1314وتار

كەرتی پەروەردە.. ئەركە گرنگەکەی حکومەت

9/20/2019 11:31:00 PM
چنار عەزیز



یەكێك لە ئەركە گرنگەكانی دەوڵەت لەپاڵ سیاسەتكردندا، بەگرنگ ڕوانینە بۆ كەرتی پەروەردە. ئەرستۆ پەروەردە بە لقێك لە سیاسەت دەزانێت بۆ ئاڕاستەكردنی كۆمەڵگە بۆ كۆمەڵگەیەكی مەزنتر بۆ مرۆڤایەتی، پلاتۆن‌و ئەرستۆ تووڕەبوون لەئاست نەبوونی سیستمێكی پەروەردەی گشتی لە ئەسینا، بۆیە داوای ئەنجامدانی شۆڕشێكی گشتگیریان دەكرد لە ڕێبازەكانی پەروەردەی ئەسینادا. 
پەروەردەو فێركردن بە پڕۆسەیەك دەوترێت كە لەڕێگەیەوە زانست و لێهاتوویی فێری خوێندكار دەكات‌، هەروەها پڕۆسەی گونجاندنە لەنێوان تاك‌و ژینگەدا. ئاستی پێشكەوتنی هەر وڵاتێك بەئاستی پێشكەوتنی كەرتی پەروەردەوە بەندە. 
لە مەودای خوێندندا تاك ئاشنا دەبێت بە زانست و زمان‌و دابونەریتەكان بۆ ئەوەی دوای تەواوكردنی خوێندن تاكێكی خاوەن پیشەو بەهرەمەندی لێ بەرهەمبهێنرێت، ئەمەش لەڕێگەی پەروەردەیەكی پێشكەوتوو مامۆستای پسپۆڕو خوێندكاری تێكۆشەرو مەنهەجێكی پڕۆفیشناڵەوە دەبێت، كە پێشكەوتن‌و هۆشیاری كۆمەڵگای لەسەر بەندە. 
پەروەردەو فێركردنی پێشكەوتوو بەیەكێك لە فاكتەرەكانی كۆمەڵگە لەڕووی مەعریفی‌و ئابوری‌و سیاسی دادەنرێت. زۆربەی توێژەرانی بواری پەروەردە پێیانوایە پەروەردەو فێربوون دوو فاكتەری هەیە، یەكێكیان ئابوورییە بەوپێیەی زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی ڕوو لەزانكۆو پەیمانگاكان دەكەن پلانیان بۆدامەزراندن‌و مسۆگەركردنی ژیان‌و گوزەرانی دواڕۆژ هەیە.
ڕەهەندێكی تر سیاسیە دەرچووانی زانكۆو پەیمانگاكان هیواخوازن دوای تەواوكردنی خوێندن لەناوەندەكانی دەسەڵاتی سیاسی نزیك ببنەوەو زیاتر بەدوای بەدەستهێنانی پلەو پۆستی سیاسین تاكو بەشداریكردن لە پێشخستنی كۆمەڵگە.
كەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵا زیاتر سیمایەكی هاوردەی وەرگرتووە بەوپێیەی زۆربەی پڕۆگرامەكانی خوێندن تەنانەت مامۆستایانیش یان لەدەرەوە هێنراون یان ئەو مامۆستایانە ساڵانێك لەدەرەوە ژیاون‌و گەڕاونەتەوە وڵات‌و سەرقاڵی وانە وتنەوەو توێژینەوەن لەبوارەكانی تایبەت بەپسپۆڕی خۆیان.
عێراق خاوەنی باشترین سیستمی پەروەردەیی بوو، بەڵام لەگەڵ تێكچوونی دۆخی ئەمنی عێراق كاریگەری خستە سەر هەموو كەرتەكانی ژیان بەگشتی‌و پەروەردە بەتایبەتی.
لەپێش 2003 بەشێوەیەكی تەواو كۆتایی بە نەخوێندەواری هێنرا، بەڵام دوای 2003 عێراق لە وڵاتە هەرە دواكەوتووەكان هەژماردەكرا، دوور لە پێوەری كوالێتی پەروەردەو فێركردن لەڕووی كۆنی‌و خراپی بیناو ڕێژەیەكی زۆر خوێندكار لە خوێندنگاكان‌و دوو دەوامی‌و هەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە پۆلەكاندا، دروستكردنی كەمترین بینای خوێندنگا لەكاتێكدا لانیكەم عێراق پێویستی بە 10 هەزار خوێندنگا هەیە.
لە كوردستان گەورەترین قەیران رووبەڕووی كەرتی پەروەردە بۆوە، بەهۆی بەحیزبیكردن‌و بازرگانی پێوەكردن لەڕێی كۆمپانیا دەسەڵاتدارەكانەوە. هەرچەندە ساڵانە بڕێكی زۆر بودجە بۆ كەرتی پەروەردە تەرخان دەكرێت، بەڵام كەمترین خزمەت بەو كەرتە دەگەیەنرێت پارەكەی دەچێتە سەر حسابی كۆمپانیاكان .
ئێستا هەبوونی خوێندنگای تایبەت زۆر بەربڵاوەو ڕێژەیەكی زۆر لەخوێندنگای تایبەت بنیاتنراون كەئەمەش بەپڕۆژەیەكی وەبەرهێنان بۆبەرپرسان‌و سەرمایەداران دادەنرێت، تێچووی هەر خوێندكارێكیش لەو خوێندنگا تایبەتیانە بە هەزار‌و 500 دۆلار دەخەمڵێنرێ، كە هۆكارە بۆ دواكەوتن‌و پشتگوێخستنی كەرتی گشتی‌و نزمبوونەوەی ئاستی ڕۆشنبیری خوێندكار هەروەها تەرخاننەكردنی پێداویستییەكانی خوێندن بۆ خوێندنگا حكومییەكان هۆكارێكی تری دواكەوتنی كەرتی پەروەردەیە، نەبوونی پلان بۆ كەرتی پەروەردەو بڵاوبوونەوەی گەندەڵی‌و دەستبەسەرداگرتنی دەیان خوێندنگا لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە بەتایبەت لە باكووری عێراق هەموو ئەمانە هۆكارن بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەخوێندەواریی‌و بێبەشبوونی منداڵ لە خوێندن‌و وازهێنان لە خوێندن بەتایبەت لەنێو چینی گەنجاندا كاریگەری لەسەر گەنج جێدەهێڵێت وای لێدەكات توانای نەبێت هیچ چالاكیەك یان كارێك ئەنجامبدات بەهۆی پارچەبوونی ئامانجەكانی دەیكات بە بەرهەڵستكاری خودی خۆی و كۆمەڵگا. 
ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كەسیستەمی پەروەردەی وڵات سیستەمێكی لاوازو خراپەو زەنگێكی مەترسیدارە بۆ پەروەردەیەكی نادروست. 
نەبوونی فەلسەفەیەكی پەروەردەی پێشكەوتوو بۆتە هۆی پاشەكەوتنی كەرتی پەروەردە، بەشێوەیەك خوێندكار دوای تەواوكردنی خوێندن بەباشی فێری هیچ لە زمانە بیانیەكان نابێت كە سەرەتایترین پێویستە.
شێوازی وەرگرتنی خوێندكار لە زانكۆ و پەیمانگاكان فێرخواز تووشی نائومێدی دەكات چونكە ناتوانێت ئەو بەشەی ئارەزویەتی هەڵیبژێرێت‌و درێژە بەخوێندن بدات، بۆیە دوای تەواوبوونی خوێندن كەسی ئەكادیمی‌و پراكتیكزان لەبوارەكەی خۆی بەرهەمناهێنرێت.
 كەسی خاوەن بڕوانامە ناتوانێت لە پسپۆڕییەكەی خۆیدا كاربكات بۆیە بەناچاری كارێكی تر دەكات كە ناتوانێت داهێنان لەو بوارە بكات.
بەمشێوەیە كومەڵگەیەكی دواكەوتوو بێئومێد دروست دەبێت، ئەگەر سیستەمێكی پەروەردەی باش پەیڕەوبكرێت‌و پاڵپشتی لە پەروەردەیەكی لۆژیكی بكرێت دەتوانرێت نەوەیەكی ژیرو بەتوانا بەرهەمبهێنرێت. ئەمەش تەنیا بەلایەنێك چارەسەر ناكرێت.
پێویستە دامەزراوەی مەدەنی، ڕۆژنامەوان، ڕۆشنبیران، وەزارەتی پەروەردە بتوانن چارەسەری ئەو كێشانە بكەن كەتوشی كەرتی پەروەردە دەبێت.
ئەوانەی بەرپرسن لە حكومەتدا دەبێت پەیڕەوی سیستەمێكی پەروەردەی بكەن كە هیچ نزمی‌و گەندەڵییەك نەیەتە ئاراوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن