لە کەرکوک منداڵانی کورد دەخرێنە بەر خوێندنی عەرەبی
11:11 - 20/09/2019
"زەمەن"
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی (کەرکوک ناو) کە ماڵپەڕێکی سەربەخۆیە و گرنگی بەو ناوچانە دەدات دەکەونە سنووری مادەی ١٤٠، لە کەرکوک هەزاران باوك و دایكی كورد منداڵەكانیان رەوانەی خوێندنی عەرەبی كردووە لە كەركوك و نایانەوێت بە زمانی دایك بخوێنن، ئەوەش لەسەر خواستی خۆیان. بە پێچەوانەی 15 ساڵ لەمەوبەر كە بەناچاری بە زمانی عەرەبی دەیانخوێند.
ئەوە بۆ لێپرسراوانی خوێندنی كوردی و بەشێك لە مامۆستایان جێی نیگەرانییە. هەر بەو هۆیەوە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا کەمپینی خوێندن بە زمانی دایک راگەیەنرا.
كەمپینەكە دوای هەستكردن بوو بەوەی ناونوسكردن لە خوێندنگە كوردییەكان كەمیكردووە.
سیروان محەمەد، بۆ ئەمساڵی خوێندن ناوی كچەكەی لە خوێندنگەیەكی عەرەبی تۆماركردووە، هەرچەندە خۆی لە نەتەوەی كورد و لە گەڕەكێكی كوردنشینیش دادەنیشێ.
“بێئومێدی زۆر هەیە لە خوێندنی کوردی لە كەركوك و حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی پێنادات، بێجگە لەوەش لە خوێندنی عەرەبی فێری زمانی عەرەبی دەبێ و دواتر كە چووە زانكۆ كێشەی زمانی نابێ. وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی عیراق باشترە بۆ خوێندنی عەرەبی و پێداویستییەكانی خوێندن و دەوامی خوێندنگەكان باشترە”.
بە گشتی بەڕێوەبەری خوێندنگەكان دەڵێن ناو تۆماركردن بۆ خوێندنی كوردی كەمترە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، لەكاتێكدا هەفتەی داهاتوو ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەكات.
ساڵی رابردوو، لانیكەم سێ هەزار منداڵ كەمتر لە ساڵی پێشووتر ناویان لە خوێندنی كوردی تۆمار كردووە.
سۆزان سلێمان، مامۆستا لە پێكهاتەی كورد و یەكێك لە رێكخەرانی كەمپینەكە بۆ هاندانی دایكان و باوكانی كورد بۆ ناردنی منداڵەكانیان بۆ خوێندنی كوردی، بە (كەركوك ناو)ی وت “بە گشتیی لە گەڕەکەکانی خوارووی کەرکوک کە بەشێکی زۆریان لە پێكهاتەی عەرەبن، كوردەكان منداڵەكانیان دەنێرنە ئەوێ بۆ خوێندنی عەرەبی. هەروەها لە قەزاو ناحیەكانیش ئەو حاڵەتانە هەیە، پێمانوایە ئەمە مەترسییە و دەبێ كاربكەین بۆ باشتركردنی خوێندنی كوردی تا منداڵەكانمان بە زمانی خۆیان بخوێنن”.
ساڵی 2003و دوای روخانی رژێمی بهعس، له كهركوك و ناوچهكانی تری جێناكۆك خوێندنی كوردی دهستیپێكرد، پێش ئهوه وادهیه خوێندن بێجگە لە عەرەبی قهدهغهبوو.
ئێستا ههر چوار پێكهاتهكەی كەركوك، عهرهب، كورد، توركمان و كریستیان بهزمانی خۆیان دهخوێنن و له بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پهروهرده، یهكهی تایبهت بە خۆیان ههیه.
ههشت ههزار مامۆستا كه لهلایهن حكومهتی ههرێمهوه بۆ بهڕێوهبردنی خوێندنی كوردی له ناوچهكانی جێناكۆك موچهیان پێدهدرێت، چوار ساڵه كێشهی كهمكردنهوهی موچهكانیان و دواكهوتنیان ههیه. بههۆیهوه چهند جارێك و بە مانگ بایكۆتی پرۆسهی خوێندنیان كردووە. بەو هۆیەوە هێشتا بەشێك لە دایكان و باوكان متمانەیان بە خوێندنی كوردی نەماوە، هەرچەندە ئێستا دابەشكردنی موچەی مامۆستایانی خوێندنی كوردی سەر بە هەرێمی كوردستان باشتر بووە.
پەروین فاتیح، بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەشتیاری خوێندنی کوری لە کەرکوک و بەشداربووی كەمپینەكە بە (کەرکوک ناو)ی وت “دەمانەوێت چەند چالاکییەك ئەنجام بدەین، بۆ ئەوەی منداڵان بە زمانی خۆیان بخوێن، یەکێک لەو چالاکییانە کە لە کەمپینەکە ئەنجامی دەدەین نمایشی شانۆییە بۆ هاندان تا ئەوەی منداڵ بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێ”.
بەڵام شێرزاد کاکە، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکوک، وتی “دۆخەکە جارێ ئاساییە، چونكە كات ماوە بۆ تۆمارکردنی ناوی منداڵان لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی”.
جەختیشیكردەوە كە رێژەی کەمکردنی ناو تۆمارکردن لە خوێندنگە کوردییەکاندا ناگاتە ١٪.