وتار

پێكهێنانی بەرەیەكی فراوان یان هاوپەیمانیەتی پێویستی ئەم قۆناغە هەستیارەیە!

9/26/2020 10:53:00 AM 61 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد هەورامی

ئەمڕۆ گەلی كورد لە باشوری كوردستاندا بە قۆناغێكی ئاڵۆز و هەستیاردا تێدەپەڕێت، لە ئەنجامی نەبوونی نەخشە ڕێگایەكی ستراتیژی ڕوون بۆ دواڕۆژی ئەم بەشەی كوردستان، كە دوچاری كێشەی زۆر بووەتەوە بەهۆی بەردەوامی قەیرانی سیاسی و ئابووری و دارایی و گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و بێكاری و مووچە و نەخۆشی كۆرۆنا، ئەم وڵاتەی لێوان لێو كردووە لە هەژاری و ناعەدالەتی و ستەم و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە بەڕادەیەك پرسیاری خستوەتە سەر سێكتەرەكانی ژیانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە گشتی.


گومان لەوەدا نییە كایەی سیاسی كوردستان لەماوەی حوكمڕانی پارتی و یەكێتی دا وەك گۆمێكی وەستاو لە قوڵاییەوە بۆگەنی كردووە، لەبنەڕەتا نەك بووەتە پەتایەكی كوشندە بەڵكو بووەتە تەوقێكی كوشندە هەموو هیوایەكی ژیانی بۆ تاكەكانی ئەم وڵاتە لەناوبردووە، هەمیشە ئەم پڕۆسەی حوكمڕانییە پڕ گرفت بووە لەنێوان بەكارهێنانی ناكامڵی چەند ئامڕازێكی دیموكراسیانە وەك هەڵبژاردن و ئازادیەكانی ڕۆژنامەگەری و ڕا دەربڕین و سەروەری یاسا و زامن نەكردنی ڕۆڵیان و بەیاساكردنی بنەماكانی ناوەندی كارگێڕی و دارایی و پابەند نەبوون بە شۆڕ كردنەوەی دەسەڵات بۆ خوارەوە و نەمانی متمانە بە دامەزراوە حكومیەكان. ئەمەش بووەتە هۆی ئیفلیج كردنی سێكتەرەكانی ئیدارەدانی وڵات و بژێوی ژیانی توێژەكان لە مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینان و كەم ئەندامان و زیندانیانی سیاسی و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفال و توێژەكانی تری كۆمەڵگا و شێواندنی ڕێبازی پرۆِسەی پەروەردە لەلایەك و چەسپاندنی دەسەڵاتێكی بیرۆكراتی و قۆرخ كردنی دەسەڵات لەلایەن حیزبەوە و پێشێل كردنی مافەكانی مرۆڤ و دزینی سەروەت و سامانی وڵات و پەكخستنی دەسەڵاتی شەرعیەتی یاسایی و قەیرانی دارایی بەهۆی بیانوی (دابەزینی نرخی نەوت و قەرزاری و نەخۆشی كۆرۆنا). نەبوونی شەفافیەت لە فرۆشتنی نەوت و تەشەنەكردنی گەندەڵی لە دامودەزگاكانی حكومەتدا و فەرز كردنی خوێندنی ئۆنلاین بەبێ‌ ئامادەكردنی ژێرخان بۆ پێداویستیەكانی پڕۆسەی خوێندن و نەبوونی پاڵپشتی دارایی و قەیرانی مووچە كە ڕەنگە ئەمەش ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم دەوامی مامۆستایان، ئەم شێوە خوێندنەش بۆ خوێندكاران تەنها بۆ فێربوونە دوورە لە پەروەردە كردنی خوێندكار لە هەموو ڕوویەكەوە. لەلایەكی ترەوە ئالنگاریە دەرەكیەكان لاوازبوونی بنكەی كورد لە بەغدا و لاواز بوونی ڕۆڵی لە داكۆكی كردن لە كوردەكانی ناوچە كوردستانیەكان.


لەسەر ئاستی ناوچەیی زیادبوونی هەژموونی هێزە ئەقلمییەكان بەتایبەتی توركیا و ئێران و سیناریوكانی ئایندەی قەوارەی هەرێمی كوردستان.


پاشەكشێ‌ پشتیوانی ئەمەریكا بۆ كورد لەدوای ساڵەكانی (2003 بۆ 2017) لە تێڕوانینی ئەمەریكیەكاندا كورد لایەنگری لایەنەكانی سەر بە ئێران بووە بۆ سەرخستنی ململانەی لەگەڵ ئێراندا. و پشت كردنەوە لە كورد لەكاتی سازدانی ڕیفراندۆمدا. پەیوەندی وڵاتانی تر تەنها لەسەر ئاستی بەرژەوەند یدا تێپەڕی نەكردووە.
بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە سەختە و ئامادەكردنی زەمینەیەكی لەبار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان، ئەركی ڕاستەقینەی گشت هێز و لایەن و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و كەسانی دڵسۆزە ، كە شێوازی دروست و خاڵە هاوبەشەكان بكەن بە بنەما بۆ ڕێكەوتنێكی هەمەلایەنە لە (بەرەیەكی فراوان یا هاوپەیمانیەتی یا بزوتنەوەیەكی سیاسی) بۆ پێكەوە تێكۆشان لەپێناو هێنانەدی ئامانجەكانی گەلی كوردستان.

بۆ داڕشتنی نەخشە ڕێگایەكی ڕاست و پێش وەخت بۆ پرسە چارەنوسسازەكان و بەربەستەكان فەراهەم بكەن كە كاریگەریەكی ڕاستەوخۆیان لەسەر كۆمەڵانی خەڵكی و ئایندەی گەلی كوردستان هەیە. لەپێناو دەسەڵاتێك كە بەڕاستی داكۆكیكەری مافەكانی خەڵكی بێت و ئامانجی ڕزگار كردنی خەڵكی كوردستان بێت لەم بارودۆخە ئاڵۆز و دژوارەی كە ئێستا ڕوو بە ڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە.


پەرەپێدانی  خەبات لەنێو كۆمەڵگایەكی توڕە لە ناوچەیەكی پڕ گێژاودا كارێكی سەختە، پێویستە یتوانرێ‌ ڕەچاوی ستراتیژێك بكرێت كە كوردستان لەو گێژاوە ڕزگار بكات،بە داڕشتنی سیاسەتێكی عەقڵانی و ڕەچاو كردنی دیدگایەكی تایبەت بۆ چۆنیەتی داڕشتنەوەی مودێلی حوكمڕانی بۆ ژیانی ئابووری و سەربازی و مەدەنی لە هەرێمدا، نەخشاندنی دواڕۆژی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوری و ڕۆشنبیری لەپێناو ڕزگار كردنی كۆمەڵگا لە سیاسەتی نا نیشتمانی ئەو هێز و لایەنانەی كوردستانیان بەرەو وێران كردن برد.

ئەمەش بە پەیڕەو كردنی كاریگەرێتی سەر شەقام لە خۆپیشاندان و ڕێكخستنی كەمپین و مانگرتن و فشار و كاركردن لەسەر كێشەكانی هاوڵاتیان ، بۆ هێنانەدی دەسەڵاتێك كە بەڕاستی داكۆكی كەری مافەكانی كۆمەڵانی خەڵكی بێت. بۆ  دەستەبەر كردن و چارەسەركردنی كێشەكانیان لە:-

1- بەرجەستە كردنی دیموكراسی ڕاستەقینە و دەستا و دەست كردنی دەسەڵات و گەڕانەوەی شەرعیەتی  پەرلەمان و سەروەری یاسا و ئەنجامدانی چاكسازی بنەڕەتی لە هەموو كایەكانی دەوڵەتدا و بنەبڕ كردنی گەندەڵی لە هەموو دامودەزگاكانی حكومەتدا و سزادانی گەندەڵكاران و گەڕانەوەی  سەروەت و سامانە دزراوەكانی دەوڵەت.

2- دورخستنەوە دەستی حیزب لەنێو حكومەت و ئابوری و پێشمەرگە و دەسەڵاتی دادوەری و بوژاندنەوەی كەرتەكانی ئابوری و كشتوكاڵی كە تەنها پشت بە داهاتی نەوت و غاز نەبەسترێت و شەفافیەت لە فرۆشتنی داهاتەكاندا هەبێت.

3- كاركردن بۆ نەهێشتنی بێكاری و هەژاری و نەخۆش و دابینكردنی خزمەتگوزارییە گشتیەكان و پێداویستیەكانی پڕۆسەی خوێندن بە هەموو بەشەكانیەوە قەرەبوو كردنەوەی ئاوارەكان و زەرەرمەندانی شەڕی داعش..هتد..

4- دابینكردنی مووچە و بژێوی ژیانی خەڵكی و هەڵوەشاندنەوەی سیستمی پاشەكەوتی زۆرەملێ‌ و گەڕانەوەی مووچە پاشەكەوت كراوەكان و دانی مووچە لەكاتی خۆیدا.
پرسە نیشتمانی و یاساییەكانی سەربەخۆ ستراتیژی بە یەكگرتن دێتەدی بۆ ڕەخساندنی زەمینەیەكی گونجاو بۆ بەدیهێنانی پشكی مێژووی گەلی كوردلە دامەزراندنی نەخشەی نوێ‌ لەناوچەكەدا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement