300وتار

چاودێربە، بەڵام....

6/30/2020 4:52:00 PM
هەڵشۆ عەبدولفەتاح

هەر کارێک لەدنیادا ئەنجامدەدرێت لەبەرامبەرداو هاوتەریب لەگەڵیدا بەپرۆسەیەکدا دەڕوات و تەواو دەبێت ئەویش پێی دەوترێت چاودێری، جا ئەمە بەپێی سروشت و کارەکە دەگۆڕێت، لەدەوڵەتدا دەبێت دامەزراوە رۆڵی ئەم چاودێرییە ببێنێت وەک ( پەرلەمان بەسەر حکومەتەوە) ( کۆمەڵێک دامەزراوە بەسەر دامەزراوەکانی گشتی) بەڵام بۆ تاک و دەرەوەی حکومەت ئەم چاودێرییە دەگۆڕێت بەنمونە تاکێک لەوانەیە چاودێرو لێپرسینەوەکەی یەکێک لەمانە بێت ( ئاین، داب و نەریت، پرەنسیپ،کەس، حزب،هتد..). لەدوای بوونی چاودێر وەک ناو بەشی دووەم دێتەکایەوە ئەویش لەگەڵ بوونی چاودێرەکەدا تاچەند کاریگەرە؟ ئایا تەنیا بوونە وەک هەیکەل و ناو؟ یاخود بەپێچەوانەوە.
روونە ئەم پرۆسەیە بۆ باشتر رایکردنی کارەکان و لانەدانی تاکە، چونکە مرۆڤ بۆ خۆی کائینێکی سنور شکێنەو ماف بەخۆی دەدات لەئەنجامدانی هەموو کارەکان بێگومان ئەمەش لەسەر حسابی کەسانی تر، بەگشتیش بەزاندنی سنور هیچ پەیوەندی بەنەتەوەو ئاین و رەگەزەوە نییە، بڵێن ئەم نەتەوەیە زۆر باشن خۆیان یاسا شکێنی ناکەن و پێویستیان بەچاودێر نییە، چونکە دواجار ئەچێتەوە بازنەی مرۆڤ و ململانێی و ئەویش حەزوو خواستی هەیە، بۆیە ئەگەر گڵوپی ترافیک لایتەکان بکوژێنێتەوە لە فلندای پێنج وڵاتە دیموکراسییەکە تا عێراقی نادیموکراتی هەردووکیان یەک رووداو روودەدات ئەویش یاسا شکێنێ و پێکدادان، واتە ئاستی رۆشنبرییەکە هەندێکی کەم کاریگەری دەبێت.
لەهەرێمی کوردستان  چاودێر وەک بنەمایەکی تەواوکاری بۆ بەرێوەبردن و دەوڵەت دانراوە، بەنمونە لەبەرامبەر (پەرلەمانتار ،دەنگدەر) (حکومەت، پەرلەمان) لەگەڵ کۆمەڵێک دامەزراوەی تر کە سەرجەمیان وەک ناو ئەرکی چاودێری و لێپرسینەوەیان پێ سپێدراوە لەوانەش ( دیوانی چاودێری دارایی، دەستەی دەستپاکی، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ). ئەمانە بەئامانجی لێپرسینەوەو شەفافیەت و هەڵسەنگاندن و سزاو پاداشت دامەزراون، بەڵام بابزانین چەند کاریگەرن؟ ئایا ئەمانە تەنیا بۆ ئەوەیە ناوێک لەهەرێم زیادبکەن و پرۆسەکە تەواو بکەن یاخود بەپێچەوانەوە.
 لەهەرێمی کوردستان دەبینین ئەوەی رۆڵی نەبێت دامەزراوەی چاودێرییە، سەیربکە لەسەرەوە بۆ خوارەوە دەستپێبکە، پەرلەمان ئێستا خولی پێنجەمەو ئەرکی چاودێریکردنەو یاسا ئەمەی پێبەخشیوە، بەڵام لەماوەی بیست و هەشت ساڵ نەیتوانیوە متمانە لەیەک  وەزیری وەربگرێتەوە!. لەئێستادا دۆخی سیاسی و ئابوری و تەندروستی لەخراپترین ئاستیدایە، بەڵام پەرلەمان بوون و نەبوونی نزیکبۆتەوە لە سفر، ئێ بەراست دامەزراوەیەکی چاودێر دەبێت بەو شێوەیە بێ کاریگەر بێت؟  بچۆ بۆ دامەزراوەکانی تر، سێ دامەزراوە زۆر گرنگەکە بەڵام بێ رۆڵ و کاریگەر (چاودێری دارایی و دەستپاکی و مافی مرۆڤ) هەر سێکیان ماوەی یاساییان تەواوبوەو هەر باسیش نییە، بچۆ بۆ حزب و رێکخراو کام لەمانە توانیویەتی بەفعلی چاودێر بێت؟ نەک بۆ رایگشتی و هەموان بەڵکو تەنیا بۆ خۆشیان، کامیان توانیوییەتی لێپرسینەوە لەگەڵ کەسی خۆیان بکات؟ ئەگەر بەرەهایی نەڵێن هیچ ئەوا دەتوانین بڵێن هیچ کام لەوانە کارێکیان نەکردوە شیاوی باسکردن بێت،  هەموو ئەمانە دەمانگەیەنێتە ئەوەی لەهەرێمی کوردستان ئەوەی رۆڵی نەبێت پرۆسەی چاودێرییە واتە ئێمە چاودێرمان ناوێت خاوەن دەستەڵات و لێپرسینەوەو بڕیاربێت، بەڵکو چاودێرمان دەوێت تەنیا بۆ ناو، بۆیە دەڵێن چاودێربە، بەڵام بێدەستەڵات، چاودێربە بەڵام بێ رۆڵ، چاودێربە بەڵام بێدەنگ، چاودێربە بەڵام...

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن