74وتار

کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان قسەیەک لە دوای رووداو!

12/19/2023 5:41:00 PM
بورهان أ. یاسین

راستییەکەی، لەبەر هەندێک هۆ، پۆستێکی تایبەتی خۆمم دەربارەی کەرکوک و ناوچە "دابڕێنراوەکان" نەبووە، بەڵام ئێرە بە جێگایەکی گونجاو دەزانم چەند وشەیەک لەم بارەیەوە بنووسم.
جارێ سەرەتا، بە گشتی، پشتگیری خۆم بۆ ئەو بەڕێزانە رادەگەیەنم کە، بەهۆی هەستکردن بە گرنگیی رەهەندی نیشتمانی و نەتەوەیی پرسەکە، پشتگیری خۆیان، بە شێوەیەک یا شێوەیەکی دیکە، لە هاندانی کوردان لە ناوچە دابڕێنراوەکان، بە تایبەتی کەرکوک، راگەنادوە. ئەم هەڵوێستانە بە گشتی رەنگدانەوەی هەستکردن بە کوردستانیبوونێکی راستەقینە و کوردبوون، دوور لە هەموو تێبینی و سەرنجێک لەسەر دەسەڵاتی ناشیرینی کوردی لە هەرێمی کوردستان، هانی داون هەر یەک لای خۆیەوە چەند وشەیەک لەم بارەیەوە بنووسێ، دەستیان خۆش بێت.

لێرەدا هەوڵ دەدەم بۆچوونی خۆم، لە قاڵبێکی کەمێک فراوانتردا، بخەمە روو:
١) زۆرێک کە پێیان ناخۆش بوو خەڵک هان بدرێن بڕۆن بۆ دەنگدان، بەهانەی فەرمانڕەوایی خەراپی پارتی و یەکێتییان هێناوەتەوە. . . ئەو خەراپییە زۆر راستە، بە زیادیشەوە راستە، بەڵام نابێ ئەوە لەبیر بکەین کە حزب و دەسەڵات شتی کاتی و زائیلن، ئەوەی دەمێنێتەوە، تەنانەت "ئەزەلییشە"، خاک و نەتەوەیە! دەنگەکانی دوێنێ بۆ خاک و نەتەوە بوون، نەک بۆ حزب؛
                                                                                                      -
٢) ئەمە ٢٠ ساڵە تەنها یەک جار (٢٠٠٥) هەڵبژاردن لە کەرکوک کراوە. بۆ؟ زۆرینەی عەرەبی لە عێراق، ئەو زۆرینەیەی هەرزوو روو لە کورد، بوو بە "زۆرینەی ستەمکار،" رێگر بووە. . . لەبەر ئەوە رەوایە بپرسین دوای ئەم هەڵبژاردنەوەی دوێنێ دەبێ کورد چەند ساڵی دیکە چاوەڕێ بکا بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دەرفەتی دەنگدان ببێتەوە لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان. . . لە سیاسەتدا خەراپترین کە بەسەر مرۆڤ بێت ئەوەیە کە لە بڕیارێک یا هەڵوێستێک پەشیمان ببیتەوە، چونکە زووتر وە لە کاتی پێویستدا تێگەیشتنی راست و دروستی نەبووە، لە بری ئەوەی رووداو وەک دەرفەت ببینێ وەک کێشەی دیوە. . . باشترین شتیش ئەوەیە لە دەرفەت بگەیت و هەوڵ بدەیت تا ئەوپەڕی سودمەند بیت لەو دەرفەتە. . . ئەنشتاین قسەیەکی جوانی هەیە، دەڵێ: کاتژمێر لە دەرەوەی رووداو کاتژمێر حسێب نییە. . . لە راستیدا دوێنێ لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان ئەوانە حسێب بوون "کە دەنگیاندا". دوای چەند ساڵێکی دیکە پەشیمانبوونەوە لەوەی کورد وەک پێویست حزووری نەبووە لە دەنگادانی پارێزگاکان، کەڵکی هیچی نییە!؛
                                                                                                           -
٣) لە دیسکۆرسی ناسیۆنالیزم، نیشتمانسازی و ، نەتەوەسازیدا دوو شت چەقی دیسکۆرسن: نیشتمان و خەڵک. . . زۆر گرنگە ئەوە بڵێین، کە مرۆڤ دەتوانێ بێ حزب بێ، بێ سەرکردەیەکی دیاریکراو بێ چاڵاکی بێت لە کۆمەڵەیەکی کۆمەڵگەی مەدەنی و بێ. . . هتد بێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێ بێ نیشتمان بێت. بۆ ئەوانەی نیستمانی خۆیان خۆش دەوێت، گرنگە پێداگری لەسەر ئەوە بکەن کە چی دەبێت با ببێت، بەڵام نابێ دەسەڵاتک، حزبێک، سەرکردەیەک یا جوڵانەوەیەکی سیاسی خەراپ ببێ بە رێگر لە نێوان "مرۆڤ و نیشتمان". مرۆڤ دەتوانێ بێ زۆر شت بێ، بەڵام بێ نیشتمانیبوون واتای نەبوونی بەهایەکە، کە هەرگیز جێگرەوەی نییە! نیشتمانی من ماڵی منە، هەرگیز مرۆڤ ناتوانێ بێ ماڵی خۆی بێت! لە راستیدا ناونانی نیشتمانیش بە وڵاتی دایک یا باوک، بەتایبەتی یەکەمیان زیاتر لە مانایەک دەبەخشێ، وەک شتێک کە ئەستەمە جێگرەوەی هەبێت!؛
                                                                                                       -
٤) ئەوانەی دوێنێ دەنگیان دا هەوڵیان دا وژدانی خۆیان بکەن بە دادوەر و ئەرکی هەنووکەیی نیشتمانی، مرۆیی، ئەخلاقی و تەنانەت ئایینی خۆشیان بەجێ بگەیەنن بە تایبەتی بەرامبەر بە نەوەی داهاتوو. لە راستیدا لە ناو ئەو دەنگدەرانەدا تەنانەت خەڵکانێکی زۆر هەن کە نەک هەر سەرنجیان لەسەر حزبەکەی خۆیان هەیە، بەڵکو تەنانەت لە سیاسەتی حزبەکەی خۆشیان بێزارن، بەڵام کە دەنگاین داوە زیاتر بۆ نیشتمان و یەکلاکردنەوەی چارەنووسەکەی دەنگیان داوە!؛
                                                                                                   -
٥) هەڵەیەکی مێژوویی گەورە بوو کە کاتی خۆی بەرپرسانی کورد، بە تایبەتی ئەوانەی کەرکوکیان بە قودس و دڵی کوردستان دەزانی، کە ماوەیەکی زۆر لە بەغداد مانەوە و خەریکی نووسینەوەی دەستور بوون، ئەوەیان قەبوڵ کرد کە، کەم یا زۆر، نیوەی خاکی کوردستان بخەنە "یا نسیبەوە" وە چارەنووسی بسپێرێن بە دوا رۆژێکی نادیار، یا راستتر بڵێین بسپێرن بە خواست و بڕیاری زۆرینەی ستەمکاری نەتەوەی سەردەست، کە لە راستیدا بەندە هەر یەکسەر لە دوای روخانی رژێمی بەعس هەموو لایەکم لە کاریسەی سپاردنی چارەنەووسی کورد و پرسە رەواکەی بە خواست و بڕیاری "زۆرینەی ستەمکار" ئاگادارکردۆتەوە. . . زۆر بە راشکاوی بە دڵسۆزانە دەڵێم، ئەمڕۆ ١٨ ساڵ دوای نووسینەوەی دەستور نەک هەر کەرکوک، بەڵکو هەولێر و شارەکانی تریش، لە قوڵایی کوردستان لە مەترسی بەعەرەبکردندان. لە دوای کەوتنی رژێم لە ٢٠٠٣وە زیاتر لە ملیۆنێک عەرەب هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، نەک هەر لەوێ دەژین بەڵکو مولک و جێگای نیشتەجێبوونییان کڕیوە. لەمانە زیاتر ٣٠ هەزار مناڵیان لە هەرێمی کوردستان لە دایک بوون و. . . هتد. بەڕێزان چۆنە ئەگەر بڵێم: ئەگەر شتێک نەکرێت، ئەوا دەکرێ بۆ ٢٠ یا ٢٥ ساڵی تر، بەڵکو زووتریش، خودی هەولێر ببێ بە "ناوچەی ناکۆکی لەسەر". دەبێ ئەوەش بڵێین کە بەشێکی زۆر لەو باڵاخانانەی کە لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بە ئاسماندا بەرزدەکرێنەوە و بەشیکی باشیش لە کڕیاری "شوقەکانی" ئەم باڵاخانانە عەرەبن، لە راستیدا هی کۆمپانیاکانی دوو حزبی دەسەڵاتدارن، هی دەسەڵاتدارە چاوچنۆکەکان کە دەستێکیان لە قوڵایی سیاسەتێکی نانیشتمانییانە و دەسەڵاتێکی ناشیریندایە وە دەستێکی دیکەشیان لە قوڵایی چاڵاکیی "ئابووری رەش"دایە. . . کەواتە بە یەکەوەگرێدانی تراژیدیای ناوچە دابڕێنراوەکان وە ئەوەشی لە قوڵایی هەرێمی کوردستاندا روو دەدات نەک هەر لە رووی زانستییەوە دروست و لۆژیکییە، بەڵکو لە رووی سیاسیشەوە هەنوکەیی و پێویستە!؛
                                                                                                       -
٦) ئەوە ئاشکرایە کە یەکێک لە رووداوە گەورە و کاریگەرەکانی مێژووی جیهانی رۆژئاوا ریفۆرمی دینییە لە بەشی یەکەمی سەدەی ١٦دا، کە هەڵبەتە رابەرەکەی مارتن لۆتەرە. سەرهەڵدەدات. لۆتەر پێی وابوو ئیدی باوەڕ بوون بە خودا و نزیکبوونەوە لێی پێویستی بە "ناوەندگیری" و یارمەتی کەسایەتی ئاینی (رجال دین) نییە، بەڵکو مرۆڤەکان خۆیان و یەکسەر بە باوەڕی قوڵی خۆیان، بەبێ ئەوەی پێویست بە ناوەندگیر بکات، دەتوانن لە خوا نزیکببنەوە. لە راستیدا لۆتەر تەنانەت پێی وابوو ئەم رجال دینانە، کە لە زۆر رووەوە گەندەڵ بوون، رێگری راستەقینە بوون لەبەردەم کەسەکان بۆ ئەوەی دەستیان بە خوا بگات، بە واتای گەیشتن بە پلەی هەرە بەرزی باوەڕ و ئیمان. . . لێرەوە دەڵێم کاریسەی هەرە گەورە بۆ ئێمەی کورد ئەوەیە کە رێگا بدەین گەندەلی و ناشیرینی حزبەکانی دەسەڵات و شکستی دەسەڵات و ناکارامەیی و ناشیرینی بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتداران ببێ بە هۆی ئەوەی کە تاکی کورد دەستی نەگات بەو رادەیە لە هەستی نیشتمانپەروەری و کوردبوون، کە لە راستیدا هەم بۆ مانەوەی خۆی پێویستن وە هەمیش بۆ مانەوە و لەسەر پێ وەستانی، نیشتمان، نەتەوە و پرسی رەوای نەتەوەیی و نیشتمانی. تەندروستبوون و بەهێزیی ئەم جەدەلی بوون و مانەوەی تاکێکی باوەڕ بوو بە نیشتمان و نەتەوەی خۆی لە لایەکەوە، وە لە لایەکی ترەوە نیشتمانێک کە جێگەی هەمووانی تیادا دەبێتەوە و پێناسەیەک لە نەتەوە دەکرێت کە هەم ئەوپەڕی لەخۆگر (inclusive) بێ و رێکخستنی فەزای نەتەوەش لەسەر بنەما هەرە مرۆیی و دیمۆکراتییەکان بێت، ئەو دایەلەکتیکەیە کە زامنی ئەوەیە کە لە لایەک تاکێکیی نیشتمان پەروەر وە لە لایەکی ترەوە نیشتمانەکەی لەسەر پێ رادەگرێ. ئەوە ئەو جەدەلەیە کە بەردەوام پێویستی بە نوێبوونەوە و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەیە، مانەوەی هەر یەکێکیان بۆ ئەوەی تریان ژیاری و گەوهەرییە، سەلامەتی هیچ یەکێکیان بێ ئەوەی دیکەیان مومکین نییە. . . بۆ هەموو ئەمەش مەرج نییە تاک پێویستی بە حزب و سەرکردە هەبێت!؛
                                                                                                       -
٧) ئێستا لە باشوری کوردستان کورد بەرەوڕووی سێ ئاست لە کێشەیە، هەڵبەتە لە ئاستی ناوخۆی عێراقدا: یەکەم لە ئاستی ناوخۆی هەرێم، بە تایبەتی کێشە پەیوەندیدارەکان بە ناکارامەیی و ناشیرینی دەسەڵاتی سیاسی؛ دووەم کێشەی ناوچە دابڕێنراوەکان؛ سێهەم پەیوەندییە کێشەدارەکانی هەرێم لەگەڵ عێراق. . . دەکرێ بڵیین، تەنانەت پێویستیشە ئەوە بڵێین، کە کورد لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە ستراتیژێکی یەکبوو هەیە بەڵام بە سێ تاکتیکی جیاوەزەوە، کە هەر تاکتیکێکیان خەسڵەت و میکانیزمی تایبەت بەخۆیان هەبێت. . . بەڵام دەکرێ ئەم باسە زۆر زیاتر بخوازێ، لەبەر ئەوە، بە ئیزنی خۆتان، بۆ دەرفەتێکی هەڵیئەگرین؛
                                                                                                       -
٨) جێگای خۆشحاڵیم بوو کە بینیم چەند بەڕێزێک، ئەگەر ژمارەشیان زۆر کەم بێت، بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە خەم و دڵسۆزییەوە لە مەسەلەی دەنگدانی دوێنێ، بە تایبەت روو لە دۆسیەی کەرکوک، قسەیان هەبوو. هەر وەک لە کۆمێنتێکدا لەو پەیوەدنییەدا نووسیم، ئەمڕۆ کەرکوک، سبەینێ ورمێ و دوسبەی. . . هتد. ئەم جۆرە هەڵوێست و دەنگانە تا زۆر بن دیسان هەر کەمە: نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکان دەوڵەتیان هەیە کە، وەک ئامرازی هەرە گەوهەری لە جیهانی مۆدێرندا، بە کاری دەبەن بۆ خۆنواندن، پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، مانەوە و بەرگری لە خۆیان، بەڵام ئێمەی کورد ئەمەمان نییە! لەبەر ئەوەشە شەڕی مانەوەمان زۆر ناهاوسەنگە، بەڵام تاکێکی نیشتمان پەروەر کە هەموو پانتایی نیشتمانی کوردان دەبینێ و بەرگری لە مانەوەی دەکات، لە ئێستادا تاکە زامنە بۆ ئەو مانەوەیە!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن