری کوردستان دەمێکە بە "لوبنانی کراوە" بە مانای شێوازی پێدراوە ناوەخۆییەکان بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی "دەرەوە" پەلکێشی "ناوەوە" بکرێ، لە ئاکامیشدا چیتر ئەو ناوەوەیە بە پەیوەندی لەگەڵ دەرەوەیدا "سەروەر" نییە، بەڵکو تەنانەت ئەم ناوەوەیە بۆتە بارمتە لە دەستی ئەو دەرەوەیەدا و وەک درێژکراوەیەکی ئەو دەرەوەیە هەڵسوکەوت دەکات. . . بەڵام لە ئێستادا چیتر ئەم چەمکی بەلوبنانیکردنە بەشی ئەوە ناکات کە گوزارەشت لە دۆخی ئاڵۆز و پڕ کێشەی باشووری کوردستان بکات. ئەوەی کە ئێستا پێویستە بوترێ ئەوەیە ئیتر ئەگەر سیاسەتی کەناری هەڵدێر (سیاسە حافە الهاویە)ی پارتی دیمۆکراتی کودستان و تا رادەیەکیش هەمان سیاسەتی پەکەکە وا بەردەوام بێت، ئەوا ئیتر دەبێ باس لە "بە سوریاکردنی" باشوری کوردستان بکەین، ئەو کاتەش ئیتر قسە لەسەر کەناری هەڵدێر نییە، بەڵکو قسە لەسەر قوڵایی هەڵدێرێکی زۆر مەترسیدارە، کە تیایدا، لە سیانریۆیێکی زۆر خوێناویدا "تەڕ و وشک بەیەکەوە دەسوتێ." هەڵبەتە بەشێکی گرنگ لەم سیناریۆیە ئەوەیە کە تورکیا چۆن چەکدارە بەکرێگیراوە سورییەکانی برد بۆ رۆژئاوای کوردستان، لیبیا، ئازربایجان و جێگای دیکە بۆ ئەوەی لە ململانێی چەکداریدا بەکاریان ببات، هەر ئەوهاش بیان هێنێت بۆ باشوری کوردستان بۆ ئەوەی شانبەشانی لەشکری ئەو وڵاتە بەرامبەر بە پەکەکە بجەنگێن![1]

دۆخی دەروونیی-سیاسیی پارتی
لە رابردوودا، هەر کاتێک پارتی هەستی بەوە کردبێ کە گەمارۆ دراوە، شتەکان بە پێی بەرنامە و خۆاستی خۆی بەڕێوە ناچن و هەستی بە تەنیا مانەوەی لا دروست بووبێ ئەوا ئەو حزبە ئیتر چۆتە دۆخی هەستکردن بە مەترسی تا رادە و ئاستی مەترسی لەسەر وجودی خۆی. هەر کاتێکیش پارتی ئەوهای هەستکردبێ ئەوا توشی کاردانەوەی لە جۆری "ئەوپەڕ" بۆتەوە و دەستی بۆ هەر چارسەرێک و ئامرازێک بردووە بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی لەم دۆخی "بوون و نەبوونە" بپارێزێ. ئەمە رێک ئەو جۆرە دۆخەبوو کە پارتی بەر لە ٣١ی ئاب توشی بوو و هەر بەم هۆیەشەوە لە دۆخێکی دەروونی ململانێی زۆر ناهەمواردا (گەمارۆدراو و لەژێر هەڕەشەی بوون و نەبوون) دەستی بۆ شتی "تەسەورنەکراو" برد، واتە هێنانی لەشکری ئەنفالکردن و کیمیابارانکردنی کورد بۆ هەولێر (پایتەخی هەمووان!). ئەمڕۆ کۆمەڵێک هۆکار هەن پێمان دەڵێن ئاگادار بن، پارتی لە دۆخێکی دەروونی ناهەمواردایە، ئەو حزبە پێی وایە کە بۆتە ئامانجی "پیلانگێڕیێکی" گەورە، لە هەموو ئاستەکانی سیاسەتکردن و ململانێ. ئەمەش مەترسییە گەورەکەیە، زۆر بە کورتی و بە چڕی: لە دۆخێکی ئەوهادا، کە زۆر دەروونی-سیاسی یا سایکۆ-سیاسییە، پارتی لاری نییە لەوەی کە شتەکان بە ئاراستەی مەترسیدار پاڵ بدات و سەرکێشیەکەی تا ئاستی کاریسەیەکی گشتگیر لە جۆری ٣١ی ئاب ببا! رێک ئەمەشە مەترسییە هەرە گەورەکە.

لە دۆخی ئێستادا پارتی لە لایەکەوە هەست بە گەمارۆدراوی لە لایەن پەکەکەوە دەکات (هەر لە قەندیلەوە، تا مەتیان، حەفتانین و بپەڕەوە دیوی رۆژئاوای کوردستان تا دێیتەوە شنگال و مەخمور. . .). لە شنگال پارتی هەوڵیدا ئەم گەمارۆیە، لە رێگای رێکەوتن لەگەڵ حکومەتی بەغدا، بشکێنێ، بەڵام سەرکەوتو نەبوو. لەبەرامبەردا پارتی لە ژێر فشاری تورکیادایە. ئەم وڵاتە چاوەڕوانی زیاتری لە پارتی هەیە و داوای زیاتری لێ دەکات، بە واتای ئەوەی تورکیا دەخوازێ ئەو حزبە لە شەڕێکی بەرەیی گشتگیردا شانبەشانی تورکیا هێڕش بکاتە سەر پەکەکە. . . ئەو پرسیارەش دەبێ بە کراوەیی بەجێ بهێڵین ئاخۆ ئەو چاوەڕوانیەی تورکیا لە پارتی لە چوارچێوەی رێکەوتنە ٥٠ ساڵیەکەی بارزانی/پارتی و ئەردۆگاندا جێگای دەبێتەوە یا نا!

لە راستیدا پارتی تەنها فشاری بەرەوڕوبوونەوەی پەکەکەی لەسەر نییە، بەڵکو زۆرێک لە پێدراوی دیکە ئەوەمان پێ دەڵێن کە ئیتر پارتی رۆژانێکی پڕ تەنگەژە لە مێژووی خۆیدا تێپەڕ دەکات. یەکێک لە مەسەلە هەر یەکلاکەرەوەکانیش دۆسیەی سزادراوانی بادینانە. لە نزیک بوونەوەیەکی بە پەلە لەم دۆسیەیە، بە جوانی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە بۆچوونی باڵادەست لە ناو پارتیدا ئەوەیە کە دۆسیەی ئەم سزادراوانە لە چوارچێوەی زهنیەت و جیهانبینی رێکخاروێکی هەواڵگیریدا، نەک دادگا و یاسا و دامەزراوەی دەوڵەت، تێگەیشتنی بۆ کراوە. لە پێش هەر شتێکیشەوە ئەم سزادراوانە، ئەوانەشی کە هێشتان سزا نەدروان، خراونەتە ناو قالبی بیرکردنەوە و تێگەیشتی "پیلانگێڕی"، واتە بە دیدی پارتی ئەم سزدراوانە و ئەوانەشی چاوەڕوانی "دادگایکردنن" بەشێکن لە پیلانگێڕیێکی گشتگیر کە تیایدا پەکەکە، هێزی بیانی و تەنانەت هاوپەیمانانیش جێگا دەگرن. ئەم دۆسیەیە لە ئێستادا بۆتە فشارێکی ئەوەندە گەورە لەسەر پارتی کە ئیتر نە ئاسانە هەنگاوێک بۆ پێشەوە بڕوات، بە مانای بەردەوم بێت لەسەر ئەو حوکمەی کە دراوە و لە سەرەتاشدا خواستی مەسرور بارزانی بووە، وە نە بە ئاسانی دەتوانێت هەنگاوێک بۆ دواوە بهاوێژێت، بە مانای دەرەچەیەک بۆ پەشیمانبوونەوە لە حوکمەکە بدۆزێتەوە.

بە بۆچوونی خۆم لە ئێستادا ئەم دۆسیەیە، یا راستتر بڵێین هەڵوێستی پارتی لەم دۆسیەیەدا، هەرێمی کوردستانی بردۆتە پێگەی دەستشکانەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەی، زۆر بە تایبەتی لەگەڵ ئەو بەشە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە ٣٠ ساڵ زیاترە کورد دەپارێزێ، وە لە دوایین بازنەشدا کوردیان لە بەربەریەتی داعشیش پاراست، ملیارەها دۆلاریش تێچووی ئەم پاراستنە بووە. ئایا بە راستی پارتی تێناگات کە ئەم دەستشکانەوەیە و ئەم سەرکێشییە هیستریائامێزە خەریکە تەواوی هەرێمی کوردستان پاڵ دەدات بۆ پێگەیەک لە بەرەوڕوبوونەوە، بە تایبەتی لەگەڵ دۆستانی کورد، کە زۆر لە دەستشکانەوە و سەرکێشی و بەرەوڕوبوونەکەی ریفراندۆم دەچێ!  

زۆر گرنگە ئەم حاڵەتە دەروونییە بخەینە ناو تابڵۆیەکی یا کۆنتێکستێکی سیاسی فراوانتر، ئەویش ئەوەیە کە دوای هەڵبژاردنەکەی ٢٠١٨، وە بەدەستهێنانی ٤٥ کورسی لە لایەن پارتییەوە (بە کۆتاکانیشەوە کەم یا زۆر ٥٦ کورسی) ئەو حزبە پێی وابوو بەم ژمارەیە دەتوانێ زۆر ئامانج بپێکێ کە ساڵانێکە چاوەڕوانە بیانپێکێ و تا ئێستا ئەو ئامانجانەی بەدەستی نەهێناون، یەکێکیش لەو ئامانجانە بەرهەمهێنانی دەستورێکە بۆ هەرێمی کوردستان کە دڵخوازی ئەو حزبە بێت! دیارە لە ئێستاشدا دۆسیەی دەستور خرایە ناو باس و خواسەوە؛ لەوەش گرنگتر، خرایە ناو قاڵبی دوانەی دەستور و یەکڕیزی هێزە سیاسییەکانەوە. بەڵام زۆر گرنگە ئەوە جەخت بکەینەوە کە بە دیدی پارتی پێویستە هەردوو رەگەز و کلیلی دوانەکە (واتە دوانەی یەکڕیزی لە لەلایەک وە دەستور لە لایەکی ترەوە) لە دەستی پارتی خۆیدا بن و ئەو خۆی سەرمەشق بێت لە شێوازی یاریکردن بە دوانەکەوە.

بە هەر حاڵ ئەوەی گرنگە لەم پەیوەستەدا جەخت بکرێتەوە ئەوەیە کە دوور نییە ئەسلەن ئەم یەکڕیزیەی کە پارتی بانگەشەی بۆدەکات، کە بە تایبەتیش لە بابەتی دەستوردا وروژاندویەتی، مەبەست لێی ئەوە نەبێت کە ئەم یەکڕیزییە لە خزمەتی دەستورێکدا بێت کە بۆ هەمووان بێت، بەڵکو مەبەستە سەرەکییەکە ئەوە بێت کە رێک بە ناو و لە ژێر پەردەی دەستورەوە جۆرێک لە یەکڕیزی بەدەست بهێنێت کە دواجار مەبەست لێی بەدەستهێنانی پشتگیری بێت بۆ سیاسەتەکانی پارتی، بە دیریکراویش "یەکڕیزیەکە" بخرێتە خزمەتی جەنگ دژی پەکەکە. واتە: لە رێگای باس و خواسی دەستوورەوە بتوانێ ئەو یەکڕیزییە بەدەست بهێنێ کە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێی خۆی لەگەڵ پەکەکەدا پێویستییەتی! هەڵبەتە ئەم بۆچوونەش زیاتر گریمانەیە، کە دەکرێ لە داهاتوودا یەکلابکرێتەوە!

واتە، لە ئێستادا، پارتی لە ململانییدا لەگەڵ پەکەکە، هەوڵ دەدات هەمووان لەم ململانێیەدا "بگلێنێ،" بە مانای ئەوەی پارتی بە هەمووان دەڵێت "ئەمە شەڕی هەمووانە (واتە هی تەواوی هەرێمی کوردستانە، بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و تەواوی کۆمەڵگەوە)، واتە ئەمە شەڕی هەر کوردستانیێکە کە لە هەرێمی کوردستان دەژ بە پەکەکە. تەنانەت دەکرێ دوا بڕیاری مەسعود بارزانی کە هێزەکانی ٨٠ بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە[2] هەمان ئامانجی هەبێت: بەم بڕیار و هەنگاوە بە هەموو لایەک بڵێ ئەمە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی کوردستانە کە شەر لەگەڵ پەکەکە دەکەن نەک هێزەکانی ٨٠ی پارتی! بەڵام لەوە دەچێ ئەم جارەیان پارتی لە سیاسەتی تێوەگلاندانی هەمووان لە شەڕی کورد بەرامبەر بە کورد سەرکەوتوو نەبێت، ئەگەرچی پێشتر لە راکێشانی زۆربەی هەرە زۆری هێزە سیاسییەکانی پانتایی سیاسی باشوری کوردستان بۆ ناو گەمە دۆڕاوەکەی ریفراندۆم تا رادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بوو. بە واتایەکی دیکە پارتی لە ئێستادا خۆی لە ناوەڕاستی گەمەیەکی سیاسی پڕ لە ئاڵنگاری دەبینێتەوە کە لەوە دەچی هەر بە تەنیا بمێنێتەوە. رێک ئەم بە تەنیا مانەوەی پارتی و هەستکردن بە گەمارۆدراوی، کەنارکەوتن و بە تەنیا مانەوە وە هەر ئەم هەستەشە کە لە ئێستادا چووەتە رادەی هەستکردن بە تەنگەنەفەسی و تەنگەتاویی!

جگە لەمەش، لە دۆخێکی ئەوهادا پارتی دوو بژاردەی لە پێشە: ١) یا ئەوەتا هەمووان بە ناوی حکومەت و دەسەڵاتی کوردی و دامەزراوەکانییەوە لە ملمانێکە بگلێنێ، بۆ ئەوەی هەر نەبێ خۆی بە تەنیا نەکەوێتە ژێر قورسایی و گەورەیی ئەو بەرپرسیەی کە لەو ملمانێیە دەکەوێتەوە، بە تایبەتی ئەگەر پێشەوەچوونەکان سەریان کێشا بۆ شەڕێکی گشتگیر و یەکلاکەرەوە؛ ٢) لە رووی سەربازییەوە پارتی، بە ئەگەری یەکجار زۆر، ناتوانێ بە تەنیا بچێتە ژێر باری شەڕێکی بەرەیی فراوان لەگەڵ پەکەکە. کەواتە دەرەنجام: ١ و ٢ تەواوکەری یەکترن و بە شێوەیەکی ئۆرگانیکی یەکتر تەواو دەکەن؛ بە هەردووکیشیان نالەباریی بژاردەکانی بەردەم پارتی پیشان دەدەن. لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتیش، رۆژ دوای رۆژ، پەراوێزی پارتی لە مانۆوەری سیاسی و سەربازیدا بەرتەسکتر و بەرتەسکتر دەبێتەوە وە دەشکرێ دواجار پارتی، دژ بە خواستی خۆی، ناچار ببێت بڕیارێک بدات کە بۆ ئەم حزبە پڕ بە پێستی نەبێت و لە روی سەربازی و سیاسیی، تەنانەت دیپلۆماسیشەوە، جێگەی مەترسی گەورە بێت!

سیاسەتی پارتی و ئەوانی دیکە

ساڵانێکە پارتی دیمۆکراتی کوردستان، بەبێ گوێدانە ئاکامە کاریسەئامێزەکان، سیاسەتی پاڵدانی رووداوەکان تا کەناری هەڵدێر، لە راستیدا نەک هەر ئەوە بەڵکو تەنانەت بۆ قوڵایی هەرە قوڵی هەڵدێریش، گرتۆتە بەر. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئەم جۆرە لە سیاسەت و جیهانبینییە تەنها ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی نەگرتۆتەوە، بەڵکو ئاستی پەیوەدنییەکانی هەولێر و بەغدا، ئاستی پانتایی تەواوی کوردستانی گەورە، ئاستی ئیقلیمی و تەنانەت ئاستی هەرە جیهانییشی گرتۆتەوە. ئاخر لە دەستشکانەوەکەی ریفراندۆمەکەی ساڵی ٢٠١٧ سیاسەتی پارتی، لە پاڵدان بۆ هەڵدێر و سەرکێشیکردن تا ئەندازەی نقومبوونی کەشتیە مەزنەکەی هەمووان و سوتانی تەڕ و وشک بە یەکەوە، کاریسەئامێز بوو لەگەڵ ئەو راستییەشی کە هەموو ئاماژەکان بە روونی ئەوەیان بە ئێمە دەوت کە هەموو ئاستەکاندا رەوتی بەرەوپێشچوونەکان ئەوە دەردەخەن کە ریفراندۆم بە کاریسە تەواو دەبێت. لەم سیاسەتی دەستشکانەوە پارتی، بە تایبەتی سەرۆکی ئەو کاتەی هەرێم (مەسعود بارزانی) سەرکێشی بەرامبەر هێزە سیاسییەکانی باشوری کوردستان، بەرامبەر بە بەغدا، بەرامبەر بە هێزە ئیقلیمییەکان وە تەنانەت زلهێزەکانیش کرد؛ ئاکامە کاریسەئامێزەکەی دەستشکانەوەکەش هەر زوو بۆ هەمووان ئاشکرابوو!

لە لایەکی دیکەوە، لەم سیاسەتی سەرکێشی و پاڵدانی دۆخەکە تا کەناری هەڵدێر، پارتی، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە ئەم هێزە تەنها ٤٥ کورسی لە پەرلەمان هەیە و بەبێ گوێدانە ئەوەشی کە ئایا هێزە سیاسییەکانی دیکە چی دەڵێن و چی دەکەن، هەنگاو دەنێت. بەڵام لە بەرامبەر ئەم سەرکێشی و سیاسەتی کەناری هەڵدێرە، هێزەکانی دیکەی کوردستان، لەبەر هۆیەک یا هۆیەکی دیکە، هەڵوێستیان ناڕوونە، یا هەر نەبێ ئەو هەڵوێستە بەشی ئەوە ناکات ئیستەیەکی جددی بە پارتی بکات وە وای لێ بکات بوەستێت و بەخۆیدا بچێتەوە. بە هەر حاڵ، لە رۆژانی دواییدا لەسەر زاری هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی (لاهور شێخ جەنگی) پەیامێکی تا رادەیەک روون بە گوێی پارتی و خەڵکدا درا بە مانای ئەوەی کە یەکێتی نابێتە بەشێک لە شەڕ و پێکدادانێکی کوردی-کوردی. شێخ جەنگی دەڵێ: "دژی هەموو شەڕێكی براكوژیین، سەركۆنەی هەموو لایەنێكیش دەكەین كە بیەوێت ئارامی و سەقامگیریی كوردستان بخاتە مەترسییەوە، بە هیچ شێوەیەك بەشدار و لایەنگری شەڕێك نابین كە خوێنی كورد بە دەستی كوردی تیادا بڕژێت."[3] لەگەڵ ئەوەشی ئەم پەیامە گرنگە، بە تایبەتیش گرنگی لەوەدایە رووی قسەی تەنها لە یەک لایەنی قەیران نییە، بە شێوەی کۆ، واتە "هەموو لایەنێک"، قسە دەکات. بەڵام پێموایە ئەم پەیامە بەشی ئەوە ناکات کە پارتی لەو خاڵەی کە لێیەتی بوەستێنێ و دووچاری پاشەکشەی بکات. زۆربەی هێزەکانی دەرەوەی پارتی تا ئێستاش "شەرمنانە" هەڵسوکەوت دەکەن لەمەڕ دۆسیەی گرژییەکانی نێوان پارتی و پەکەکە: لە راستیدا دەمێک بوو دەبوایە ئەم هێزانە بە یەکەوە و بە یەک دەنگ (وەک بۆ نموونە لە ئاستی فراکسیۆنەکان، یا تەنانەت لە ئاستی هەرە باڵای سیاسی) بە پارتی بڵێن "بوەستە لەو پانتاییەی کە پێی دەگوترێ باشوری کوردستان هێزی سیاسی دیکەش هەن کە بە زەرورەت وەک تۆ بیرناکەنەوە، خەڵکی دیکەش هەیە تەنانەت دژی ئەو سیاسەتەیە کە تۆ پیادەی دەکەیت و ناکرێ لە لایەکەوە باس لە یەکڕیزی بکەیت و لەولاشەوە بە سەرکێشییەکانتەوە هەرێمی کوردستان بەرەو هەڵدێرێکی هەرە مەترسیدار پاڵ بدەیت، کە تیایدا بەر لە هەر شتێکی دیکە یەکڕیزی دەبێ بە قوربانیی پێشوەچوونێکی ئەوها." ئاخر ئەگەر تەنها سەرئێشەی ئەو هێزە سیاسییانە موچە و دەرماڵە و چی و چی بێت، ئەوا ئەو هێزانە دێنە ئاستی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و زیاتر نا و مەسەلە هەرە ستراتیژی و نیشتمانییەکان بۆ پارتی بەجێ دەهێڵن، وەک چۆن کاتی خۆی پرسی سەربەخۆیی و ریفراندۆمیان، تا رادەیەکی زۆر، بۆ پارتی بەجێهێشت!

لە ئێستادا دۆخێک هاتۆتە پێشەوە کە تیایدا، لە هەمان هاوکێشەدا پارتی، پەکەکە و هێزە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەبینرێن. ئەوەی پێویستە دەبێ تێگەیشتنێکی گشتگیر، یەکخراو (integrated) و هاوسەنگ بۆ دۆخەکە بکرێ. لەم پێناوەشدا پێویستە بە تایبەتی تێگەیشتن بۆ بەهانە و هەڵوێستێکی پارتی بکەین بۆ ئەوەی بزانین ئایا بە راست بنەماکانی سیاسەتی پارتی لەمەڕ بوونی پەکەکە لە باشوری کوردستان، سیاسەتێکە کە لە ئێستادا زۆر نزیک بۆتەوە لە پاڵدانی ئەو دۆخە بەرەوە دۆزەخی شەڕی کورد بەرامبەر کورد، کە من رێک ٢٧ ساڵ بەر لە ئێستا ناوم ناوە "شەڕی خۆکوژی."[4] هەروەها پێویستە لە بەرامبەریشدا، بە هەمان گرنگییەوە، هەوڵی تێگەیشتنێکیش بدەین لە لۆژیکی پەکەکە لەمەڕ "رەوایی" بوونی ئەم حزبە لە باشور وە شەڕەکەی لەگەڵ تورکیا لەم پارچەیەی کوردستاندا.

بەهانەی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی پارتی دژ بە پەکەکە ئەوەیە کە مەیدانی بوون، چاڵاکی و شەڕی پەکەکە باکوری کوردستانە نەک باشور. بەڵام ئەگەر هەوڵبدەین لە سەرەوە و لە دەرەوەی جەمسەرگەری پارتی و پەکەکەوە لەم بەهانەیە بڕوانین ئەوا، هەم لە گۆشە نیگای مێژووی پارتییەوە و هەمیش لە گۆشە نیگای کەلتوری سیاسی ئەم حزبەوە: ١) لە رووی مێژووییەوە: پارتی لە مێژووی خۆیدا لاری لەوە نەبووە کە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بوونی راستەوخۆ یا ناڕاستەخۆی هەبێ، بەڵکو لە راستیدا هەوڵی زۆریشی بۆ ئەو بوونە داوە؛ تەنانەت لە بەشەکانی دیکە دژ بە کوردان جەنگاوە هەر وەک لە سەرەتای ١٩٨٠کان ئەوەی کرد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. جگە لەوەش هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان، پارتی سەرسەختانە ویستویەتی "پشک" و تەنانەت هەژموونیشی لەو ئەزموونەدا هەبێت، تەنانەت لەو پێداگرییەیدا لاری لەوە نەبووە تا ئەوپەڕی پێداگری و سەرکێشیش بڕوات. . .؛ ٢) لە رووی کەلتوری سیاسییەوە: کێشەی پارتی لەگەڵ پەکەکە هەر ئەوە نییە کە ئەو حزبە لە بەشێکی دیکەی کوردستانەوە هاتووە و مەیدانی راستەقینەی خەبات و بوونی ئەو حزبەش باکورە نەک باشور. ئەگەر ئێمە کەلتوری سیاسی پارتی بکەین بە پێوەر و کۆدی تێگەیشتن لە کێشەکە ئەوا بە ئاسانی دەتوانین بپرسین ئایا یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی (ئێستا دادگەری) کوردستان و گۆڕان لە بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە هاتوون، کاتێک بینیومانە و دەبینین پارتی لە کەمترین چاڵاکی ئەم حزبانە، بە تایبەتی لە ناوچەی بادینان، تەنگەتاو و نەفەستەنگ دەبێت، تەنگەتاویەک کە دەگاتە رادەی سوتاندنی بارەگای حزبەکان، بێسەر و شوێنکردنی کادیر و چاڵاکوانانیان و . . . هتد. ئایا بۆ بە درێژایی بوونی ئەم حزبانە، بە یەکێتیشەوە کە بۆ ماوەی دوور و درێژ لە رێکەوتنی ستراتیژیدا بووە لەگەڵ پارتی، لە بادینان وەها مامەڵە کراون وەک ئەوەی ئەم حزبانە بە بارمتە گیراوی پارتی بن و سنوری چاڵاکیان هەر ئەوەندە بڕوات تا پارتی حەز ئەکات. نەک هەر لە بادینان بەڵکو پارتی تەنانەت هەولێریش بە "هی خۆی" دەزانێت وە ئەو "سنوورانەی" لە دوای ٣١ی ئابەوە کێشران هەر ئەو سنوورانە تا ئێستاش "حەکەم" و جیاکەرەوە و یەکلاکەرەوەن!

دەرەنجامی ١ و ٢ (لە سەرەوە): ئەگەر بە راستی پارتی دەخوازێ سەرکەوتوو بێت لە باوەڕهێنان بە لایەنەکان کە ئەوەی ئەو حزبە بەرامبەر پەکەکە دەیکات رەوایە، ئەوا پێویستە بەهانەی باشتری هەبێت لەوەی کە بە سادەیی بڵێ پەکەکە لە پارچەیەکی دیکەی کوردستانەوە هاتووە و لەبەر ئەوەش دەبێ ئەو حزبە بچێتەوە ئەو بەشە شەر بکات، نەک لە باشور. زۆر بە سادەیی: پارتی بەهانەی دیکەی بەهێزتر و لۆژیکتری پێ نییە، لەبەر ئەوە لە دۆخێکدا داماوە، کە هی تەنگەتاوی و کەلتوری سیاسیی تەنگەنەفەسییە!  

پەکەکە لە هاوکێشەکەدا
هەر لە سەرەتای ١٩٩٠کانەوە پەکەکە لە باشوری کوردستان بوونی هەبووە و هەیە. بە درێژایی ئەو کاتە، بە سێ هۆی سەرەکی، تا هاتووە قورسایی پەکەکە لەم بەشەی کوردستان زێتر بووە و لە ئاستێکی تەکتیکییەوە چوەتە ئاستێکی ستراتیژیتر: ١) پەکەکە هەرگیز نەیتوانی بەشێک لە خاکی باکوری کوردستان رزگار بکات و لەسەر ئەم خاکە دەسەڵاتێکی خۆجێی "ناوچە رزگارکراوەکان" رابگەیەنێ، هەر وەک تا کۆتایی ١٩٨٠کان بانگەشەی بۆ دەکرد. نەک هەر ئەوە، بەڵکو پەکەکە لە باکوری کوردستان، لە روی سەربازییەوە، لە ١٩٩٠کانەوە ناچار بە پاشەکشە کرا و دواجار قورسایی بوونی سەربازیی خۆی خستە سەر باشوری کوردستان وە قەندیل جێگای "ئەو خاکە رزگاربووەی" گرتەوە، کە پەکەکە قەت نەیتوانی لە باکوری کوردستان بەدەستی بهێنێ؛ ٢) کۆتاییهاتنی هاوکارییەکانی سوریا بۆ پەکەکە (لە کۆتایی ١٩٩٠کان) و ناچارکردنی ئەو حزبە و سەرۆکەکەی بۆ ئەوەی سوریا جێبهێڵن، وایکرد کە پەکەکە قورسایی سەربازیی خۆی بخاتە سەر باشوری کوردستان؛ ٣) پەکەکە لە ئەزموونی رێکخستنی بەشێک لە شارەکانی باکوری کوردستان بە ناوی "کۆنفیدڕاڵی دیمۆکراتیک" لە ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ شکستی هێنا. لەم ئەزموونەدا پەکەکە شکستی هێنا لە روڕوبوونەوەی سەربازیی لە ژمارەیەک لە شارەکانی باکور. بە تایبەتی سوری ئامەد بوو بە سیمبۆل و لوتکەی ئەم شکستە. لە ئاکامدا پەکەکە قورسایی سەربازی خۆی لە باکوری کوردستان زێتر لەدەستدا و بەم شێوەیەش ئەم قورساییەی گواستەوە بۆ دەرەوە و زێتر ئەو قورساییە کەوتە سەر قەندیل بە تایبەتی، وە باشوری کوردستان بە گشتی، بەڵام دیارە بادینان بەشی شێری لە قەڵەمڕەوی پەکەکە بەردەکەوێ. . . هەڵبەتە ئەم حاڵەتەش بۆ تورکیا شاردراوە نەبوو: واتە، تورکیاش لە بەرامبەردا فشاری خۆی لەسەر پەکەکە لە باشوری کوردستان چڕتر کردەوە و بردیە ئاستی ململانێی سەربازیی یەکلاکەرەوە و چارەنووسساز.

لە بەرامبەردا تورکیا بە ئاشکرا لە هێڕشی ئێستایدا بۆ سەر باشوری کوردستان مەبەستیەتی کۆتایی بە پەکەکە بهێنێ هەر وەک چۆن ئیسرائیل لە هێڕشی یەکلاکەرەوەی بۆ سەر لوبنان لە ١٩٨٢دا کۆتایی (سەربازیی) بە رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین (PLO) لەو وڵاتە هێناو چەند ساڵێکیش دواتر ئەم رێکخراوە، تا رادەیەکی زۆر وەک ئاکامی ئەم شکستە سەربازییە یەکلاکەرەوەیە لە لوبنان، بە یەکجاری لە پایزی ١٩٨٨ بڕیاری فڕێدانی چەک و کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە خەباتی چەکداری راگەیاند.

دوای ئەوەی کە پەکەکە خەباتی چەکداری بە "نیـمچە سەرکەوتنێک"[5] گەیاندە سەرەتای ١٩٩٠کان، ئەوا ئیتر لەو کاتەوە پێویست بوو پەکەکە بەم نیمچە سەرکەوتنە رازی بێت و شێوازی خەباتی بە تەواوەتی، هەر وەک فەلەستینییەکان لە (١٩٨٨)ەوە کردیان، بگۆڕێ هەموو توانای خۆی بخاتە سەر خەباتی دیپلۆماسی و سیاسی:[6] ١) لەگەڵ کۆتایی جەنگی سارد خەباتی چەکداری لە هەموو جیهان گرنگی خۆی لە دەستدا وە قۆناغێکی دیکە دەستی پێکرد کە تیایدا برەودان بە شێوازی دیپلۆماسی و سیاسی (مەدەنی) بووە جێگرەوەی خەباتی چەکداری؛[7] ٢) لە ساڵی ١٩٩١ دوو شتی گرنگ روویاندا، کە هەردووکیان بە یەکەوە رێگایان کردەوە بۆ خەباتی مەدەنی-سیاسی لە باکوری کوردستان و تورکیا، یەکەمیان، بەشداریی کوردان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە پایزی ١٩٩١ بۆ یەکەم لە رێگای حزبێکی "لایەنگر بە کورد (Halkin Emek Partisi, HEP) واتە پارتی کاری گەل، کە لە ساڵی پێشتردا دامەزرابوو، وە لەو هەڵبژاردنەدا ٢٢ کورسی لە پەرلەمانی تورکیادا بەدەستهێنا؛ دووەمیان، هەر لەو ساڵەدا، بۆ یەکەم جار، تورکیا دانی نا بە بوونی ١٢ ملیۆن کورد لە تورکیا؛ ٣) لە هاوکێشەی هێز و توانای سەربازیدا (لە نێوان تورکیا و پەکەکە) ناهاوسەنگیەک لە سەرەتای ١٩٩٠کان هاتەکایەوە کە لە بەرژەوەندی تورکیا بوو وە پاشەکشەی سەربازیش بوو بۆ پەکەکە؛ ٣) ئەگەر چی زۆر جار لە باس و خواسەکان دەربارەی گەشەسەندنی خەباتی سیاسی-مەدەنی لە باکووری کوردستان تەنها باس لە رۆڵی ئەرێنی بوون و کاریگەریی سەربازیی پەکەکە دەکرێتەوە، وەک ئەوەی ئەم رۆڵە تەنها یارمەتیدەر و "پشتگیر" بووبێت بۆ ئەو خەباتە مەدەنییە، بەڵام راستییەکەی، وە ئەمەش باوەڕی خۆمە، خەباتی مەدەنی و سیاسیی کوردانی باکور زۆر جار خۆی لە نێوان دوو بەرداشدا (بەرداشی قەندیل لە لایەک، وە بەرداشی دەوڵەتی تورکیا لە لایەکی دیکەوە) بینیوەتەوە. بەم واتایەش ئەم شێوازە لە خەبات باجێکی قورسی ئەو حاڵەتەی داوە! کەواتە بۆ ئەوەی ئەو خەباتە مەدەنییە بتوانێ بە ئامانجەکانی بگات پێویستە سەرەتا لەم حاڵەتی "هاڕین" و بە بارمتە گیراویەی نیوان دوو بەرداشەکە رزگاری ببێت: ئاخر نە باکوری کوردستان ئیرلەندایە و نەش تورکیا بەریتانیا (کۆنترین و جێگیرترین دیمۆکراسی رۆژئاوا)!     

سێگۆشەی تورکیا، پارتی، پەکەکە
 یەکێک لە رەهەندەکانی سێگۆشەی تورکیا، پارتی و پەکەکە ئەوەیە کە ئەم دوو حزبە نەک هەر دوو دیدی زۆر جیاوازیان هەیە لەمەڕ بوونی هێزەکانی تورکیا لە باشوری کوردستان، بەڵکو ئەم دوو هێزە سیاسییە لە دوو پەیوەندی زۆر جیاوازدان لەگەڵ ئەو دەوڵەتەدا: لە کاتێکدا تورکیا دوژمنی سەرسەختی پەکەکەیە، لە شەڕێکی خوێناویدایە لەگەڵی، بە رێکخراوێکی تیرۆریستی لە قەڵەم دەدا و بە هەڕەشەیەکی گەورەش بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و یەکپارچەیی خۆی دەزانێ، بەڵام، بە پێچەوانەوە، تورکیا بۆ پارتی نەک هەر کێشە نییە بەڵکو تەنانەت "هاوپەیمانێکی" گرنگیشە.[8] سیاسەتی پارتی لە دژایەتیکردنی پەکەکە یەکانگیرە لەگەڵ هەمان سیاسەتی تورکیا دژ بە پەکەکە، نەک هەر لە باشوری کوردستان بەڵکو بە هەمان راددە لە رۆژئاوای کوردستانیش. هەرگیز بە لای پارتییەوە باڵادەستی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان جێگای رەزامەندی نەبووە و نییە. وەک یەکانگیربوونێک لەگەڵ ئەم سیاسەتەی پارتی، تورکیاش بە توندی دژایەتی رۆڵ و باڵادەستی پەکەکەی لەو بەشەی کوردستان کردووە، تەنانەت ئەم دژایەتییە گەیشتۆتە ئاستی داگیرکاریی سەربازیش، لە راستیدا داگیرکاریێکی دڵڕەقانە. پارتی نەیشاردۆتەوە کە ئەوان پێیان وایە بوونی پەکەکە لە باشور داگیرکارییە. هەروەک بەرپرسێکی پارتی دەڵێ: "دروستكردنى ناوچه‌ى ئیدارەدان له‌ لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌  له‌نێو هه‌رێمى كوردستان  به‌ ناوى هه‌رێمى قه‌ندیل و زاب و بە چەند ناوێکی دیکە بە واتاى داگیركردنى خاكى هه‌رێمی كوردستان دێت."[9] ئەمە لە کاتێکدایە کە پارتی نەک هەر بێدەنگە لە بوونی سەربازیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو هاوکار و "هاوپەیمانی" ئەو وڵاتەشە. ئەم هەڵوێستەی پارتی (واتە بینینی پەکەکە وەک داگیرکار، کەچی بە سروشتیی بینینی بوونی تورکیا لە هەرێمی کوردستان)[10]  نەک هەر بۆتە جێگای پرسیار بۆ زۆرێک لە کوردستانیان بەڵکو بۆتە بنەمای هەڵوێست وەرگرتن دژ بە بوونی تورکیا لە هەرێم و هەروەها دژ بە هەڵوێستی پارتی لەم بارەیەوە، بەڵام لە بەرامبەردا شێوەیەک لە هاوسۆزی بۆ پەکەکە. لە راستیدا ئەم هەڵوێستەی پارتی هۆکاریشە بۆ بە تەنیا مانەوەی پارتی و ناسەرکەوتووی ئەو حزبە لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی ئەو هەڵوێستە دوژمناکارانەکەی خۆی بۆ پەکەکە لە دوژمنایەتی حزبەوە بگۆڕێ بە دوژمنایەتی هەموو هەرێمی کوردستان بۆ پەکەکە. تەنانەت پارتی نەک هەر لەو هەوڵەیدا سەرکەتوو نەبووە، بەڵکو هەست بە کەنارگیریش دەکات! دەکرێ پارتی لەو هەستی بە تەنیا مانەوە وە پێویستی ئەو حزبە بە راکێشانی سۆزی ئەوانی دیکە بۆ لای خۆی لە بەیاننامەیەکی مەکتەبی سیاسیدا ئەو حزبەدا (لە ٦/٦/٢٠٢١) دەردەکەوێ. لەو بەیاننامەیەدا ئاماژەیەک بە بوونی تورکیا لە هەرێم کراوە وەک ئەوەی ئەم ئاماژەیە گوزارشت بێت لە باوەڕی پارتی بەوەی کە ئەم بوونە داگیرکارییە. مەکتەبی سیاسی لە بەیاننامەکەیدا دەنووسێ "پەکەکە بە مەبەست و دەستی ئەنقەست شەڕی لەگەڵ تورکیا گواستۆتەوە نێو خاکی هەرێمی کوردستان و بە پیلانێکی دانراو شەڕ دەکات و ناوچەکان بۆ سوپای تورکیا بەجێ دەهێڵێت، تا خاکەکەمان بە داگیرکردن بدات و فشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان زێدەتر بکات."[11] بە هەر حاڵ جگە لەوەی بەیاننامەکە قسەی زۆر هەڵدەگرێ، بەڵام ناکرێ دەربڕینی "بە داگیرکردن بدات" وا بخوێنرێتەوە وەک ئەوەی پارتی بێ پەناو پێچ دانی بەوەدا نابێت کە ئیتر بوونی تورکیا لە باشور "داگیرکارییە"!     

لە بەرامبەر هەڵوێستی پارتی لە پەکەکە و تورکیا، دەکرێ بڵێین پەکەکەش  لە بابەتی بوونی خۆی لە باشوری کوردستان هەڵوێستێکی هەیە کە پڕە لە دژایەتی و لە رووی سیاسییەوە تا بڵێی سادەشە. پەکەکە هەر لە سەرەتای ١٩٩٠کانەوە پێی وابووە ئەوان "بەبێ روخسەت وەرگرتن" لە هیچ کەس و لایەنێک بۆیان هەیە لە هەر پارچەیەک و جێگەیەکی کوردستانی گەورە ببن، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی کە باوەڕە ئایدیۆلۆژییەکان شتێکن بەڵام گونجان یا نەگونجانی ئەو باوەڕە ئایدیۆلۆژییانە لەگەڵ بنەماکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بە تەواوەتی شتێکی دیکەن. . . لە راستیدا ئەگەر بە لۆژیکی پەکەکە بێت ئەوا هەر دەوڵەتێکی عەرەبی بۆی هەیە هەر کاتێک بخوازێ هێزی خۆی بنێرێتە ناو هەر وڵاتێکی دیکەی عەرەبی و لێی جێگیر بکات، بە بەهانەی ئەوەی کە هەر پارچەیەکی خاکی عەرەب کراوەیە بۆ هەموو وڵاتانی عەرەبی و هاووڵاتییانی عەرەب لە هەر کوێیەکی جیهانی عەرەبی ببن. بەڵام لە راستیدا شتەکان بەو سادەییە نین وە ئەم شتە لە رووی کردارەوە وا بە ئاسانی ناچێتە سەر. کەواتە بەهانەکەی پەکەکەش ناتوانێ بەو سادەییە و بەبێ کێشە قەبوڵ بکرێ!

لێرەدا پێویستیمان بە فراوانکردنی ئەو بەراوردە لە نێوان حاڵەتی کوردی و حاڵەتی عەرەب، بە تایبەتی فەلەستینی هەیە. فەلەستینییەکان لە خەباتی چەکداریاندا لە کاتی جیا جیادا بوون بە کێشە و سەرئێشە بۆ هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی، بە تایبەتی بۆ سێ لەم وڵاتانە (میسر، ئەردەن و لوبنان)، لە هەر سێ حاڵەتیشدا بوونی فەلەستینییەکان لەو وڵاتانە بوو بە هۆی جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و ئەو وڵاتانە، یا پاڵدانی دۆخەکە تا کەناری جەنگێکی گشتگیر: تا ١٩٦٧ چاڵاکییە سەربازیی (فیدائیی)ەکانی فەلەستینییەکان کێشە بوون بۆ میسر؛ دوای جەنگی حوزەیرانی ١٩٦٧ چاڵاکییە سەربازییەکانی فەلەستینییەکان بوون بە کێشە بۆ شانشینی ئەردەن تا سێپتێمبەری ١٩٧٠؛ لە دوای ئەو بەروارەوە فەلەستینییەکان بوون بە کێشە بۆ لوبنان. ئەم دۆخە لە لوبنان لە ١٩٧٠وە بەردەوام بوو تا هێڕشە بەرفراوانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و چوونە ناو بەیروتەوە لە ١٩٨٢دا و بەم شێوەیەش ئیسرائیل توانی چۆک بە رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستینی دابدات و وای لێبکات چەکدارە فەلەستینییەکان بە یاسر عەرەفاتەوە "بە پەلە پروسکێ" و بە هاوکاری زلهێزەکان، بە تایبەتی بە یارمەتی ئەمریکا و لە ژێر چاودێری ئەوان، لوبنان بەجێ بهێڵن. ئەم بەسەرهاتەی فەلەستینییەکان وانەیەکە بۆ کورد، زۆر بە تایبەتی بۆ پەکەکە: راستە لە رووی پرەنسیپەوە وڵاتانی عەرەبی پشتگیری فەلەستینییەکانیان کردووە، بەڵام کاتێک ئەم پشتگیرییە دەبێ بە کێشە بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئەوا ئەو وڵاتانە و فەلەستینییەکانیش پێویستە چارەسەرێک بدۆزنەوە، ئەگەر نا کاریسە و جەنگی نەخوازراو چاوەڕوان دەکات، هەر وەک لە حاڵەتی هێڕشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە و چۆکدادان بە رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین و خەباتی چەکداری فەلەستینییەکان بە شێوەیەکی تراژیدییاوی و یەکلاکەرەوە.

دەرەنجام   
وەکو خاڵی لێوەدەرچوونی ئەم وتارە لە دوانەی تەنگەتاو بوون و نەفەستەنگی پارتی لە لایەک وە لە لایەکی ترەوە ئەو بۆچوونە باوەی کە لەبەر ئەوەی تورکیا داگیرکارە و دوژمنێکی دڵڕەقی کوردە، ئەوا بە زەرورەت پێوسیتە لەم دۆخەدا پشگیری لە پەکەکە بکرێ، بەو پێیەی کە پەکەکە بەرگری لە خۆی و لە کورد دەکات و "لەسەر حەقە."

لە دۆخێکی ئەوهادا و گرێدراو بەو دوانەیەوە، لە ناو پانتاییە هەرە فراوانەکەی کوردستاندا، بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان، حاڵەتێکی دابەشبوون و فرەهەڵوێستی و تەنانەت هەڵوێستی دژبەیەکیش لە تێگەیشتن و هەڵسوکەوت هەن.

بە پێی ئەزموونەکانی پێشتر هەر کاتێک پارتی "تەنگەنەفەس" و تەنگەتاو بووبێت، ئەوا ئەو حزبە بێ دودڵی دەستی بۆ شتگەلێک بردووە کە بە بیری خەڵکدا نەهاتووە، هەر وەک لە ٣١ی ئاب دەستبردن بۆ هاوکاری لەگەڵ رژێمی بەعس لە پێناو چۆکدادان بە یەکێتی. هەروەها لە دوای باس و خواسی یاسای سەرۆکایەتی لە ساڵی ٢٠١٥، بە تایبەتی کاتێک ئەوها یاسایەک بە زۆرینە، سەرەڕای پارتی و دژ بە خواستی ئەو حزبە، لە ٢٣ی حوزەیرانی ئەو ساڵەدا تێپەڕێنرا، پارتی لە هەڵسوکەوتیدا چووە ئەو پەڕ و لە جوڵەیەکی کودەتا ئاسا لە ١٢ی ئۆکتۆبەری ئەو ساڵەدا رێگای لە سەرۆکی پەرلەمان گرت بچێتە هەولێر و پەرلەمانی پەکخست. بە باوەڕی خۆم حاڵەتی ئێستای سایکۆ-سیاسی پارتی زۆر لە هی بەر لەو دوو رووداوە (واتە ٣١ی ئاب و رێگیری لە سەرۆکی پەرلەمان لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٥) دەچێ، ئەمەش دەبێ جێگای مەترسی و نیگەرانی هەمووان بێت: لە دیدی پارتییەوە، بە تایبەتی لەبەر ئەوەی ئەو گەورەترین حزبە و خاوەن ٤٥ کورسی پەرلەمانییە، ئەوا ئەو حزبە دەبێ بە پێی قورسایی خۆی خاوەن بڕیاری یەکلاکەرەوە بێت لە تەواوی مەسەلە سیاسییەکانی باشوری کوردستاندا. بەڵام لە بەرامبەردا پارتی لە هەڵوێستی لە دۆسیەی پەکەکە و هاوکاریکردنی تورکیا، زۆر بە تەنیایە و تەنانەت پارتی لە ئێستادا، لەبەر ئەوەی هیچ هێزێکی سیاسی لە باشور پشتگیری ناکات، لە حاڵەتێکی دەروونیدا دەژیێ کە وەک هی (٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٥)ە دەچێ، کە تیایدا پارتی خۆی وەک کەمینەو پەراوێزخراو و بە تەنیا بینییەوە؛ دواتریش بۆ راستکردنەوەی ئەم وێنەیەی خۆی، دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە برد لە جوڵە کودەتا ئاساکەی ١٢ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا.    

لە رۆژانی دواییدا ژمارەیەکی زۆر بەیاننامە، راگەیاندراو، چاڵاکی جۆراو جۆر، هەوڵی دایەلۆگ و ئاشتی پانتاییەکەیان تەنیەوە، بەڵام هیچیان کاریگەری ئەوەندە نەبوو کە بتوانێ دۆخی پاڵدان بەرەو کەناری هەڵدێرێکی زۆر مەترسیدار راگرێ. لە رۆشنایی ئەو خوێندنەوەیەی کە لەم وتارەدا کراوە، نووسەری ئەم وتارە لەو باوەڕەدایە نزیکبوونەوەی بەردەوام لە هەڵدێرێکی زۆر مەترسیدارتر لەوەی کە هەیە، بە قسەی خۆش و ناوبژیوانی و بەیاننامە کۆتایی نایەت. ئەوەی پێویستە دەبێ لە بڕیار و هەنگاوی لایەنە پەیوەندیدارەکان (تورکیا، پەکەکە، پارتی) شتی یەکلاکەرەوە روو بدات، هەر وەک بۆ نموونە پەکەکە هەنگاو بهاوێژێ بە ئاراستەی راگرتنی شەڕ لە باکوری کوردستان بۆ ئەوەی تورکیا کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکەی بهێنێت لە باشور. بە وتەی قەرەیلان پێشنیارێکی لەم جۆرە لە لایەن ئەردۆگانەوە بە پەکەکە کراوە کاتێک وەفدێک لە مانگی رابردوو لە لایەن ئەردۆگانەوە نێردراوە بۆ لای پەکەکە و، بە پێی قسەکانی قەرەیلان، پێیان وتراوە "لە باکور ئاگربەست رابگەیەنن، لە پارچەکانی دیکە چی دەکەن بکەن، ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئێوەدا نابێت."[12] ئەگەر بە راستی وابێت و تورکیا پەیگیر بێت بە پێشنیارەکەی ئەردۆگان، ئەوا هەنگاوێکی ئەوها دەکرێ ببێتە پێشوەچوونێکی راستەقینە بە ئاراستەی دروست و پێویستە پەکەکەش بە جددی بیر لە هەنگاوێکی ئەوها بکاتەوە.

لە بەرامبەردا لە بری ئەوەی هێزە سیاسییەکانی دیکە بە زمانی "تکا" و داواکاری لە پارتی بۆ گۆڕینی هەڵوێستی ئەو حزبە، پێویستە هێزە سیاسییەکان بیر لە نەخشەڕێگایەک بکەنەوە کە تیایدا ئەم دۆخەی کە پارتی تیایەتی و ئەو دۆخەشی کە بەرەوڕووی پەکەکە بۆتەوە لەبەرچاو بگیرێ وە چارەسەرێکی "عەقڵانی" گشتگیر بونیادنراو لەسەر هەنگاوی کرداریی بخرێتە روو: چارەسەرێک کە یارمەتی پارتی بدات لەو تەنگەتاوییەی کە تیایەتی دەربچێ، تورکیا کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکە بهێنێ و مانەوەی پەکەکەش پارێزراو بێت. دەکرێ راگرتنی شەڕ لە باکور، وەک لە پێشنیارەکەی شاندی ئاردۆگاندا هاتووە، بە بنەما بگیرێ لە نەخشەڕێگایەکی ئەوهادا. بەڵام دەیڵێمەوە، نەخشەڕێگا و چارەسەر بە تکا و "رجا" و قسەی جوان ناکرێ، بەڵکو نەخشەڕێگا دەبێ کۆمەڵێک هەنگاوی کرداریی لەخۆ بگرێ کە پێویستن و لە کۆشیاندا کۆتایی بە قەیرانەکە دەهێنرێ. دەرفەتێکی راستەقینەش هەیە بۆ ئەوەی نەخشەڕێگایەکی ئەوها پشتگیری وڵاتان، یۆنامی، زلهێزەکان و یەکێتی ئەوروپا بەدەست بهێنێ. هەر وەک وترا، ئەو پێشنیارەی کە شاندەکەی ئەردۆگان بە پەکەکەی کردووە دەتوانێ کاکڵ و کڕۆکی نەخشەڕێگایەکی ئەوها بێ کە هەر زوو سەرکەوتنیشی بۆ بنووسرێ.  

* * *

پەکەکە نەک هەر بە باشی ئاگاداری چیڕۆک و بەسەرهاتەکەی لوبنان و فەلەستینییەکانە، بەڵکو هەر خۆشی شا‌ید و بەشداری ئەو شەڕە بوو (لە بەرگریکردن لە بەیروت)، وە زەرووریە پەکەکە ئەوە باش بزانێ کە ئەو باوەڕەی فەلەستینییەکان کە کێشەی ئەوان کێشەی هەموو وڵاتانی عەرەبییە و بەم پێیەش دەتوانن لە هەر وڵاتێکی عەرەبی ببن و لەوێشەوە هێڕش بکەنە سەر ئیسرائیل لە رووی مۆڕاڵی و ئایدیۆلۆژییەوە دروستە بەڵام، وەک لە نموونەکانی پێشو بە تایبەتی لوبنان دەرکەوت، ئەو بۆچوونە کەوتە ململانێ لەگەڵ دوو شتی گرنگ: ١) ململانێ لەگەڵ پرەنسیپ و بنەما بنچینەییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان؛ ٢) هێز و توانای فەلەستینییەکان و دەوڵەتی لوبنان بە یەکەوە بەشی ئەوەی نەکرد بەرەوڕووی هێڕشی ئیسرائیل بوەستنەوە و دواجار هەردووکیشیان زەرەرمەند بوون.

‌هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی پارتی تاکو ئێستا لە ئاستی ئەم کێشە و ئاڵنگارییە وەک پێویست خاوەن هەڵوێست و چاڵاک نەبوون، هەڵبەتە جگە لە یەکێتی کە، لەبەر هۆیەک یا هۆیەکی دیکە، راشکاو بوون لە مەسەلەی خۆدوورگرتن لە شەڕی کورد دژ بە کورد. هێزەکانی دەرەوەی پارتی  دەرفەتیان هەیە زۆر راشکاوتر و زۆر پێداگیرتر (بە هەڵوێستێکی یەکبوو) لەگەڵ پارتیدا بدوێن، بە جەختکردنەوەی: یەکەمیان، بەر لە هەر شتێک پارتی لە قەوارەی راستەقینەی کاریسەکە ئاگادار بکەنەوە؛ دووەمیان بەبێ زمانی تکا و "رجا" بە زمانی نەخشەڕێگا لەگەڵ پارتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بدوێن. لە لایەکی ترەوە، بۆ ناکرێ ئەم حزبانە بە یەکەوە نەخشەڕێگایەک گەڵاڵە بکەن کە کڕۆکی نەخشەڕێگاکە هەر ئەو پێشنیارەی ئەردۆگان بێت. . . ئەوەی لە هەموو لایەک دەخوازرێ کرداری عەقڵانی، دڵسۆزانە و بە بنەما کوردستانییە!

ماوە ئەوە بڵێم کە دەکرێ وەک "ئەگەر و گریمانە" باس لە مەترسیێکی پارتی بکەین کە ئەو حزبە لە پانتایی گشتی و میدیاکاندا باسی نەکردووە. ئەگەر و گریمانەکەش ترسی پارتییە لە شتێکی دیکە ئەویش هەڵقوڵاوی ئەم پرسیارەیە: چی دەبێ، یا بۆ نابێ، پەکەکە لە مەودایەکی دوورتردا چاوی لە دووبارەکردنەوەی ئەزموونی رۆژئاوا بێت لە باشور، وە ئایا هەر ئەم جۆرە پرسیارەش نییە کە مەترسییە حەقیقییەکەی پارتییە؟ بۆ وەڵامدانەی ئەم پرسیارە لە ئێستادا هیچ زانیاریم لەبەر دەستدا نییە، بەڵام بۆ کۆتاییهێنانی ئەم وتارە بەم پرسیارە زیاتر لە بەهانەیەک و هۆکارێکی زانستی هەیە!

په‌راوێزه‌كان:

1- لە راستیدا تەنانەت لە چەند رۆژی دواییدا ئەو هەواڵە بڵاوبوویەوە کە تورکیا هێزر چەکدارە سورییە "بەکرێگیراوەکانی" هێناوەتە باشوری کوردستان بۆ ئەوەی دژ بە پەکەکە بەکاریان ببات. بڕوانە بۆ نموونە پێگەی لڤین: 
https://lvinpress.com/15177/ دەستگەیشتن ١٣-٦-٢٠٢١؛ هەروەها بڕوانە شارپرێس، "په‌كه‌كه‌: چه‌كدار له‌ ئوردنه‌وه‌ به‌فرۆكه‌ هێنراونه‌ته‌ هه‌ولێرو له‌وێشه‌وه‌ بۆ حاجى ئۆمه‌ران،""https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=191435 دەستگەیشتن ١١/٦/٢٠٢١.

 2-  بڕوانە بۆ نموونە: لڤین، "بەفەرمانی مەسعود بارزانی یەکەی ٨٠ دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە،" https://lvinpress.com/15128/  دەستگەیشتن ١١-٦-٢٠٢١

 3- بڕوانە پێگەی میللەت پرێس: https://www.milletpress.com/Detail.aspx?Jiamre=138044 دەستگەیشتن ١٥/٦/٢٠٢١

  4- بورهان أ. یاسین، "شەڕی خۆکوژی لە کوردستانی باشوور و چەند تێبینیەک،" لە رۆژنامەی هەنگاو، ژمارە ١٢، دیسامبەری ١٩٩٤.

   5- دەڵێم "نیمچە سەرکەوتن" چونکە راستە پەکەکە لە رێگای خەباتی چەکدارییەوە توانی برەو بە بوونی کورد لە تورکیا و ناسنامەی کوردی و کوردستانی لەو وڵاتە بدات، بەڵام هەرگیز نەیتوانی ئەم خەباتە بباتە وێستگەی دووەم واتە هاوشێوەی کوردانی باشور ناوچەیەکی رزگارکراو لە باکور بەدەست بهێنێ و لەسەر ئەو پارچە زەویەش فەرماڕەواییەکی لۆکاڵی ئەزموون بکات بۆ ئەوەی لە قۆناغی سێهەمدا باکوری کوردستان بگەیەنێت بە کەناری ئارام، واتە وێستگەی سێهەم (رزگاریی بە تەواوەتی). 

 6- هەر ئەم بۆچوونەش پێشنیاری راستەوخۆی من بوو بۆ پەکەکە لە ساڵی ١٩٩٣: واتە ئەو حزبە خوێندنەوەیەکی جددی بۆ بڕیارە مێژووییەکەی رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستینی بکەن و هەوڵ بدەن بڕیارێکی مێژوویی لەو شێوەیە بدەن.

  7- بڕوانە چەند بابەتێکم دەربارەی خەباتی چەکداری لە: بورهان أ. یاسین، ئەوەی ئەمڕۆ سیاسەتە سبەی مێژووە، سلێمانی، ٢٠٠١. ئەم کتێبە بە پی دی ئێف لە ماڵپەڕی کەسیمدا بەرچاو دەکەوێ: http://burhanyassin.com/Ewey%20ewro...babetekan+5.pdf دەستگەیشتن ١٥/٦/٢٠٢١

   8-هەڵبەتە ئەمە یەکەم جار نییە کە دەوڵەتێکی داگیرکار دەچێتە پێگەی هاوپەیمان بۆ حزبێکی سیاسیی کوردی، بەڵکو ئەم شێوازە لە هاوپەیمانی لە ١٩٦٠کانەوە بۆتە بەشێکی گرنگ لە کەلتوری سیاسی زۆرێک لە بزاڤە سیاسییەکانی پارچە جیاجیاکانی کوردستان. لە راستیدا دەتوانین بە ئاسانی بڵێین کە سەرچاوەی "داهێنانی" ئەم کەلتورە سیاسییە هەر پارتی و مەلا مستەفا بارزانی بوون کاتێک لە ١٩٦٠کان کەوتنە پەیوەندیێکی توند و تۆڵ لەگەڵ رژێمی ئێران وە شای ئەو وڵاتەیان کرد بە فریادڕەسی بزاڤی چەکداری کوردانی عێراق.

 9-  لڤین "بەرپرسێکی پارتی: سەرکردەکانی یەکێتی ئەگەر سەرۆک بارزانی نەبێت سلێمانیش بە دەردی کەرکوک دەبەن" https://www.awene.com/detail?article=48977  دەستگەیشتن ١٤/٦/٢٠٢١

10-  بۆ بینی راپۆرتێکی تێر و تەسەل دەربارەی پێگە سەربازییەکانی تورکیا لە باشوری کوردستان بڕوانە، درەومیدیا، "توركیا دەیەوێت شەڕی پەكەكە بە كورد بكات،" https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8520  دستگەیشتن ٩-٦-٢٠٢١

  11-بۆ بینینی بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بڕوانە، بۆ نموونە:
پێگەی زەمەن: https://www.zamenpress.com/Details.aspx?jimare=46317 دەستگەیشتن ١٥/٦/٢٠٢١


  12- لڤین " قەرەیلان: ئەردۆگان داوای لە ئێمە کرد ئاگربەست رابگەیەنین و شەڕ دژی پارتی بکەین" ١١-٦-٢٠٢١
https://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=131783&babet=1&relat=1024 دەستگەیشتن ١١-٦-٢٠٢١


 














سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement