وتار

خانەنشینان توێژی فەرامۆش كراو لە هەرێمی كوردستان دا

6/22/2022 3:13:00 PM 80 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد هەورامی

خانەنشینان ئەو توێژەن كە زۆربەی تەمەنیان لەپێناو خزمەتكردنی وڵات و گەلەكەیان بەسەر بردووە، بەڵام بەداخەوە وەفای ئەم دەسەڵاتە بۆیان ژیانێكیان پێ‌ ڕەوا نابینێ‌ كە شایستەی مرۆڤی ئەم سەردەمە بێت.

 

ئەمڕۆ دەبینین وڵاتانی ناوچەكە و عێراق و كوردستان بە بارودۆخێكی ئاڵۆز و ناسەقامگیر تێدەپەڕن. كۆمەڵانی خەڵكی لە هەرێمی كوردستاندا لە ئەنجامی قەیران و ململانێكاندا لە بارودۆخێكی سەخت و پڕ مەترسی دار ژیان دەگوزەرێنن، كە بەچەندەها گرفتەوە دەناڵێنن لە هەژاری و بێكاری و نەخۆشی و نەبوونی دەرمان و ئاو و كارەبا و سوتەمەنی و خزمەتگوزاری و گرانی پێداویستیەكانی ژیان و دانەمەزراندنی هەزارەها خوێندكاری دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكان كە سوپایەكی بێكاری سەرشەقام و ئۆردوی كۆچكەرانی هەندەرانیان دروست كردووە. دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و گرێبەست و خۆبەخش لەبەشەكانی تری فەرمانگەكاندا، ئەمانە هەمووی حكومەتی هەرێمی كوردستان لێی بەرپرسیارە كە بەدەم داخوازیەكانیانەوە نایەت.

 

خانەنشینان ئەو توێژەن كە ساڵانێكە لەلایەن دەسەڵاتەوە فەرامۆش كراون، كە بەردەوام لە هەموو ڕێگەیەكەوە هەوڵی بەدەست هێنانی مافەكانیان داوە. بەڵام تائێستا حكومەتی هەرێم بەدەنگیانەوە نەهاتووە بۆ جێبەجێ‌ كردنی داخوازیەكانیان.

 

1-خانەنشینانی هەرێم داوای هاوتاكردنی مووچەیان كردووە بە مووچەی خانەنشینانی بەغداد بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق  ژمارە (9)ی ساڵی (2014) كە كەمترین مووچەی خانەنشینی لە بەغداد (500)هەزار دینارە، بەڵام لە هەرێم (200)هەزار دینارە. بۆ جێبەجێ‌ كردنی ئەم یاسایە لە هەرێمدا چەندین هەوڵ درا لەڕێگەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بەڵام بێ‌ ئەنجام بوو. لە هەرێم ئەو یاسایانە پەیڕەو دەكرێن كە بەپێی یاسای سەرەوە لەكار خراون، كە ئەمەش پێشێل كردنی ئاشكرای مافی خانەنشینانە لە هەرێمدا، خانەنشینان لە بەغداد دوای تەواو كردنی (30) ساڵ خزمەت خانەنشین دەكرێن بە (12) مووچەی تەواو پاداش (ئیكرامیە) وەردەگرن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان كە خزمەتەكەشیان لەوە زیاتربێ‌ تەنها (6) مووچەی بنەڕەتی یان بۆ خەرج دەكەن.

 

 

2-خانەنشینان لەساڵی (2015)وە حكومەتی هەرێمی بە بیانووی بێ‌ پاساو نایاسای دەستی بردووە بۆ پێنەدانی موچەی فەرمان بەران و خانە نشینان، كە (20 ) موچەی تەواویان پاشە كەوتی زۆرە ملێ كراوە زیاتر لە (5) مەچەیان (%21)یان لێبڕاوە

 

3-خانەنشینانی عێراق مووچەیان لە سندوقی خانەنشینی وەردەگرن، كە فەرمانبەران لەدامەزراندنیانەوە ڕێژەیەك لە مووچەكەیان دەبڕێت بۆ ئەو سندوقە، بەڵام لە هەرێمی كوردستاندا لەساڵی (1992)وە ئەو سندوقە بوونی نی یە و پارەكەش دیار نییە.

 

4-خانەنشینان و فەرمانبەران و مامۆستایان لەم هەرێمەی ئێمەدا بێ‌ بەشن لە كەمترین خزمەتگوزاری وەكو بیمەی تەندروستی و دانانی میكانیزمێكی گونجاو  بۆ وەرگرتنی مووچەیان، كە لە سەرمای زستان و گەرمای هاوینی تاقەت پڕوكێندا بەچەندەها كاتژمێر لە سەرەی وەرگرتنی مووچەیان دەوەستن كە كارەساتی دڵتەزێنی لێ دەكەوێتەوە بە گیان لەدەستدانی ژمارەیەك لە خانەنشینان.

 

ئەوەی زیاتر پەیوەندی بە فەرمانبەران و خانەنشینانەوە هەیە، ئەو لێدوانەی وتەبێژی حكومەتی هەرێم بوو كە بە ئاشكرا ڕایگەیاند پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لای بەغدایە لای ئێمە نییە.

 

پێویستە ئەوە بلێین / لە خۆداماڵینی حكومەتی هەرێم لە بەرپرسیارێتی بەرانبەر فەرمانبەران و خانەنشینان لەپای چی؟

 

لەژێر هیچ پاساوێكدا حكومەتی هەرێم ناتوانێت خۆی لە بەرپرسیارێتی مووچەی پاشەكەوتی زۆرەملێی فەرمانبەران و خانەنشینان بدزێتەوە كە قەرزاری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە  چونكە (12) ملیار دۆلار قەرزەكەی پاشەكەوتە كەلەسەر (29) ملیار دۆلار قەرزەكەی هەرێمە.

 

خانەنشینانی هەرێم مووچەیان لەسەر بەغداد نیە كە لێیان پاشەكەوت كرابێ‌ تا داوای پێدانەوەی مووچەی پاشەكەوت كراویان لێبكەن ، خانەنشینان لەبەغداد لەسەرەتای هەموو مانگێك بەكارتی زیرەك مووچەیان لە بانك و نووسینگەكانی عێراق و بە هەرێمی كوردستانیشەوە بێ‌ دواكەوتن وەردەگرن. بەڵام لە هەرێمی كوردستان دوای هەموو فەرمانبەران بە دەردەسەری مووچە وەردەگرن. كە تووشی چەندەها كارەسات دەبن تا گیان لەدەستدان.

 

لەهەمان كاتدا ئەو فەرمانبەران و مامۆستایانە كە لەساڵی (2016) دا زیادە مووچە (ترفیع)یان وەستاوە ئێستاش خانەنشین كراون بە موچەی ئەو ساڵەی زیادە موچەیان وەستاوە خانەنشین كراون، كە جیاوازیەكی زۆر لە موچەكەیان هەیە.

 

ئەمەش غەدرێكی ترە لە خانەنشینانی هەرێم دەكرێت كە لە بەغداد یەك مانگ سەرە مووچە و زیادە مووچەیان دواناكەوێت. لەبەر ئەم ناعەدالەتیە یە كە فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم داوا دەكەن مووچەكانیان بخرێتە سەر بەغداد.

 

فەرمانبەران و خانەنشینان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت چاوەڕوانی میكانیزمێك بوون بۆ دانەوەی مووچەپاشەكەوت كراوەكان بە كردنەوەی حسابی بانكی و پێدانەوەی قەرزەكان بەڵام ئەم لێدوانەی وتەبێژەكەی حكومەت وا دەری دەخات كە مەبەست و نیازی دانەوەی نابێت!

 

لێدوانەكەی وتەبێژی حكومەت نابێت فەرامۆش بكرێت چونكە ون كردنی مافی فەرمانبەران و خانەنشینان لە بەرداشی هەرێم و ناوەندا نادادپەروەریەكی ئاشكرایە بەرامبەر فەرمانبەران و خانەنشینان دەكرێت. كە هەندێ‌ لایەن و پەرلەمانتارانی بەڕێزی كوردستان ڕوون كردنەوەیان دا بەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران لەئەستۆی حكومەتی هەرێمە.

 

ئێستاش نرخی بەرمیلێك نەوت (120) دۆلاری تێپەڕاندووە، حكومەتی هەرێم دەتوانێ‌ بەبێ‌ ناردنی (200) ملیار دینارەكەی بەغداد مووچە دابەش بكات، بەڵام مەترسی لەوەدایە ڕاگەیاندنەكەی وەزیری دارایی عێراق كە دەڵێت ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەند نەبێت بە بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ناردنی (200) ملیار دینارەكە بەردەوام نابێت. ئەمەش حكومەتی هەرێم بیكاتە بیانوو بۆ دواخستنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان.

 

لەهەمان كاتدا لێدوانەكەی وەزیری سامانە سروشتیەكان كە دەڵێت ئەگەر لیترێك بەنزین بكەین بە (450) دینار دەبێت لێبڕین لە مووچەی فەرمانبەران بكەین. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە دیسانەوە دەست بۆ گیرفانی بەتاڵی فەرمانبەران و خانەنشینان بەرن، نەك دەست بۆ گیرفانی دزەكانی ئەم میللەتە بەرن.

 

دیارە كە ئەم هەرێمە لەبەردەم بژاردەی گرنگ و چارەنووسازدایە، ئێستاش حكومەتی هەرێم بەرپرسیارە لە جێبەجێ‌ كردنی داخوازیەكانی فەرمانبەران و خانەنشینان هەرێمی كوردستان بە:-

 

1-جێبەجێ‌ كردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق ژمارە (9)ی ساڵی (2014) كە لە عێراقدا لە (1/1/2014)ەوە پەیڕەو دەكرێت و لە هەرێمدا كار بەو یاسایانە دەكرێت كە ئەم یاسایە لە كاری خستوون، كە ئەمەش بووتە زەوت كردنی مافەكانی خانەنشینان لە هەرێمی كوردستاندا.

 

2-گەڕانەوەی مووچە پاشەكەوت كراوەكان و فەوتاوەكان و بەبەشە لێبڕاوەكان لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان كە هیچ لێكدانەوەیەكی یاسای نایانگرێتەوە.

 

3-كارا كردنەوەی سندوقی خانەنشینی كە لەساڵی (1992)دا لە هەرێمدا نییە لەگەڵ پارەكەی كە لە فەرمانبەران وەرگیراوە. كە ئێستا حكومەتی هەرێم بڕیاری دانانی دەركردووە بەڵام هێشتا ڕووناكی نەدیووە.

 

4-خانەنشینان بێ‌ بەشن لە سەرەتاترین مافەكانیان، كە لەم تەمەنەدا تووشی چەندەها گرفت و نەخۆشی دەبنەوە كە ئەو مووچە كەمەی وەریدەگرن بەشی چارەسەری نەخۆشیان ناكات بەتایبەتی لەم كاتەی دەرمان گرانیدا، لەبەرئەوە پێویستیان بە بیمەی تەندروستی هەیە و چارەسەر كردنیان لە نەخۆشخانەكاندا بەخۆڕایی. خانەنشینان لەم تەمەنەی ئێستایان پێویستیان بە دابین كردنی جێگەی حەوانەوە هەیە كە لەگەڵ كەسایەتی و تەمەنیان بگونجێ‌، لە وڵاتاندا ئەم توێژە بایەخێكی تایبەتیان پێ‌ دەدرێت، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا فەرامۆش كراون.

 

5-دانانی میكانیزمێكی گونجاو بۆ دابەش كردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لە هەرێمی كوردستاندا بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی ڕوودانی قەڵەباڵغیەكی زۆر و ڕوودانی كارەسات لەكاتی وەرگرتنی مووچەدا  بە ڕچاو كردنی ئەم خاڵانە:-

 

أ-لە دانانی خشتەی دابەش كردنی مووچەدا ئەولیەت بدرێت بە مووچەی خانەنشینان.

 

ب-جیاكردنەوەی مووچەی خانەنشینانی سەربازی لە خانەنشینانی شارستانی لەكاتی وەرگرتنی مووچەدا.

 

ج-زیاد كردنی بینا و بنكەی دابەش كردنی مووچە بۆ بانكەكان.

 

د-بۆ كار ئاسانی و نەهێشتنی قەرباڵغی  میكانیزمی كۆد (ژمارەی پێناسەی خانەنشین) بۆ دابەش كردنی مووچە پەیڕەو بكرێت.

 

ه-دابین كردنی شوێنی گونجاو و شایستە بۆ خانەنشینان لەكاتی چاوەڕوانی كردنیان بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان.

 

و-دابەش كردنی مووچە بكرێت بە كارتی ئەلكترۆنی و هەژماری بانكی بكرێتەوە بۆ مووچەخۆران.

 

بۆ زامن كردنی مافەكانمان پێویستمان بە هاوكاری هەموولایەك دەبێت، چونكە هەمووان قەرزاری خانەنشینانین.

 

لەكۆتایدا خانەنشینان بۆ بەدەست هێنانەوەی مافە زەوت كراوەكانیان هەموو ڕێگەیەكی شارستانی دەگرنەبەر تا هەڵوێستی تر كە دەسەڵات بێتە ژێر باری جێبەجێ‌ كردنی داخوازییەكانیان.


*ئەندامی یەكێتی خانەنشینانی كوردستان

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن