326وتار

خۆپیشاندانەکان وەک کۆمەڵێک ناڕەزایەتی مانادار

12/8/2020 1:14:00 PM
دارا محه‌مه‌د

تەنها لە ژێر سایەی دەسەڵاتێکی نوخبەیی خێزانیدا کە لە رێگەیەوە هەژموونی سیاسی خۆی داکوتیوە خۆپیشاندەران رووبەڕووی فیشەک و کوشتن دەبنەوە. پەنابردنە بەر لێدان و کوشتنی خۆپیشاندەران و داخستنی کەناڵی (NRT) و بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازیەکان و زیندانیکردنی رۆژنامەنوس کۆمەڵێک ئاماژەی گرنگن بۆ ئەوەی کە ئەم دوو نوخبە حوکمڕانەی کوردستان بێئەندازە لە دڵەراوکێی هەرەسهێنان و ترسی لەدەستدانی دەسەڵاتدان. کاتێک ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەی کوردستان، کە هێشتا نەبووەتە سەرتاسەریی، هەر لەگەڵ دەستپێکیدا بە شێوەیەکی توندوتیژانە لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و چەکدارانی یەکێتی و پارتی وەڵامدەدرێتەوە و بە شێوەیەکی هەمەجیانە تەقە لە خۆپیشاندەران دەکرێت، تەنها ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەم دەسەڵاتە سەرەڕای ئەو بێڕێزی و لێدانە لە کەرامەتی خەڵکی لە رێگەی برسیکردن و بڕینی بژێویان و پاڵپێوەنانیان بەرەو ژیانێکی هەژاریی کە هەمیشە چاوی لەو موچە بڕاوە بێت، زۆر بێباکانە دەستی دەچێتە خوێنی رۆڵەکانی ئەم وڵاتەوە. گرنگی ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەی ئێستا لەوەدایە کە جەماوەری ناڕازی لە هۆشیاری حیزبی تێدەپەڕێت و چیتر شەڕ لەسەر حیزبەکان ناکات کە ساڵانێکی درێژ خەڵکی کوردستانیان بەسەر حیزبگەراییدا دابەشکردبوو.

لێدانی سەرجەم بارەگا حیزبیەکان لەم هەموو شارۆچکانەدا ئاماژەیەکی گرنگە بۆ دروستبوونی هۆشیاریەکی سیاسی لەلای زۆرینەی خەڵک دژ بە هەردوو نوخبەی دەسەڵاتداری پارتی و یەکێتی وەک دوو نوخبەی خێزانی هەژمونکار و دەسەڵاتخواز کە لە مێژووی سیاسی خۆیاندا هەمیشە بە سیاسەتی ناوچەگەریی خۆیان شوناسێکی سیاسیان بۆ خەڵک و کۆمەڵگە دروستکردووە و لەم رێگەشەوە هەمیشە پێیانوابووە کە کوردستان و حوکمڕانی و سیاسەتکردن هەر موڵکی ئەم دوو نوخبە خێزانی و خێڵەکیە دەبێت. هەروەک چۆن لە ئێستاشدا و لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی کوڕەکاندا دەخوازن هەمان مۆدێلی موڵکدارێتی سیاسی بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا بسەپێنن.

ئەم خۆپیشاندانانە بە تەنها لێدان نیە لە هەردوو نوخبەی حوکمڕانی پارتی و یەکێتی وەک یەکەمین بەرپرسی ئەو نەهامەتیانەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان پیا تێپەڕدەبن، بەڵکو لێدانە لە هەموو رەمزە حیزبیەکان و شکاندنی هەموو شوناسە حیزبیەکانە بە هەموو رەنگەکانیەوە. ئەمەش ئەو دەنگە توڕەیەی جەماوەرە لە سەرجەم حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیش کە لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندی حیزبی خۆیاندا بێدەنگی هەڵدەبژێرن.

سوتاندنی بارەگا حیزبیەکان لەلایەن جەماوەری توڕەی خۆپیشاندەرانەوە بە تەنها سوتاندنی خانوبەرەیەک نیە کە کۆمەڵێک چەکدارو ئاڵای تیادایە، بەڵکو سوتاندنی بارەگایە بە مانا رەمزیەکەی کە شوێنی بە پیرۆزکردنی ناسنامەیەکی حیزبیە و ئەو بارەگایانەن کە دەشێت رۆژێک لە رۆژان ببنە شوێنێک بۆ سەرکوتکردن و لێدانی خۆپیشاندەران.

لە کاتێکدا گرنگترین خاڵ بۆ ئەم خۆپیشاندانە ئەوەیە کە توانای بەردەوامبوونی هەبێت و بتوانێت گەورەترین فشار دروستبکات و تەشەنە بکات و توانای هێنانەدەرەوەی زۆرترین خەڵکی هەبێت، بۆیە پێویستی بەوەیە کە رەوتێکی رێکخراوانە و ئاشتیانە وەربگرێت، تا بە شێوەیەک لە شێوەکان توانای دروستبوونی ناڕەزایەتیەکی سەرتاسەریی لە کوردستاندا هەبێت و لە شارەکانی دیکەشدا، لە هەولێر و دهۆکدا سەرهەڵبدات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن