کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە
02:16 - 21/04/2026
زەمەن - هەواڵ
کەشناسی رایگەیاند سبەینێ چوارشەممە، ئاسمانی ناوچەکە لە ساماڵ و پەڵە هەورەوە دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەگەری گەواڵە بارانی بەهاری لەسەر ناوچە شاخاوییەکان دەمێنێتەوە، بەڵام دابارینەکە بە شێوەی ناڕێک دەبێت؛ بە جۆرێک ڕەنگە لە ناوچەیەک باران ببارێت و لە ناوچەیەکی تری نزیک لێی بێ باران بێت.
ڕوونیشیکردەوە کە ئاراستەی با دەگۆڕێت بۆ باکووری ڕۆژهەڵات و مەودای بینین لە نێوان 9-10 کیلۆمەتردا دەبێت.
کەشناسی ڕاشیگەیاند، پلەکانی گەرما لە زۆربەی ناوچەکان کەمێک ڕوو لە بەرزی دەکەنەوە. بۆ نموونە هەولێر دەگاتە 22ی سیلیزی و دهۆک و سۆران بەرز دەبنەوە بۆ 20ی سیلیزی، بەڵام لە سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە پلەکانی گەرما بە جێگیری دەمێننەوە و هاوشێوەی ئەمڕۆ دەبن.
بە پێی پێشبینییەکانی کەشناسی بە گشتی، کەشەکە بەرەو جێگیربوون دەچێت، بەڵام دیمەنە بەهارییەکە و تاوە بارانە کتوپڕەکان لە ناوچە شاخاوییەکان هێشتا بەردەوامن.