2144وتار

پلاندانان و پلانی ستراتیژی لە کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان...

7/1/2020 3:15:00 PM
محەمەد کاوانی

سەرەتا بۆ تێگەیشتن لەبابەتەکە پێویستە شیکردنەوەیەکی زانستی و بابەتیانە بکەین بۆ چەمکی پلاندانان و گرینگی و بایەخی پلاندانان لە کارەکاندا 
پلاندانان پرۆسەی پێشبینی کردنی ئایندەیە و ئامادەکاری رێوشوێنەکانە بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەم ئایندەیە . لێرەوە پلاندانان پرۆسەیەکە لە چەند قۆناغێک یان هەنگاوێک پێک دێت و ئامادەکاریە بۆ ئایندە لە ئێستاوە . هەروەها سوودوەرگرتنە لەو سەرچاوانەی لەبەردەستدان بۆ ئەوەی ئامانجەکانت بهێنیتە دی لە هەمان کاتدا کارێکی هزرییە بۆ ئەوەی کاروچالاکیەکانت بە رێک و پێکی رێک بخەیت لە بوارەکانی کارگێری وحکومرانی . 
چەمکی پلاندانانیش لە سەرەتایی رێکخستنەوەی سیستەمی حکومرانی و بوارەکانی ژیان تێکەل بە چەمکەکانی تربوو بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسیارانەیە کە کارێک ئەنجام دەدەین پێویستە جی بکەین ؟ کەی بیکەین ؟ لەکوێ بکەین و کێ پێی هەلسێ؟ سەرچاوە پێویستیەکان کامانەن بۆ ئەنجامدانی کارەکە ئەمان و کۆمەلێک پرسیاری تر  دێنە پێشەوە لە کاتی ئەنجامدانی کارەکانمان بۆیە چەمکی پلاندانان وەلامی کۆی ئەم پرسیارانە دەداتەوە لێرەوە بایەخ و گرینکی پلاندانان دەردەکەوێت بە تایبەت لە حکومرانی و ئیدارەدان و کارگێریە کە نیشانمان ئەدات ئێمە چۆن بایەخ بە رەهەندی پلاندانان بدەین بەمەش ئەرکەکانمان ئاسان ئەکات و سوود لە سەرچاوەکانی بەردەستمان بەبینین نەک بەفیرۆدانی سەرچاوەکان بێت لەهەمان کاتدا رؤیا و دیدگامان بۆ حکومرانی رۆشن ئەکات توانایی ئەنجامدانی کارەکانمان زیاتر دەکات کەمترین هەلەش دروست دەبێت لە کاتی ئەنجامدانی کارەکان بۆ دارشتنی پلانی ستراتیژی بۆ کارەکانمان پێویستمان بە دابەشکردنی پلانەکەمان هەیە لە رووی کات کە دابەش دەبێت بە پلانی کورت ماوە کە کەمترە لە سالێک هەروەها پلانی مامناوەند لە نێوان سالێک بۆ سێ ساڵە دوایش هەنگاونان بۆ پلانی درێژ خایەن کە ماوەکەی لە سێ ساڵ زیاترە 
دیارە لە ماوەی (۲۹) ساڵی تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بایەخی ئەو تۆ بەبواری پلان و پلانی ستراتیژی بۆ وەزارەت و سێکتەرە جیاوازەکانی حکومەت نەکراوە تەنانەت لە زۆر بواردا پارەیەکی زۆر سەرف کراوە بەبێ بوونی بەرهەم ئەمەش لە ئەنجامی نەبوونی پلانە بۆ سێکتەرەکان  و هەروەها رێگە خۆشکراوە بۆ دانەنانی پێوەری بابەتی و هەلسەنگاندن بۆ کارەکان و نەبونی لێپرسینەوە لە بکەری کارەکان بەمەش شوێنی چاودێری کردن کە پەرلەمانە لاوازکراوە کە کاری چاودێری کردنی کارەکانی حکومەتە .خالێکی تری دیار لە نەبوونی پلان لە کارەکان نەمانتوانیوە گرفتەکانمان دیاری بکەین بۆ ئەوەی لە ئایندە دا چۆن کێشەو گرفتەکانمان لە بواری کارگێری حکومرانی چارەسەر بکەین تەنانەت لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نازانرێت خاڵە لاواز و بەهێزەکانمان چین لە سێکتەرە جیاوازەکانی ئابووری کە پشتی پێ بەبەستین بۆ ئەوەی لە پلانەکانمان گرینکی بەو سێکتەرە بدەین کە دەسکەوتی زیاترمان پێ ئەدات بۆ وەلامدانەوەی هەموو ئەگەرەکان لە داهاتوو پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگایی وەزارتی پلاندانان بایەخی زیاتر بدات بە بواری پلانی ستراتیژی بۆ کارەکان و کۆی وەزارەتەکان و هەروەها بواری پلانی جێ بەجێ کردن بە تایبەت لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەت کە من پێم وایە باشرین کارنامەیە بە بەراورد بە کابینەکانی پێشووتر بەلام عیبرەت لە جێ بەجێ کردنە نەک نوسین کەواتە بۆ جێ بە جێ کردن پێویستمان بە پلانی ستراتیژی و پلانی جێ بە جێ کردن هەیە لە گشت سێکتەرەکان بە تایبەت لەو برگە و مادانەی کە لە کارنامەی حکومەت ئاماژەی پێدراو 
خالێکی تر کە پێویست ئاماژەی پێ بدرێت هاوسەنگی کردنە لە نێوان سێکتەرەکان کە کۆلەکەی پلاندانان بۆ هەر پرۆژەیەک بە شێوەیەک پرانسیپی دادپەروەری بەرەخسێت نەک تەنها بایەخ بە یەک سێکتەر بدرێت وەکو لە رابردووە کراوە تەنها پشت بە نەوت بەستراوە بۆ بواری ئابووری و داهات و سێکتەرەکانی (گەشتوگوزار و کشتوکال و پیشەسازی ) بایەخی پێ نەدراوە کە سەرچاوەی گرینگن بۆ ئابووری بەشێوەیەک ئەم کۆمەلگایە لە کۆمەلگایەکی بەکاربەر  بکەین بە کۆمەلگایەکی بەرهەمهێن هەروەها لە رووی کرداری لەماوەی رابردوو چەندین سێکتەرمان هەیە کە فەشەلی هێناو بەهۆی نەبوونی پلان لە کارەکان بە نمونە سێکتەری بیناسازی کە توانیمان خانوو و بینایی بەرز دروست بکەین لە رێگایی وەبەرهێنان بە بێ بوونی داهات و دەست مایە لەو بوارە .  ئیستا کۆمەلێک بینایی بەرزمان هەیە بێ ئەوەی هیچ سوودی ئابووری بۆ وولات هەبێت
ڵە کۆتایی دا بۆمان دەردەکەوێت بۆ ئەوەی حکومرانیەکی سەرکەوتوومان هەبێت لە کۆی جومگە و سێکتەرەکانی وا بەستە بە ژیانی هاوولاتیان پێویستمان بە پلاندانان و پلانی ستراتیژی هەیە بۆ کارەکانمان لە کۆی وەزارت و دەستەی نەبەستراو بە وەزارتەکان و کۆی گشتی دەسەلاتی جێ بەجێ کردن 
یاساناس و چالاکوانی مەدەنی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن