نەوت و لە دەستدانی بەهاکەی
5/8/2020 4:49:00 PM
محەمەد کاوانی
ماوەی چەند مانگێکە نرخی نەوت بەردەوامە دادەبەزێت
لە بازارەکانی ووزەی جیهانیدا وە تا دێت ئەم کالا ستراتیجیە نرخەکەی روو لە دابەزینە
کە بە درێژی مێژوو تەنها یەک هۆکار نەبۆتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت بەلکو چەندین هۆکاری
جیاجیا کاریان کردۆتە سەر دابەزینی نرخی نەوت کە هۆکارەکان ئابووری و سیاسین وە
بازاری نەوت لە جیهان جیاوازە لە کالاکانی تر بەوەی خۆی کالایەکی سیاسی و ئابووریە
هەروەها لە رووی ماوەو کاتەوە هۆکارەکان دابەش دەبن بۆ کاریگەری درێژ خایەن و هەروەها هەندێک لە هۆکارەکان لە ماوەی کورت مەودا
دروست بوون بە شێوەیەک لە رووی مێژوویەوە سەیری بکەین ئەبینین هەر گۆرانکاریەک لە
نرخی نەوت گەشەکردنی ئابووری بە دوا هاتووە بەلام بەرزبوونەو نزم بوونەوەی نرخی نەوت
شتێکی تازە نیە کە بۆ یەکەمین جار لە ساڵی (٢٠١٢) گەورەترین نزم بوونەوەی نرخی تۆمار
کرد کە پێشووتر نرخی بەرمیلێک نەوت بە ١١٧ دۆلار مامەلەی پێوە ئەکرا کە چی ئێستا سێ
بەشی نرخەکەی لە دەستداوە کە جگە لەو هۆکارانەی باسی دەکەین ترس و دلەراوکێکی
دروست کردووە لای وولاتانی بەکاربەری نەوت کە نەوتێکی زۆر نەکرن و پێیان وایە نەوت
جارێکی تر گران نابێتەوە.
ئالۆزیەکانی مامەلەکردن لە نێو بازاری ووزە لە
کاتی ئێستا ئاستی پێشبینی بۆ نرخی نەوت لای بازرگانەکان کەمکردۆتەوە وای لە
بازرگانەکان و وولاتانی هاوەردەکردنی نەوت کردووە بترسن لەوەی مامەلە بە رێژەیەکی
زۆری نەوت بکەن پێیان وایە کە لە ئایندە زەرەرێکی زۆر دەکەن بەهۆی ناجێگیری نرخی نەوت
بۆیە لێرەوە کۆمەلێک هۆکاری ئابووری و سیاسی دەخەینە بەردیدی خوێنەران و سەرەتا بە
هۆکارە ئابووریەکان دەست پێدەکەین.
١-نزم بوونەوەی
ئاستی گەشەکردنی ئابووری لە هەموو جیهاندا بەهۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا جولە وەستێنراوە بەمەش
ئابووری جیهان بەرەو داکشانە بۆیە هەتا گەشەی ئابووری کەم بێت نەوت کەمتر بەکاردێت
چونکە گەشەی ئابووری جیهان پشت بە نەوت ئەبەستێت
٢-ئاستی داواکاری
(عرض-طلب) لە بازارەکانی جیهان داواکاری نەوتی کەم کردۆتەوە بە تایبەت لە وولاتانی
کریاری نەوت وەکو صین و هیندستان و یابان
بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاوکێشەیەکی ئابووریش هەیە دەلێت تاکو داواکاری کەم بێت و بەرهەم
زۆر بێت نرخ دادەبەزێت
٣-رێک نەکەوتنی
وولاتانی بەرهەم هێنی نەوت لە رێکخراوی ئۆپێک و دەرەوەی ئۆپێک لەسەر بەرهەم هێنان
بەتایبەت سعودیە و رووسیا کە دوو وولاتی زەبەلاح ی بەرهەم هێنانی نەوتن هەروەها پێشبرکێکردنی وولاتانی بەرههەمهێن بۆ زیادکردنی
بڕی بەرهەم
٤- یاری کردن بە
نرخی دراوی دۆلار لە جیهابدا چونکە زۆربەی مامەلەکانی نەوت لە جیهاندا بە دراوی دۆلار
ئەکرێت بە واتایەکی تر هەر کاتێک نرخی دۆلار بەرزبوو بەرامبەر بە دراوەکانی تر ئەوا
نرخی نەوت دادەبەزێت
٥-پێشکەوتنی بەرچاوی
تەکنەلۆجیا لە دەرهێنانی نەوت لە هەموو جیهان کە پێیشتر لە قوولای کەم نەوت دەر ئەکرا
ئێستا ئەتواندرێت لە قوولای زۆر نەوت دەربکرێت بەمەش بەرهەمی نەوت زیادی کردووە
٦- بەرزبوونەوەی
ئاستی بەرهەمی نەوت لە وولاتی ئەمریکا کە پێشتر کریاری نەوت بوو ئێستا خۆی ئەتوانێت
پێداویستیەکانی پربکاتەوە لە ناوەخۆی خۆی و تەنانەت لە سالانی داهاتوو ئەتوانێت نەوت
بفرۆشێت لە لایەک لە لایەکی تریشەوە زیادبوونی رێژەی سەکۆکانی وەبەرهێنانی نەوت لە
هەموو جیهان بەگشتی و وولاتی ئەمریکا بەتایبەتی
٧-یەکێکی تر لە هۆکارەکان
زیاد بوونی خواستی وولاتانی بەکارهێنەری ووزەیە لە جیهان بۆ گازی سرووشتی لە جیاتی
نەوتی خاو واتا خەریکە گازی سرووشتی جێگا بە نەوتی خاو لەق بکات ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە گازی سروشتی لەرووی بەکارهێنان
ئاسانتر و باشتر بێت لە کارکردن لە نەوتی خاو هەروەها زیاتر دۆستی ژینگەیە بەمەش گەورە
وولاتانی بەرهەم هێنەری گاز کە رووسیا و قطر رابەرایەتیان دەکەن بەرهەمیان زیاتر
بکەن.
جگە لەو هۆکارە ئابووریانە چەند هۆکارێکی سیاسیش
هەن لەوانە
١-ململانی نێوان
وولاتە زلهێزەکانی جیهان بۆ دەست گرتن بەسەر ئەو ناوچانەی کە نەوتی خاوی تێدایە بەمەش
دووبەرەی دروستکردوە کە ئەمریکا و وولاتانی ئەروپا لە لایەک و وولاتانی رووسیا و چین
و هاوپەیمانەکانیان لەلایەکی ترەوە
٢-ناسەقامگیری سیاسی
لە رۆژهەلاتی ناوەراست کە بری (٦٢٪) سەدا شەست و دووی نەوتی جیهان لە رۆژهەلاتی
ناوەراستە . بەهۆی بوونی خۆپیشاندان و لادانی سەرکردە و سیستەمی ئەو وولاتانە بەتایبەت لە بەهاری عەرەبی کێشە ناوەخۆیەکانی
وولاتانی رۆژهەلاتی ناوەراست زیاتر کرد
٣-بە قاچاغ بردنی
نەوت لە لایەن هێزی چەکداری و میلیشیاکان کە لە دەرەوەی یاسا و رێکخراوی ئۆپێک نەوت
دەفرۆشن بەمەش هەرزانتر دەیفرۆشن لە نرخی جیهانی و ئەبێتە فاکتەرێک بو دابەزینی
نرخی نەوتی وولاتانی رێکخراوی ئۆپێک و ئۆپێک پلاس
ئەمانەش هۆکار گەلێکی سیاسین بۆ دابەزینی نرخی
نەوت لە جیهان
* شارەزا لە بواری
نەوت و گاز