وردەکاریی پشکی حزبەكان لە پارێزگای هەڵەبجە
11:22 - 04/09/2019
زەمەن: بەهادین یوسف
دوای 54 کۆبوونەوە، دوێنێ دووشەممە، لایەنە سیاسییەکان رێکەوتن تا رۆژی پێنجشەممەی داهاتو ناوی سەرجەم کاندیدەکانیان بنێرنە دیوانی پارێزگا بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە.
کۆنوسی کۆبونەوەکە ئیمزای پارێزگاری هەڵەبجە و جێگرەکەی و هەشت لایەنی سیاسی لەسەرە و لەسەر بنەمای رێکەوتنێکی پێشووی ئەو لایەنانە بوو کە لە 12ی ئازاری ساڵی 2017 ئەنجامیاندا بۆ دابەشکردنی کورسی ئەنجومەنی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و پۆستی پارێزگارو قایمقام و بەڕێوەبەرایەتی ناحیەکان.
بۆ جیاکردنەوەی پشک و کورسییەکان، دەرەنجامی هەڵبژاردنی 30/4/2014ی پارێزگاکان کراوەتە بنەمای رێکەوتنەکە بۆ دابەشکردنی کورسییەکان ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجەو ئیدارەی خۆجێی پارێزگاکە.
لایەنە سیاسییەکانی پارێزگای هەڵەبجە رێکەوتوون لەسەر ئەوەی، ئەنجومەنەکە لە 25 کورسی پێکبێ و لەسەر بنەمای ئەو کورسییانەش 13 بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەمشێوەیە دابەش بکرێت:
- یەکێتی 6 کورسی ئەنجومەنی پارێزگا 4 بەڕێوەبەرایەتی گشتیی
- بزووتنەوەی گۆڕان 5 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاو 3 بەڕێوەبەرایەتی گشتیی
- لیستی خزمەت کە پێکهاتبوو لە یەکگرتوو، کۆمەڵ 7 کورسی ئەنجومەنی پارێزگا و 4 بەڕێوەبەرایەتی گشتیی.
- پارتی 3 کورسی ئەنجومەنی پارێزگا و 3 بەڕێوەبەرایەتی گشتیی
- بزووتنەوەی ئیسلامی 2 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاو بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتیی، کە دواتر بەخشییان بە پارتی، بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانیان ببێتە 2 بەڕێوەبەرایەتی.
- لیستی هاوپەیمانی کە پێکهاتووە لە شیوعی، سۆشیالیست، زەحمەتکێشان 1 کورسی ئەنجومەنی پارێزگا
هەروەها کورسییەک لە ئەنجومەنی پارێزگا بۆ کاکەییەکان دانراوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتییان نییە.
بەپێی رێکەوتنی لایەنەکان و بەرکەوتەی هەڵبژاردن، بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجەو یەکێتی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن و کۆمەڵی ئیسلامی سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای وەردەگرن. دوای پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگا، راستەوخۆ لە دانیشتنی دەستپێکدا دەنگ لەسەر کاندیدەکان دەدرێت.
ئەحمەد قەدەفەری، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتی بە “زەمەن”ی راگەیاند: لە قۆناغی یەکەمدا ئەنجومەنی پارێزگا پێکدەهێنرێت و دواتر بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان بە فەرمی دەستبەکاردەبن. ئێستا زۆربەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان پێکهێنراوە، بەڵام بەوەکالەت بەڕێوەدەبرێن هەرکات ئەنجومەنەکە دامەزرا و کارابوو، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان پەسەند دەکات.
ئەحمەد قەدەفەری وتیشی: “ئەگەر بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان پێویستیان بە ئەنجومەنی پارێزگا نەبوایە، ئەوا هەرزوو دەستبەکار دەبوون، بەڵام چاوەڕوانی پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگایان دەکرد”.
سەبارەت بە پۆستە ئیدارییەکانیش، لایەنە سیاسییەکان رێکەوتوون لەسەر ئەوەی پۆستی پارێزگارو بەڕێوەبەری ناحیەکانی خورماڵ بۆ یەکێتی، جێگری پارێزگارو قایمقامی قەزای ناوەندو بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە بۆ گۆڕان، جێگرێکی پارێزگار بۆ یەکگرتووی ئیسلامی، و بەڕێوەبەری ناحیەی سیروان بۆ کۆمەڵی ئیسلامی، بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆ بۆ پارتی، تا ئەوکاتەی خورماڵ دەکرێتە قەزا و قایمقامەی وەردەگرێت، دواتر پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆ دەگەڕێنێتەوە بۆ سۆسیالست، تا ئەو کاتەش سۆسیالست بەڕێوەبەرایەتی ناحیەیەکی دیکە وەردەگرێت.
بەڵام لە دوا کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکاندا و بۆ رازیکردنی پارتی، لە رێکەوتنەکەدا بڕیاردراوە کە خورماڵ بکرێتە قەزاو قایمقامەکەی بدرێتە پارتی. لەبەرامبەردا ناحیەیەکی نوێ دروستبکرێت بۆ یەکێتی.
لەوبارەیەوە ئەحمەد قەدەفەری وتی: “بە برادەرانی پارتیمان وتووە، ئێوە پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆتان هەیە، لەڕێی ئەوانەوە خورماڵ بکەنە قەزاو قایمقامەکەی بۆ ئێوەبێ”.
هەر بەپێی رێکەوتنی لایەنەکان: گۆڕان بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کشتوکاڵ و کارەباو شارەوانییەکانی بەردەکەوێ. یەکێتی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە، شەهیدانو ئەنفالکراون، چاودێری کۆمەڵایەتی. پارتی بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکانی مین، ڕۆشنبیریی. بزووتنەوەی ئیسلامیش بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی وەردەگرێو ئەگەر هەیە لە پشکەکەی خۆی خۆشبێ ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە بداتە پارتی ئەمەش بۆ رازیبوونی بە رێکەوتنی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنو حکومەتی خۆجێی پارێزگای هەڵەبجە.
جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی رایگەیاند: پێشتر بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان دابەشکراون، ئەگەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیکە زیادبکرێ، ئەوکاتە دەبێ لایەنەکان لەسەری رێکەون، چونکە لەسەر بنەمای هەردوو کورسی بەرامبەر یەک بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رێکەوتوون.
لە دوای 40 كۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەكان و كاندیدانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە، رۆژی 13/12/2017 لایەنەكان رێکەوتن لەسەر دابەشكردنی بەڕێوەبەرایەتییەكان و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، رۆژی 31/12/2013 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەی پەسەندکرد، دواتر لە رۆژی 13/3/2014 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاری بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەی دەركرد.
لە 5/2/2015 پەرلەمانی كوردستان بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا لە شاری هەڵەبجە كۆبوونەوەی ژمارە یەكی نائاسایی لە دەرەوەی بینای پەرلەمان و لەناو هۆڵی مۆنیۆمێنتی شەهیدان ئەنجامداو پڕۆژەیاسای بە پارێزگاكردنی شارەكەو ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەی پەسەند كرد.
دوا هەوڵیش نوسینگەی هەڵەبجەی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی 28/8/2019 سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کۆکردەوە بۆ رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە و پەلەکردن لە یەکلایی کردنەوەی ناوی کاندیدی لایەنە سیاسییەکان.
ههڵهبجه نوێترین پارێزگاى هەرێمی کوردستان و عێراقە، پێکهاتووە لە قهزاى ناوهندى ههڵهبجهو ناحیهكانى، سیروان، خورماڵ، تهوێڵهو بهمۆ، ئێستا ژمارەی دانیشتوانەکەی 111 ههزار كهسه.
عەبدوڵڵا نەورۆڵی یەکەم پارێزگاری پارێزگاکەیە، کە لەسەر پشکی گۆڕان 1/6/2015 دەستبەکاربوو، رۆژی 25/8/2016 بەفەرمی پۆستی پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لەنێوان گۆڕان و یەكێتیدا ئاڵوگۆڕ كرا.