هۆکار و دەرەنجامەکانی شکستی کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستان
5/2/2020 10:16:00 PM
محەمەد کاوانی
نەوتی خاو يەكێكە لە گرنگترین پێداوستی و كاڵاکانی ژیان ، کە ستراتيجيەتی ئابووری و سياسی وەڵاتانی پێوە بەندە، هەر بۆیە گرینگی نەوتی خاو و بەكارهێنانی لە كايە جۆراوجۆرەكانی ژيان وايكردووە، لەسەر ئاستی ناوەخۆیی و نێودەوڵەتی رێكەوتنی ئابووری و سياسی بەهێزی لەسەر بكرێت و پلانيش بۆ كۆنترول كردنی دابڕێژرێت .
لەبەر ئەمەشە بە زێری رەش ناوزەند دەكرێت. لە ڕووی مێژووییەوە هەر گەلێك ڕۆشنبيریی زانستی هەبووبێت لەسەر نەوتی خاو، كاريگەری بنەڕەتی هەبووە لە ڕووی گەشەی كۆمةڵايەتی و ئابووری و سياسی ئەو كۆمەلگايە تەنانەت ئەو وەڵاتانەی خۆيان بەدوايی نەوت گەڕاوەن، هەنگاوی باشیان بەرەو پێشخستن لە بواری نەوتی ناوە و زياتر پێشكەوتوو تر بوون لەو کۆمەلگايانەی كە بە هاوكاری كۆمپانيا نێودەوڵەتيەكان گەيشتوون بە نەوتی خاو.
بۆيە دەبينين لە جيهان وەڵاتانی بەرهەم هێنی نەوت دابەشبوون بەسەر دوو كۆمەلە، بە شێوەيەك لە كۆمەڵەی يەكەم نەوت وەكو دەستکەوتێک و سەرچاوەيەك لە سەرچاوەكانی داهات بۆ خۆشگوزەرانی هاوڵاتيانيان بەكار هاتووە، كەمتر پشتيان بە تەنها سێكتەري نەوتی بەستووە، لەوانەش وەڵاتانی ئەمريكا و ئەوروپا دەگرێتە خۆ. بە پێچەوانەوە لە كۆمەڵەی دووەم نەوت وەكو مەينەتی و ئاریشەیەک بووە بۆ هاوڵاتيانيان، چونکە تەنها پشتيان بە سێكتەری نەوتی بەستووە بۆ بواری ئابووری و داهاتيان، كە تێيدا وەڵاتاني رۆژهەڵاتی ناوەراست و باشووری ئەفريقا دەگرێتەوە و بە هەرێمی كوردستانيش، كە لەم كۆمەڵەیە نەوت تێكەڵی کاری سياسی و هێز كراوە، چونکە نەتوانراوە ئەم رەهەندە بە سيستەماتيك بكرێت و نوقمی گەندەڵی و ناشەفافی داهات و چاودێری نەكردن لەلایەن پەرلەمانەوە، بە تايبەت لە بوارەكانی ( گرێبەست و بەرێوەبردن و خەرجیەكان ) لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت كە هۆكارەكانی شكست هێنانی كەرتی نەوتی و ووزە لە هەرێمی كوردستان لەم خاڵانەی خوارەوەيە:
١- جۆری گرێبەستەكان - حكومەتی هەرێمی كوردستان، گرێبەستە نەوتیەكانی لە جۆری پشكدار لە بەرهەمە بە (PSA) ناسراوە، كە لەم جۆرە گرێبەستانە قازانجی بەرهەمە نەوتیەكە دابەش دەكرێت، لە نێوان حكومەتی هەرێم و كۆمپانيا بەرهەم هێنەرەكان. بەمەش تێچووێکی زۆر و قازانجێکی کەم بەر حكومەتی هەرێم دەکەوێت بۆیە پارەيەكی كەمی دەست دەكەوێت، بەڵام لە حكومەتی ناوەندی عێراق و تەنانەت لە وەڵاتانی بەرهەم هێنی نەوت، لە ڕوژهەلاتی ناوەراست گرێبەستی جۆری خزمەتگوزاری(serve) پەيرەو دەكرێت. كە بۆ هەر بەرميلێك نەوت دوو دۆلار دەدرێت بە كۆمپانيای بەرهەمهێن، وەكو سێرڤيس و خزمەتگوزاری، بە پێچةوانەوە لەو گرێبەستانەی حكومەتی هەرێم نزيكەی حەڤدە دۆلار دەدرێت بە كۆمپانیاکان.
٢- بەرێوەبردنی کەرتی نەوت - لە هەرێمی كوردستان، يەكێك لە خالە لاوازەكان ئيدارەدانی نەوتە ، هەم لە ڕووی ياسايەوە كە كار بە ياسای ژمارە (٢٢) سالی (٢٠٠٧) نەكراوە هەروەها لە ڕووی بەرێوەبردن و كارگێری و گەشەپێدان، بە سيستەماتيك كردنی نەکراوە. تەنانەت تاكو ئێستا زانكۆ يان پەيمانگايەكی تايبەتمەندمان نیە ، بۆ پێشخستن و گەشەپێدان و پێگەياندنی كاديری ئەكاديمی و زانستی لە بواری نەوتیدا لە هەرێمی كوردستان.
٣- زۆری خەرجیەكان - لە بواری نەوتی لە هەرێمی كوردستان، كە دەتوانين بڵێین ئەم هەرێمە تاكە شوێنە لە جيهان كە خەرجیەكانی ئەوەندە زۆر سەرەف بکرێت . كە خەرجيەكان ئەمانە دەگرێتەوە ( گەڕان و دەرهێنان، هەناردەكردن و گواستەوەی نەوت، بواری ئاسایشی کە چەندین کۆمپانیای حیزبی بواری ئەمنی بەرێوە دەبن کە خۆمان هێزی پێشمەرگە و ئاسائیشمان هەیە و حەق دەستی کۆمپانياكان، حەواڵەكردنی پارەكە بۆ هەرێمی كوردستان کە لەلایەن بانکێکی حیزبی کەرتی تایبەت ئەو کارە دەکرێت کە حکومەت خۆی بانکی هەرێمی هەیە ) بۆيە پێويستە حكومەت كار بكات، بۆ كەم كردنەوەی خەرجيەكان بە گۆڕينی جۆری گرێبەستەكان و دامەزراندنی كۆمپانيای كوردستان بۆ دۆزينەوەی نەوت(KEPCO) و كۆمپانیای بە بازاری كردنی نەوت(KOMO)و كۆمپانیای كوردستان بۆ پاڵاوتنی نەوت و پاشكۆكانی (KODO) كە بە پێی ياسای بەركار ئاماژەی پێكراوە. هەروەها پشت بەستن بە يەك دەروازە و ووڵات بۆ هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت، يەكێكە لەو فاكتەرانەی کە قوڕسایی خستۆتە سەر هەرێم و خەرجیەكانی زۆرتر كردووە، ئەویش وەڵاتی توركيایە كە خەرجيەکانی زۆرە و پێويستە بير لە دەروازی تر بكرێتەوە، وەكو وەڵاتانی سوريا و ئەردن، تەنانەت لە ڕێگای حكومەتی ناوەندی مينای بەسرە وەک دەروازەیەکی باش دەست نیشان بکرێت.
٤- شەفافيەت و چاودێری - يەكێك لەو پێوەرانەی كە رێكخراوی جيهانی ئۆپێك پشتی پێ دەبەستێت، لە بواری پێشكەوتنی نەوتی لە هەر وەڵاتێك كە بەرهەمهێنی نەوت بێت، شەفافيەت لە دەرهێنان و فرۆشتن و چۆنيەتی بەكارهێنانی داهاتەكەی، لەگەڵ چاودێری كردنی نەوتەكە لە ناوەخۆی وەڵاتەكە، لە رێگای دامەزراوە شەرعيەكانی وەكو پەرلەمان و چاودێری دارايی و دەستەی دەستپاکی لە رووی دەرەوەش رێكخراوەكە خۆی چاودێری شێوازی فرۆشتنی نەوتەکە و پارەكەی دەكات، كە نەوتی هەرێمی كوردستان هەم لە ڕووی ناوەخۆی و هەم لە ڕووی دەرەوە هيچ چاودێریەكی بەسەرەوە نیە. هەروەها پێوستە بگوترێت کە ناشەفافترين سێكتەر لە هەرێمی كوردستان بواری نەوتیە، كە هاوڵاتيانی هەرێم و لايەنە سياسيەكان بە گشتی نازانن بەرێوەبردنی ئەم كەرتە چۆنە و داهات و پارەكەشی بۆ كوێ دەچێت ؟ تەنانەت ئەو لايەنانەی کە بە كارەكەش هەلساون ئاگاداری هەموو وردەکاریەکان و چۆنیەتی خەرجیەکان و سەرف کردنی داهاتەکەش نین جگە لە چەند كەسێکی دياری كراو نەبێت.
*ماستەر لە بواری گرێبەستە نەوتیەکان لە وڵاتی بەریتانیا