هەنــــاری هـــەڵــــەبـــجە
10/30/2020 1:04:00 PM
سەرکۆ یونس
پایزی هەموو ساڵێک تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵــەبجە و لایەنەپەیوەندیدارەکانی
کشتوکاڵی هەڵەبجە بەهاوکاری میدیا و میدیاکاران کەرنەڤاڵ و ڤیستیڤاڵێکی ناوازەی هەنارو
بەرهەمە پاییزییەکان وهەندێ کاری دەستڕەنگینی و خۆراک و خواردەمەنی پێشکەش بەخەڵکی هەڵەبجە و میوانەکان دەکەن.
هەرێمی کوردستان بەگشتی و سنوری پارێزگای هەڵەبجە بەتایبەتی زەوی و کەشوهەوایەکی
لەبارو گونجاوی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی هەنار بەشێوەیەک کە تام و ڕەنگی تایبەتی هەیە
و لەهەناری ناوچەکانی ترو هەناری هاوردەی وڵــاتان جیاوازترە.
لەم سنورە (11) جۆر هەنار بەرهەم دەهێنرێت و نزیکەی (30) هەزار تەن بەرهەمی
ساڵــانەی پارێزگای هەڵەبجەیە و ڕووبەری هەشت هەزارو پێنج سەد دۆنم باخی هەنار هەیە
و بەردەوام لەزیادبووندایە.
هەڵـــەبجەو هەنار دوانەیەکی لەیەک دانەبڕاون و بەدرێــژایی مێژووی کشتوکاڵــــی
ناوچەکە هەنار هەڵەبجەی بێ بەش نەکردووە لە جوانی و لەتەنیایـــدا بەجێی نەهێشتووە،
تەنانەت لە کارەساتی کیمیابارانکردنی (16 ئازاری 1988) هەنار هەر بەپێوە بووە و
شاهێدحاڵێکی نەبیستراوی کارەساتەکەیه.
خواستی خەڵک و بەکاربەران بۆ هەناری هەڵەبجە خواستێکی تایبەتە و ساڵــانە لەشارەکانی
تری کوردستانەوە خەڵکێکی زۆر وەک میوان و گەشتیار و کڕیاران دێنە هەڵەبجەوە، پێوسیتیەکانیان
لە هەناری سازان و گوێزی هەورامان و زەیتی زەیتونی ڕاسان و دۆینەو کەشک و ترخێنە و
مرەبای میوەکان و هەنجیرو تووی ووشک و بنێشتی کوردی ڕەسەنی ناوچەی بۆین و دۆشاوی هەنار
و توو و بەرهەمە پایزییەکانی تر پڕدەکەنەوەو، بەدیاری ناوازەی دەستڕەنگینانی ڤیستیڤاڵەکە
دەگەڕێنەوە.
خواستی بازاڕەکانی شارەکانی هەرێم و ناوەڕاست و باشوری عێراق خواستێکی گەورە
و هەمیشە و بەردەوامە بەتایبەت لەم وەرزەدا، ئەمەش بۆ لایەنی بەبازاڕکردن و
ساغکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵــــی گرنگە و جێگەی بایەخە.
هەنار یەکێکە لەو حەوت میوەیەی کە خواستی بەردەوامی لەسەرە و بەهۆی ئەو
سوودە تەندروستیانەی کە لە هەنارەوە دەست دەکەوێت بۆ لەشی مرۆڤ، لەوانە بەرگری لەش
بەهێز دەکات و سەرچاوەی سەرەکییە بۆ ڤیتامین(C) و بۆ خوێن و دڵ
بەسوودە و یارمەتی زوو هەرسکردن دەکات و بۆ دابەزینی کێشی لەش بەسوودە..
خۆشبەختانە وەزارەتی کشتوکاڵـــی حکومەتی عێراق لە(22 ئۆکتۆبەر) هاوردەکردنی
هەناری لەسەرجەم خاڵەسنورییەکان قەدەغەکرد و حکومەتی هەرێمیش هەمان بڕیاری دەرکرد،
بێ گومان ئەم بڕیارە گرنگە و سوودی دەبێت بۆ خاوەن باخ و بەرهەمەکان، بەڵــام بەداخەوە
سەرەڕای دەرکردنی بڕیاری قەدەغەی هاوردەی هەنار، هێشتا بە قاچاخ دێتە بازاڕەکانی هەرێمەوە،
بەتایبەت هەناری سووری و میسری، بۆیە پێویست دەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان هەنگاوی
باشتر لەم لایەنەوە بنێن، لەگرنگترین هەنگاو سەپاندنی باجی گومرگی زیاترە بۆ هاوردەی
ئەم بەرهەمە، بۆ ئەوەی لەناوخۆ نرخی بەرز ببێتەوە و خواستی کەم ببێت.
گەورەترین گرفت ساغکردنەوەو بەبازاڕکردنی بەرهەمی هەنارە لەبازارەکانی
کوردستاندا و لەئێستادا کێشەو گرفتەکانی ئەم بەرهەمەیە و بەداخەوە تا ئێستا چارەسەرنەکراوە،
خۆشبەختانە بەپێی لێدوانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم بڕیارە کۆمپانیایەک
هەنار هەناردەی دەرەوە بکات .
هەماهەنگی و بوونی لیژنەی هاوبەشی وەزارەتەکانی کشتوکاڵــی و بازرگانی و
دارایی هەرێم و بەغدا گرنگە و پێویستە بەتایبەت بۆ ئاسانکاری گواستنەوەی بەرهەمی
ناوخۆی عێراق بۆ سەرجەم شاروشارۆچکەکان بەبێ باجی گومرگی و روسومات.
هەروەها نەبوونی ساردکەرەوە (بهڕاد) بۆ هەڵگرتنی بەرهەمی هەنار یەکێکە لە
ئاریشەکانی تر، چونکە بەرهەمی هەنار لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە زۆرە و بەڕێژەی گەورەیە
و لە خواستی ناوخۆیی سنورەکە زیاترە.
ڤیستیڤاڵـــی هەنار و پایزی هەڵەبجە لەڕووی ئابوری و کۆمەڵـــایەتییەوە چەندین
سوودو کەڵکی هەیە لەوانە:-
* ساغکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆی ناوچەکە کە ساڵــانە
خۆشبەختانە زیاد لە پێویستی خواستی دانیشتوانی هەڵەبجەی هەیە و خاوەن باخ و بەرهەمەکان
بەدوای خواست و بازاری نوێ دا دەگەڕێن، ئەمەش دەرفەتێکی باشە لەم لایەنەوە و دەبێتە
دەرچەیەک بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان.
* سەردانکردن و هاتووچۆی هاونیشتیمانیان لە شاروشارۆچکەکانی
ترەوە، پەیوەندی کۆمەڵــایەتی دانیشتوانی هەڵەبجە و شوێنەکانی تر پتەوترو بەهێزتر
دەکات .
* ئەم ڤیستیڤاڵە سەرچاوەیەکە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان
و لاوانی بێکارو بێ داهاتی شارەکە، بەتایبەتی ژنان و کچانی دەسترەنگین، بەداخەوە لەسنوری
پارێزگای هەڵەبجە ڕێژەی بێکاری بەرزە بەتایبەت لەناو چینی خاوەن بڕوانامەی زانکۆیی
و دەرفەتی کارکردن لەم شارە کەمە، بەهۆی دانەمەزراندن لەکەرتی گشتیدا و لاوازی کەرتی
تایبەت لەشارەکە..
* جوڵــان و جموجوڵی بازاڕ بەگشتی و چێشتخانەو چایخانە و
مارکێت و کافتریاکان، بەهۆی هاتنی میوان و گەشتیارو کڕیارو سەردانیکەرانی ڤیستیڤاڵــــەکە
بەشێوەیەک چالاکی ئابوری لەبازاڕی هەڵەبجە پەیدا دەبێت.
* ناساندن و ئاشنابونی شوێنە گەشتیاریەکانی سنوری پارێزگای
هەڵــــەبجە بە میوانەکان و کڕیاران بەتایبەتی ئەو شوێنەگەشتیاریانەی لەشارەوە نزیکن
وەک چاوگی باوەکۆچەک و عەبابەیلێ و گوڵان.
* پیویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ هەناردەکردنی بەشێک لەم بەرهەمە
ناوازەیە کە بەدڵنیاییەوە لەبازارەکانی دەرەوە خواستی باشی لەسەر دەبێت و نرخێکی بەرز
دەکات بۆ ئەمەش هاوکاری و پاڵپشتی حکومەت گرنگە.
* پێویستە وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی و پیشەسازی پلانی
تایبەتیان هەبێت بۆ بەپیشەسازی کردنی بەرهەمی هەنار بەتایبەتی کارگەی شەربەت و سرکەی
هەنار بۆ ئەوەی سودی زیاتری هەبێت بۆ خاوەن باخ و جوتیارەکان.
* ئەنجامدانی چالاکی هونەری وەک گۆرانی و مۆسیقا و خستنەڕووی
وێنەکان و هونەری شێوەکاری و هتد هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ راکێشانی زیاتری گەشتیارو
میوانی ڤیستیڤاڵــــەکە.
هیوادارین ئەم ڤیستیڤاڵـــە ببێتە هەنگاوێک بۆ ئاوڕدانەوەی زیاتر بەم پارێزگایەو
حکومەتی هەرێم بەپلان و بەرنامەی درێــژ خایەن و ستراتیژی گرنگی بدات بە لایەنەکانی
ئابوری بەگشتی و کەرتی کشتوکاڵی و باخداری بەتایبەتی بۆ ئەوەی بتوانرێت فرە سەرچاوەی
داهات بۆ خەڵک برەخسێنرێت.
*ئابوریناس