له فره‌ژنیدا؛ هه‌ولێر له‌پێش سلێمانى‌و دهۆكه‌وه‌یه
04:00 - 28/08/2019
سه‌رچین ساڵح
هه‌رچه‌نده له هه‌رێمى كوردستان به یاسا كۆتوبه‌ند له‌به‌رده‌م فره‌ژنیدا دانراوه، به‌ڵام به‌شێك له پیاوان رێگاى جۆرجۆریان گرتووه‌ته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى ببنه خاوه‌نى ژنى‌و دووه‌م‌و سێیه‌م‌و ته‌نانه‌ت چواره‌میش. هه‌ربۆیه ئاماره‌كانى فره‌ژنى هه‌ر به‌رزه به تایبه‌ت له هه‌ولێر.
به‌پێى ئامارێكى وه‌زاره‌تى پلاندانانى هه‌رێمى كوردستان، ساڵی ٢٠١٨ ئافره‌تانى ته‌مه‌ن 15 بۆ 49 ساڵ، له‌م گروپه دیاریكراوه‌ى ته‌مه‌ندا به‌رێژه‌ى 6.8% شوویان بەو پیاوانە کردووە کە ژنی تریان هەبووە.
لەنێوان کەمبوونەوە و زیادبووندا
بەپێی ئەو ئامارانەی دەستەی ئامار خستوونیەتەڕوو. له‌نێوان ساڵانى 2011و 2018 دا، هەڵکشان و داکشانێكی بەرچاو هەیە لە فرەژنیدا. به‌جۆرێك له هه‌ولێر به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كى به‌رچاوى به‌خۆیه‌وه بینیوه کە لە 5.3% به‌رزبووه‌ته‌وه بۆ 9.6%.
به‌پێچه‌وانه‌وه له پارێزگاى دهۆك رێژه‌كه له 6.5% بۆ 2.9% و له پارێزگاى سلێمانیش له 5.7% دابه‌زیوه بۆ 4.5%.
هه‌رچه‌نده به‌پێى هەمواری یاساى ژماره 15ى ساڵى 2008 ى بارى كه‌سێتى لە پەرلەمانی کوردستان مه‌رجى قورس دانراوە بۆ هێنانى ژنى دووه‌م، به‌ڵام ئه‌و بەربەست و ئاستەنگانه نه‌بوونه‌ته رێگر له‌به‌رده‌م هه‌ڵكشانى رێژه‌ى هێنانى ژنى دووه‌مدا.
لاى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى هه‌رێم، هه‌موو حاڵه‌ته‌كانى فره‌ژنى تۆمارناكرێن به‌جۆرێك له‌ساڵى 2017دا 41 حاڵه‌تى رێگه‌پێدان به‌ژنى دووه‌م تۆماركراوه، به‌ڵام 89 حاڵه‌ت له ساڵى 2018 تۆمار كراوه. ئه‌و حاڵه‌تانه‌یشى له‌ده‌ره‌وه‌ى دادگاكانى هه‌رێم تۆمارده‌كرێن زۆر له رێژه‌ى دادگاكانى هه‌رێم زیاتره.
به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پلان‌و ئامار له ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستانیش، له ماوه‌ی 1/1/2009 تاوه‌كو 30/3/2017، واته له ماوه‌ی 9 ساڵدا، له شاره‌كانی هه‌ولێر، سلێمانی‌و دهۆك 364 هه‌زار گرێبه‌ستی ماره‌بڕین تۆماركراون كه 843 گرێبه‌ستیان به‌شێوه‌ی یاسایی ژنی دووه‌م‌و سێیه‌میان هێناوه.
هه‌ر له‌و 9 ساڵه‌دا، 26 هه‌زارو 421 كه‌س له دادگاكانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ژنی دووه‌م‌و سێیه‌میان ماره کردووه و له دادگاكانی كوردستان په‌سه‌ندیان كردووه. به‌و پێیه‌ش له هه‌ر 100 گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری، حه‌وتیان بۆ ژنی دووه‌م‌و سێیه‌م بووه.
عزه‌دین یاسین، راوێژكارى یاسایى له‌به‌رێوه‌به‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژ بە ئافرەتان به“زه‌مه‌ن”ى وت: “هێنانى ژنى دووه‌م كاتێك ده‌چێته چوارچێوه‌ى توندوتیژییه‌وه كه پیاوان له‌ده‌ره‌وه‌ى دادگاكانى هه‌رێم ژنى دووه‌م به‌ده‌ر له ره‌زامه‌ندى ژنى یه‌كه‌م ده‌هێنن‌و دواتر كێشه دروستده‌بێ‌و دێته‌لاى ئێمه، هۆكاره‌كه‌ى ئه‌وه‌یه به‌بێ ره‌زامه‌ندى ژنى یه‌كه‌م هێنراوه”.
ئه‌و روونیكرده‌وه، ئه‌و حاڵه‌تانه‌ى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى تۆمارى كردوون. ژنى یه‌كه‌م رازى بووه هاوسه‌ره‌كه‌ى ژنى دووه‌م بێنێ و هیچ گرفتێكیان تێدا نییه، به‌پێى هه‌موارى یاساى یاساى بارى كه‌سێتى كردوویه‌تى.
وتیشى: “یه‌كێك له‌و كێشانه‌ى به‌رده‌م هه‌موارى یاساى بارى كه‌سێتى ژماره 15ى ساڵى 2008دا تایبه‌تمه‌ندى شوێنهکە ئه‌مه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له یاسادا ده‌ستكارى ناكرێ، هاوڵاتییه‌كى خه‌ڵكى زاخۆ ده‌توانێ له به‌سره گرێبه‌ستى هاوسه‌رگیرى بكات‌و به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وه‌ى ئێمه كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ین گرێبه‌ستى هێنانى ژنى دووه‌م له دادگاكانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم له ناو هه‌رێم كارى پێنه‌كرێت”.
مه‌رجه‌كانی فره‌ژنی
به‌پێی یاسای باری کەسێتی ژماره 188ی ساڵی 1959ی عێراق كه به‌شێك له بڕگه‌و ماده‌كانی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستان له ساڵی 2008 هه‌موار كراوه، مه‌رجه‌كانی رێگه‌دان به‌هێنانی زیاتر له ژنێك بریتین له:
له‌به‌رده‌م دادگا ره‌زامه‌ندی هاوسه‌ری یه‌كه‌م وه‌ربگیرێت، تووشبوونی ژنه‌كه به‌نه‌خۆشییه‌كی درێژخایه‌نی سه‌لمێنراو كه رێگه له‌سه‌رجێیی ژن‌و مێرد بگرێت‌و ئومێدی چاكبوونه‌وه‌ی نه‌بێ یان ژنه‌كه نه‌زۆكبێ. توانای دارایی پیاوه‌كه به‌شی به‌ڕێوه‌بردنی پتر له ژنێك بكات، پڕكردنه‌وه‌ی به‌ڵێننامه‌ی داد‌وه‌ری‌و یه‌كسانی له نێوان هاوژینه‌كاندا، نابێ ژنی یه‌كه‌م ئه‌و مه‌رجه‌ی له گرێبه‌ستی هاوژینی دانابێ كه هه‌وێی به‌سه‌ردا نه‌یه‌ت، پابه‌ندنه‌بوون به‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه، سزاكه‌ی شه‌ش مانگ بۆ ساڵێك به‌ندكردنه، له‌گه‌ڵ غه‌رامه‌یه‌ك به بڕی 10 ملیۆن دینار.
ئه‌نجومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمان كه كاریان چاودێرىكردن‌و به‌دواداچوونى جێبه‌جێكردنى یاساكانه له دادگاكانى بارى كه‌سێتى‌و خێزانی‌دا، پێیانوایه هێنانى ژنى دووه‌م شتێكى نامۆنییه و به‌رده‌وامه.
دڵخواز عه‌بدوڵڵا، سه‌رۆكى لیژنه‌ى یاسایى لەو ئه‌نجومه‌نە به“زه‌مه‌ن”ى وت: “ئه‌و پیاوانه‌ى ده‌یانه‌وێ ژنى دووه‌م بهێنن، به‌شێكیان ده‌چنه دادگاكانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم‌و گرێبه‌سته‌كه ده‌كه‌ن، به‌شێكى تریشیان ئه‌و پیاوانه‌ى ناوخۆى هه‌رێم ژن دەهێنن له‌ڕووى ده‌روونییه‌وه ئه‌وه‌نده كار ده‌كاته سه‌ر ژنه‌كه‌ى جۆرێك له فشار دروست ده‌بێ به ناچارى رازى ده‌بێ. ئه‌گینا رازیبوونى ژن به هێنانى ژنى دووه‌م له‌لایه‌ن پیاوه‌كه‌وه حه‌تمیه‌و لادانه له‌سروشتى ژن کە هیچ ژنێك ئه‌وه‌ى پێخۆش نییه”.
وتیشى: “زۆركارمان له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه یاساكه وه‌كخۆى جێبه‌جێبكرێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى له دادگاكانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم ژنی دووەم دەهێنن زۆر له‌وه زیاتره له هه‌رێم هەیە. ئەو پیاوانە لەوێ هیچ كێشه‌یه‌ك نایه‌ته رێگایان‌و به ئاسانی دەربازی دەبێ لە دادگا”.