526وتار

پرسی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتاران

5/12/2020 12:28:00 PM
د.لەتیف ڕەشید

لەكاتێكدا هەموو جیهان و حكومەت و پەڕلەمان و ئەنجومەنەكان سەرقاڵی گەڕان ودۆزێنەوەی چارسەرو دەرمانێكی گونجاون بۆ دەربازبوون لەو بارودوخە ناهەموارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كورۆنا و خەریكی دۆزینەوەی هەلی كار و رزگاركردنی هاووڵاتیانن لە نەبوونی و برسێتی ، لەم كاتەدا كە هەرێمی كوردستان رووبەڕووی كێشە و قەیرانی زۆر قووڵ دەبێتەوە لە دواكەوتنی مووچە، دەبینین چەند هێز و لایەنێكی سیاسی خەریكی شەڕن لەسەر دەستكەوتی حزبی و سیاسیی و ئیمتیازات و پۆستی وەزاری.

لەم كاتەدا كە عیراق رووبەڕووی كێشەی زۆر قووڵ بۆتەوە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا كە بۆتە هۆی كەمبوونەوەی داهاتی وڵات بەشێوەیەكی بەرچاو و وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدوای چەندین كۆبوونەوە و دانیشتن هێشتا حكومەتی عیراقیان قایل نەكردووە بەوەی مووچەی هەرێمی كوردستان بنێرێت، كە ئەوەش بەهۆی نەبوونی شەفافییەت لە دۆسێی نەوت و شكستهێنانی سیاسەتی ئابووریی سەربەخۆوەیە، كە لەئەنجامدا خەڵكی كوردستان باجی ئەو شكستە سیاسییەی حزبەكانی دا.

لەم بارودۆخەدا لەجیاتی ئەوەی پەرلەمانی كوردستان لەخەمی چونێتی چارسەركردنی دۆخی خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستاندا بێت، و هەڵوێستی جدیی هەبێت لەسەر ناكۆكیی و پەرتەوازەیی لایەنە سیاسییەكان و رێگربێت لە بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی و دیار نەمانی داهاتی گشتی و داهاتی فرۆشتنی نەوت و چۆنێتی پاراستنی سەروەت و سامانی وڵات، بەپێچەوانەوە دەبینین پەرلەمان بۆتە شوێنی تۆڵە سەندنەوە و و سزادانی كەسانێك كە خەریكی روبەڕوبوونەوەی گەندەڵین.

لە كێشەی سەندنەوەی پارێزبەندیی لە پەرلەمانتاراندا، ئەگەر یاسا سەروەر بوایە و كار بە بڕیارەكانی دادگاكان بكرایە، نەدەبوو پرسی هەڵگرتنی پارێزبەندیی بخرێتە دەنگدانەوە، ئەوەی كە روویدا لە پەرلەمانی كوردستان، ئەوەی بۆ ئاشكرا كردین كە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر یاسادا یەكسان نین و حكومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریش بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی و حزبی بەكار دەهێنرێت.

پێویستە پەرلەمانتار كە نوێنەرایەتیی گەل دەكات، ئازاد بێت لە دەربڕینی قسە و بیرو بۆچوونەكانی، چونكە ئەوە نوێنەرایەتی و بەناوی هاووڵاتیانەوە دیدو بۆچوون دەڕدەبڕێت، كە زۆرجار قسەكانی و بیروبۆچوونەكانی بەدڵی دەسەڵات نابن.

هەر لەو پێناوەشداو بۆئەوەی دەرفەتی ئازادیی رادەربڕین بۆ پەرلەمانتار زامن بكرێت، پارێزبەندیی پەرلەمانی لە دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆیی زۆربەی پەرلەمانەكانی وڵاتانی جیهاندا جێگیركراوە و رێوشوێنی دانان و هەڵگرتنیشی دیاریكراوە.

بەڵام ئەو پارێزبەندییە بە مانای ئەوە نییە كە پەرلەمانتار لە سەرووی یاساوەیە و هەرچی بكات نابێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكرێت، بەڵكو ئەویش تا سنوورێكی دیاریكراوە.

هەڵگرتنی پارێزبەندی بەم شێوەیەی ئێستا، لەلایەك ئامانج لێی سەركوتكردنی دەنگی ئازاد و سزادانی كەسانێكە كە رووبەڕووی ناعەدالەتی و نەبوونی شەفافییەت لە هێنانەوە و دابەشكردنی داهات و پارەی نەوت دەبنەوە، لەلایەكی دیكەشەوە زیانێكی گەورە بە ناوبانگی هەرێمی كوردستان و پێگە سیاسییەكەی لە جیهانی دەرەوە دەگەیەنێت، و كیشەی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان گەورەتر دەكات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن