375وتار

چاكسازی "یار"ی وتارو نەیاری كردار

6/2/2020 4:28:00 PM
هەڵشۆ عەبدولفەتاح


چاكسازی یەكێكی تر لەو چەمكانەی لەهەرێمی كوردستان‌و لەدنیاش زۆرترین كات بەركاردێت‌و دەبێتە وێردی زمانی زۆرێك لەتاك‌و رێكخرا‌و گروپ بەتایبەتیش حزبی سیاسی‌و حكومەت زۆرترین كات بەكاردێنن، ئەگەر بگەرێتەوە بۆ خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان لەساڵی 1992 لە وتاری یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان پرسی دروستكردنی دامەزراوە ئەنجامدانی چاكسازی چ وتراوە، سەرۆكی پەرلەمان لەو كاتەدا دەڵێت " بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ ئەم برسییەتی‌و بێكاری‌و گرانییە بدۆزینەوە هەوڵبدەین كاروباری كشتوكاڵ وەگەڕ بخەینەوە بۆ ئەوەی لەكورترین كاتدا بتوانین پشت بەخۆمان ببەستین‌و ئیتر چاومان لەكۆمەكی دەرەوە نەبێت". ئەمە وتارێكە بیست‌و هەشت ساڵ پێش ئێستا لەهەرەمی پەرلەمانی كوردستان وتراوە، رەنگە بڵێن ئاساییە هەمان دەستەواژە (چاكسازی) ئێستاش بەشێوازی خۆی هەبێت‌و رابگەیەندرێت، چونكە دواجار راستە بەڵێ چاكسازی پرۆسەیەكی بەردەوامەو لەگەڵ ژیانی رۆژانەدایە، لەوانەیە ئەو چاكسازییەی ئێستا لەو خراپانەی ئێستادا بێت نەك هەمان خراپەكانی پێشوو بێت، بەڵام پرسیارە سەرەكییەكە ئەوەیە ئایا ئەو چاكسازییەی ئەو كات باسدەكرا ئێستا هەمان ئەو چاكسازییە نییە؟ ئایا ئێستا ناڵێن دامەزراوەكانمان لاوازن‌و پێویستە بەهێزییان بكەین؟ ئێستاش ناڵێن دەبێت پشت بەخۆمان ببەستین‌و كشتوكاڵ بكەینە سەرچاوەی داهاتی وڵات نەك چاومان لەهاوكاری‌و یارمەتی دەرەوە بێت؟ بێگومان جگە لەوەی بەشێك لە بكەری وتراوەكان گۆڕاون گەرنا شتێكی ئەوتۆ نەگۆڕاوەو ئێستاش هەمان وتارو هەمان ئەو هێزانەی ئەو کات بەرێژەی کەمتر لەگەڵ چەند هێزێکی تر بەرێژەی جیاواز هەر ئەو بانگەشەو بڵاوکراوانە هەیە.
ئێستاش وەك هەموو ئەوانی رابردوو لەحكومەت‌و پەرلەمان ئەمجارەش كەهەرسێ حزبی پێكهێنەرحكومەت (پارتی، یەكێتی،گۆڕان) بەكۆمەڵێك بانگەشەی قەبە قەبە پرسی چاكسازی راگەیەندراو بەڵێندرا چاكسازی جدی ئەنجامبدرێت‌و هەر باشی‌و خراپییەكی ئەم كابینەیەش دەكەوێتە سەرشانی ئەو سێ هێزە سیاسیە.
لەئێستادا ئەوەی دەیبینین لەپاش نۆ مانگ لەتەمەنی كابینەی نۆیەم لەوانەیە كارێكی واقعی‌و كاریگەری ئەوتۆ نەبینرابێت، هەرچەند ئەمە ناكەتە ئەوەی چەند هەنگاوێكی ئەم كابینەیە نادیدەبگرین لەوانەش یاسای چاكسازی‌و بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران كە لە كۆبونەوەی 5/5/2020 دەركراوە، بەڵام جاری تائێستاش ئەمانە هەر نوسراون‌و نەبونەتە كار لەبواری پراكتێكدا نە بینراون، بۆیە ئەوەی گرنگە ئەمانە قابیلی ئەوەیە پشتگیری لێبكرێت‌و هەوڵبدرێت ببێتە كارو بتوانرێت كاری باشتری بەدوادابێت، بەڵام دەبێت لەم پرۆسەیەدا كۆمەڵێك خاڵ رەچاو بکرێت ئەویش ئەوەیە پرۆسەی چاكسازی نە بەتەركی هەموان‌و هەر خۆم دەكرێت، نەبەوەش بەدێدێت كەلە دەستەڵات بم‌و گوتاری ئۆپۆزسیۆنم هەبێت، بەوەشناكرێت دەستەڵات لەوانی تر وەربگرمەوە بیخەمە دەستی خۆم‌و بڵێم چاكسازی دەكەم، بەڵكو پرۆسەی چاكسازی پێویستی بەوەیە بتوانێت دەنگە باش‌و چاكسازخوازەكان لەخۆت كۆبكەیتەوە تا بتوانێت پشتیوان‌و پشتگیری بۆ خۆت دروستبكەیت نەك بێت هەموان بكەیتە دژی خۆت، چونكە دواجار ئەم پەیام‌و سیاسیەتە هەرچەندە بەهێزو رەوا بێت تەنیا لەوتاردا "یار"ی دەبێت‌و لەكرداردا نەیاری زۆردەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن