621وتار

حکومەت حەزی بە منداڵ نیە

11/2/2019 1:43:00 PM
مەعاز فەرحان

 

لە ریزێكی دوورو درێژ‌و پڕ لە پاڵپاڵێن دەوەستن تا فۆڕمێكیان بەردەكەوێت، بەپێی فۆڕمەكە بێت روویان لە شوێنێكی زۆر باش‌و تەرتیب كردووە، خاڵ‌و رێنماییەكان وایان لێدەكەن ماندوبوونی ریزبەستنەكەیان بیرچێتەوە، بەڵام دوایی وادەرناچێت.
“حەیوان، داوەشێی، دەنگ بەرزكردنەوەی ناپێویست”، ئەو دەستەواژانەن كە لە یەكەم هەنگاودا منداڵان لە باخچە‌و دایەنگە ناحكومییەكان بەر گوێیان دەكەوێت، ئەوەشیان بیردەچێتەوە رەنگە وابزانی بەرامبەر منداڵەكەی ئەوان نەوتراون، كاتێك روو دەكەنە هۆڵەكە ناوێكی ناسكی هەیە‌و وا لە دایك‌و باوكان دەكات زۆر بیریان لای دەستەواژە ئاست نزمەكان نەبێت.
بەڵام كاتێك دەرگای هۆڵەكە دەكرێتەوە دەبینێت جمەی دێت لە منداڵ، زۆرینەیان بە كزی دانیشتون، ژینگەیەك خولقاوە لە سوچ‌و پەنای دیوارەكەدا منداڵ دەبینی فرمێسكی چاوەكانی دەسڕێت.
مامۆستا یاخود دادەیەك دەیەوێت وا خۆی دەربخات كە خەمی پەروەردەی منداڵەكانیەتی، لەسەر تەختەیەك كە مەترێك درێژە‌و نیو مەتر پانە، دەیەوێت واخۆی نیشان بدات كە وانە بە منداڵەكان دەڵێتەوە، ئەو منداڵانەی دەستی مامۆستاكە‌و تەختەكە دەبینن لە پەنجەكانی دەست تێناپەڕن.
لیستی خواردنەكە هێندەی تر باوانەكان بێ‌ ئومێد دەكات لەوەی منداڵەكانیان بنێرێنە دایەنگە‌و باخچە حكومییەكان، یەك ژەم خواردنیان پێدەدرێت ئەویش لەفەیەك زۆربەی منداڵەكان نایخۆین، زۆرینەیان بە ئاو خۆیان تێر دەكەن.
بۆخۆی هاتوچۆ بۆ گەورەكانیش كێشەیە، بەڵام بۆ منداڵان بووەتە دوو كێشە، پەروەردە نرخی دیاریكردووە بەڵام لەسەر كاغەز.
بەپێی رێنماییەكانی پەروەردە، ئەو خوێندنگاو باخچانەی لە سنوری گەڕەكەكانی خۆیانن نرخی گواستنەوەیان بۆ ھەر مانگێك بۆ پاس دەبێت لە (١٥ بۆ ٢٠)ھەزار دینار زیاتر نەبێت و بۆ تەكسی لە(٢٥ بۆ ٣٠) ھەزار دینار زیاتر نەبێت. ئەو خوێندنگا و باخچانەیش كە دەكەونە دەرەوەی سنوری گەڕەكەكانی خۆیان، بەڵام لەناو شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود دان نرخی گواستنەوەیان بۆ پاس (٢٠ بۆ ٣٠) هەزار دینار و بۆ تەكسی  ٢٥ بۆ ٣٥هەزار دینار دەبێت.
ئەو خوێندنگاو باخچانەش كە لە دەرەوەی سنوری گەڕەكەكانی خۆیانەو لەدەرەوەی شەقامی مەلیك مەحمودە نابێت كرێی گواستنەوە بۆ پاس لە(٢٥ بۆ ٣٥) هەزار و بۆ تەكسی لە (٥٠ بۆ ٧٥) هەزار دینار زیاتر بێت.
گوێم لە باوكێك بوو بە سایقەت تەكسیەكی وت “ئەگەر هەر زۆر خاویش لێبخوڕی ماڵی ئێمە هێندە نزیكە بە پێنج دەقە دەگەیتە باخچەكە”... “وەڵا بە 3 دەقەش دەگەم بەڵام بڕ بەنی لێبدەی بە 55 هەزار هاتوچۆی پێدەكەم‌و هەشت بۆ 9 منداڵی تریشم پێیە” سایەقەکە وای وت.
ساڵانێكە بە بەرنامە كار بۆ لاوازكردنی كەرتی حكومی‌و خزمەتگوزاری گشتی دەكرێت، هەرچەندە حكومەت پارە لە باوانەكان وەرناگرێت، بەڵام خراپی دایەنگە‌و باخچەكان وای لێكردون زەخت لە خۆیان بكەن‌و منداڵەكانیان بخەنە دایەنگە‌و باخچە ئەهلییەكان، كە رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەیان لە هەڵكشاندایە.
لە سنوری سلێمانیدا 52 دایەنگەی نا حكومی‌و 25ی حكومی‌و 43 باخچەی منداڵانی حكومی‌و 38ی نا حكومی هەیە، هەرچەندە لە ژێر چاودێری پەروەردە‌و لیژنەكانی قایمقامیەتدان بەڵام حكومییەكان شوێنێكی گونجاو نین بۆ پەروەردەی منداڵەكانمان.
كێشەیەكی دیكە هەڵسوكەوت‌و ئاستی پسپۆڕییەتی دادە‌و مامۆستاكانە، ئایا گونجاوە پەروەردەی نەوەی داهاتوو بدرێتە دەست كەسانێك كە بە دونیایەك كێشەوە روو لە شوێنی كارەكانیان دەكەن‌و ئاستی رۆشنبیریان لە ئاستێكی نزمدایە‌و لە گرنگی پەروەردەی منداڵ تێناگەن.
كورد وتویەتی “منداڵ شیرینە.. بەڵام پەروەردە شیرینترە” بەڵام وادیارە پەروەردە‌و حكومەت حەزیان بەو شیرینیە نیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن