892وتار

سنورداركردنی دەسەڵاتەكانی ژن لە كایە گشتیەكاندا

11/28/2019 9:42:00 PM
چنار عەزیز

ڕۆژی سێشەمە 26ـ11ـ2019 لەزانکۆی ڕاپەڕین لە ڕانیە، لە ڕۆژی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان .سیمپۆزیۆمێک لەژێر ناونیشانی(بەشداری ژن وسنوردارکردنی دەسەڵاتەکانی لە کایەگشتیەکاندا)بۆ دکتۆرە بەسمە محەمەد کۆمسیار لە کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عیراق، دکتۆرە چۆمان هەردی بەڕێوەبەری سەنتەری جێندەرناسی لە زانکۆی ئەمریکی ـ عیراق،شۆخان حەمە ڕەشید پارێزەرو بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هاریکاری یاسای ژنان بەڕێوەچوو.

سیمپۆزیۆمەکە لە سێ سیمینار پێکهاتبوو سەرەتا دکتۆرە بەسمە محەمەد پانێڵێکی بەناوی(بەربەستەکانی ژنی سەرکردە لە دامودەزگا حکومیەکاندا) پێشکەشکرد وتیشکی خستە سەر گرنگی و زەرورەتی ژن لە کایەی سیاسیدا،بەڵام ڕێژەی بەشداری ژن زۆر کەمە لە سیاسەت و ئابوری و کۆمەڵایەتی، بەربەستی بەشداری ژن یەکەم شت لەماڵەوە دەست پێدەکات چونکە تا ئێستا جیاکاری هەیە لەشێوازی پەروەردەی خێزانیدا.

هەروەها لەناو کاردا جیاکاری لەنێوان ژن وپیاودا هەیە ئەمەش پەیوەندی بە کۆمەڵێک ئەرک وبەرپرسیارێتیەوە هەیە کە لەسەرشانی ژنە لە ماڵەوەشدا یارمەتی پیاو بۆ ژن بە شێوەیەکی خۆبەخشیە.

لەپۆستە حکومیەکاندا ئەو ژنانەی لە ناوەندی بڕیاردانن ئیعتمادیان کردۆتە سەرحسابی بنەماڵە بۆئەوەی بگەنە ناوەندو بێنە پێشەوەو کۆمەڵگا قبوڵیان بکات نەک زیرەکی و لێهاتووی یان لە ڕێگەی کەسایەتیەکەوە دەچنە ناوەندی بڕیار کە ناتوانن ببنە نوێنەری ڕاستەقینەی ژنان، ئەو ژنانەی لەماڵەوەدان ئەو هەستەیان نییە کە ئەوان بەنوێنەری خۆیان بزانن.

یەکێک لەو تەحەدداتیانەی ڕووبەڕووی ژن دەبێتەوە لەداموودەزگاکاندا ئەوەیە ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی سلبی دەبینێت، کاتێک ژنێک پۆستێک وەردەگرێت دەبێت ژنێکی جوان و شۆخ و درەوشاوە بێت یان وەک پیاو بێت. ڕاگەیاندن زۆر بەناشیرینی باس لە کەسایەتی ژن دەکات کە هەرگیز بەوجۆرە باس لە پیاو نەکراوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر کەسایەتی ژن دروست دەکات.

ئەو دەستکەوتانەی کۆمەڵگا چاوەڕێی دەکات لەژنی سەرکردە زۆر کەمترە لەوەی چاوەڕێی دەکات لە پیاو، زیاتر تەرکیز لەسەر ئەوەیە کە چی نەکراوە ئەمەش بۆ شکاندنی پێگەی ژنە.

بۆیە جۆرێک لە ناعەدالەتی هەیە لە میدیادا لە هەڵسەنگاندنی ژن. بوونی ژن لە دامودەزگاکاندا تا ئێستا بوونێکی حەقیقی نییە بەڵکو عشواییەو کارەکانیان ڕۆتینیەو جێ دەستیان دیار نییه،تەنانەت خودی ژنیش بە هۆی ئەو پەروەردەیەی کراوە هەوڵدەدات بۆ خەباتی نەرم .هەندێک لە وەزارەتەکان مۆرکی پیاوی وەرگرتوە کە ئەمەش جۆرێکە لە نایەکسانی ڕێژەی ژن و پیاو لە داموو دەزگاکاندا.
دواتر دکتۆرە چۆمان هەردی، پانێڵێکی بەناوی (چەمکی جێندەرو تێڕوانینە جیاوازەکان دەربارەی جێندەر)پێشکەشکرد.تیشکی خستە سەر ئەو میکانیزمانەی کە وەک پاساو دەهێنرێنەوە بۆ جیاوازی ژن وپیاو. میکانیزمەکانی بێدەنگکردنی ژن ئەوەیە کە دەسەڵات کێشەی زۆرە بە هۆی شەڕو خۆپیشاندان وئاڵۆزیەکان لە سوریاو عیراق، دۆزی ژن لە ئێستادا گرنگ نیە.

بەهانەیەکی تر ئەوەیە لە هەموو شوێنێکی دونیا پیاوسالاری هەیە. بەهانەیەکی ترئەوەیە کە دەڵێن لە مێژوودا ناعەدالەتی لە نێوان ژن وپیاودا هەیە، یان ئێمە زۆرباشترین لە سعودیە و ئەفغانستان.

ئەگەر باسی ژن وپیاوبکەین باسی دوو گروپی کۆمە1یەتی جیاواز، باسی دوو ڕەگەزی جیاواز دەکەین یەکێکیان ڕووبەرێکی گشتی پێدراوە لە سیاسەت و بڕیاردانی یاسای،یەکێکیان دەسەڵاتی تایبەتی پێدراوە وەک کاری ماڵەوە کە شایەنی بەزەی پیاهاتنەوەیە.جێندەر لەسەر بنەمای کۆمە1یەتی بنیات نراوە، دایکی کوڕ بوون جێگەی ستایش وشانازییە.پیا و بوون یەکسان دەکرێت بە کۆمەڵێک خەسڵەت وەک ئازایەتی، سەربەخۆی،ژیان دابینکەر، دڵڕەق. لەهەمان کاتدا ژن بوون یەکسان دەکرێت بە
شەرمن، لاوازی، بێدەسەڵاتی وپشت بەخۆ نەبەست، میهرەبان.کۆمەڵێک چاوەڕوانی لەڕەگەزی نێرو مێ دەکرێت.

دەبێت بەو شێوەیە ڕەفتار بکەن کە کۆمەڵگا دەیەوێت.ئەم جیاوازیەش کۆمەڵگا دروستی دەکات نەک پەیوەندی بایۆلۆژی.ئازایەتی وسەربەخۆی بوون سیفەتی ئێنسانین دەکرێت هەردوو ڕەگەز هەیانبێت.بەڵام پەروەردەی خێزانی،خوێندنگا،کلتور،یاسا،میدیا ئەم جیاوازیەی درووستکردووە. مەرج نییە هەر پیاوێک لەبەر ئەوەی نێرە دڵڕەق
بێت،دەکرێت نێر بێت ومیهرەبان بێت ژنیش دەکرێت دڵڕەق بێت و لە منداڵ بدات.

بەشێوەیەکی گشتی سیستەمی پیاو لەقازانجی پیاودایە،بەڵام زۆرجاریش پیاو چەوسێنراوەتەوە چاوەڕێی لێدەکرێت نەگریت وزاڵ بێت بەسەر خۆیدا چونکە پیاوە.کە
ئەمانەش هەموو زوڵمە بەرامبەر پیاو دەکرێت،هەندێک پێیان وایە جێندەر واتا هاوڕەگەز یان هەڵوەشاندنەوەی خێزان کە هەموو ئەمانە جۆرێکە لە هەڵە تێگەیشتن .

جێندەر واتا هەموومان چەوسانەوەی پیاو و ژن جووت ڕەگەز لەبەر چاوبگرین.کێشەی ژن کێشەی ژن نییە کێشەی ئەو پیاوانەن کەچەوسێنەرن.دەبێت تێڕوانینمان بۆ سیاسەت بگۆڕین، سیاسەت واتا هەموو دۆزەتێڕوانینمان بۆ سیاسەت بگۆڕین، سیاسەت واتا هەموو دۆزە ناعەدالەتیەکانی کۆمەڵگا.

دوا بابەتی شۆخان حەمە ڕەشید بەناوی(ڕێگریەکان لەبەردەم جێبەجێنەکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی) بوو، باسی لەوەکرد یەکێک لە ڕێگریەکان نەبوونی هۆشیاریە لەناو کۆمەڵگادا،هەروەها نەبوونی بودجەیەکی تایبەتە زۆر جار حکومەت ودەسە1ت کەیسی ژن وکۆمەڵگایان بەpوە گرنگ نییە بۆیە بودجەی بۆ تەرخان نەکردووە. نەبوونی ستافێکی ژنان لەناو بەڕێوەبەرایەتیەکانی ژناندا بەڵکو دەسەڵات لای  پیاوانە وژنان زۆرکەمن لە بڕیارداندا ئەمەش بەهۆی ڕێگریە کۆمەڵایەتیەکانبووە یان ژنان خۆیان نەداوە لەو پۆستانە، یەکێکی تر لە ڕێگریەکان نەبوونی دادگایەکی تایبەتمەند بەتایبەت لە کوشتنی ژناندا.

نەبوونی خانەی داڵدەدان بۆ ئەو ژنانەی کێشەی خێزانیان هەیە بە پێویستی زانی خانە ی داڵدەدان هەبێت بۆ ئەوەی تێکەڵ بە کەسانی تر نەکرێن.کێشەکانیان تێکەڵ بە کێشەی ترنەکرێت.
کێشەیەکی تر لایەنی دەروونی کەیسەکانە کاتێک ژن وپیاو جیادەبنەوە پرسیار ناکرێت لە بارەی منداڵەکەو گوێ بەلایەنی دەروونی منداڵەکە نادرێت. لەpیەکی تر بوونی لیژنەکانی ئاشتەواییە کە بەیەک میکانیزم درووست نەبووە لەهەموو ناوچەکان بەشێوازی جیاواز درووستکراوە وئەو کەسانەی لەو لیژنەیەدان تا چەند پسپۆڕو شارەزاییان هەیە؟
هەروەها لە ڕاگەیاندنەکاندا کاری جدی لەسەر نەکراوە، ژن وپیاو لەبنەڕەتدا دەبێت یەکسان بن ئەو جیاکاریەی ئێستا لە کۆمەڵگاکاندا دەکرێت درووستکراوی مرۆڤەو ئەزەلی نییە.
دەبێت ژن وپیاو دەرفەتی یەکسانیان بۆ بڕەخسێت بۆ بەشداری لە کایەی سیاسیی و بەڕێوەبردنی ژیاندا.
 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن