پەرلەمانی كوردستان چی لەهەگبەی ساڵەكەیدا هەیە؟
12/24/2019 5:53:00 PM
هەڵشۆ عەبدولفەتاح
هەموو ساڵێك لەگەڵ نزیكبونەوە لەكۆتایی ساڵ
ئاماری كارووچالاكیو دەرچوونی یاساكان، ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان،
توندوتیژییەكان، هەموو ئەمانە لەرێگەی راپۆرتە ناوخۆیو نێودەوڵەتییەكانەوە لەرێگەی
كەناڵە جۆراو جۆرەكان دەبینینو دەبیستین، ئەمساڵیش بەهەمان شێوەی ریژەو ژمارەكان
كەوتنەوە بەرچاومان، بەچارتی جیاوازو بەرز لەئاستی بوونی پێشێلكارییەكان، بەڵام بەئاستی
كەمترین خزمەتگوزاری دەبینین، لێرەدا تەركیز دەكەینە سەر پەرلەمانی كوردستان لەماوەی
ئەمساڵی رابردوودا ئەم دامەزراوەیە وەك یەكێك لەسێ دەستەڵاتە گرنگەی دەوڵەتو بەرێوەبردن
هەموان چاوییان لەسەرییەتی بزانن چێدەكاتو تاچەند لەئاستی ئەو متمانەیە كەدەنگدەر
پێبەخشیوە، بەڵام بابێن خێرا بەئەرشیفی ئەم پەرلەمانەدا بچێنەوەو بزانین چیكردوەو
لەسەر هەر سێ ئاستەكە بوەستین ئەوانیش (یاسادانان، چاودێریكردن، پەسەندكردنی بودجە).
ئۆتۆماتێكی لای هەموان روونە ئەم دامەزراوەیە نە بودجەی ساڵی رابردووی پەسەندكردوە نەتا
ئێستاش هیچ هەواڵێك لەبارەی بودجەی ساڵی داهاتوو هەیە، بۆ لێپرسینەوەش سەرباری
خراپی دۆخی زۆرێك لەسێكتەری وەزارەتەكان بەڵام هیچ كام لەوەزیرەكان نە بانگهێشتی پەرلەمان
كراون نە رووبەرووی هیچ بەدواداچوونێكی جدی پەرلەمانو پەرلەمانتاران بونەتەوە، بەڵكو
بەپێی وتەی سەرۆكی پەرلەمان تا ئێستا لەم ماوەی دەستبەكاربوونی پەرلەمان تەنیا
(140) پرسیاری جۆراوجۆر ئاڕاستەی حكومەتو وەزارەتە جیاوازەكان كراوە، بەڵام تەنیا
(86) پرسیار وەڵامەكانیان گەراوەتەوەو لەوەڵامنەداوەش رێكاری پەیڕەوییەكانی دیكە جێبەجێنەكراوەو
بۆ لێپرسینەوە.
لەرووی پەسەندكردنی
یاساش پەرلەمان لەماوەیەدا تەنیا سێ یاسای پەسەندكردوە دوانیان بۆ كەسیو حزبی بووە
یەكێكیان بۆ بوون بەسەرۆكی هەرێم لەلایەن نێچرەڤان بارزانیو ئەویدی گۆڕینی پارێزگاری
هەولێر بووە، ئەگەر پاساوی یەكەمیان كاراكردنەوەی دامەزراوەیە ئەی دووەمیان چی
بوو؟ لەئاستی دەرچوونی بڕیارەكانیش تەنیا (12) بڕیاری دەركردوە لەم رێژەیەش تەنیا یەك
دانەیان پەیوەندی بەناساندنی رۆژی 3/8/2014 وەك رۆژی كۆمەڵكوژی ئیزدییەكان هەیە سەرجەم
بڕیارەكانی تر پەیوەندی بەهەریەكە لە(ناوی لیژنە، تێكەڵكردنو جیاكردنەوەی لیژنەكانو
گۆڕینو دەستبەكاربوونی ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی)ە. كەواتە دەبینین ئەم پەرلەمانە
لەپرسی لێپرسینەوەو چاودێریش لەئاستی پێویست نەبووەو نەیتوانیوە رۆڵی خۆی ببینێت.
ئێستا دوای رۆیشتنی یەك لەسەر چواری تەمەنی پەرلەمان
مافی دەنگدەرو هاوڵاتی نییە بپرسین ئەری بەڕاست ئەم پەرلەمانە بەرێزە بە سەدو یانزە
ئەندامو زیاتر لە پەنجا راوێژكارو باڵاخانەی بەرزەوە چێت كرد؟ چۆن ئەمساڵتان بەرێكرد؟
مافی شەقام نییە بڵێن پەرلەمان لەئاستی دەرچوونی یاسادا بەوشێوەیە لاواز بێت ئەی بۆ
پرسەكانی تری وەك لێپرسینەوە لەسەرۆكو كابینە وزارییەكە لەگەڵ وەرگرتنەوەی متمانە چۆن دەبێت؟ باشە بۆ بەراوردێكی
خۆتان ناكەن لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقو بزانن لەوێ چی دەگوزەرێت؟ تەنیا لەماوەی ئەمساڵەدا
(34) یاسای پەسەندكردوە بەشێكی زۆریش لەو یاسایانە پەیوەندی راستەوخۆی بەژیانی خەڵكەوە
هەبووە نامەی دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی پەسەندكردوە؟.
بۆیە ئەوەی گرنگەو وەك فرسەتێك لەبەردەمی پەرلەمانی
كوردستاندایە دەرچوونی یاسای چاكسازییە ئەویش بەشێوەیەك كە زۆرترین خاڵی لەبەرژەوەندی
گشتیدا بێتو بتوانێت موچەو خانەنشینی پلە باڵاكان تا ئەو شوێنە توانا هەیە كەمبكاتەوەو
لەسەروو هەموشیانەوە خانەنشینی پەرلەمانتارانو نەهێشتی بنیوارو.. هتد.