هەرێم خاوەنی ١٣٠ کەناڵى لۆکاڵى و ٣٩ ئاسمانیى و ١٦٠ رادیۆیە
08:50 - 26/08/2019
رێبین عەبدوڵڵا
زەمەن - هەولێر
رۆژ لە دواى رۆژ ژمارەى کەناڵە لۆکاڵییەکان لە هەرێمى کوردستان زیاد دەبێ، بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی رۆشنبیری ئیستا زیاتر لە ١٣٠ کەناڵى لۆکاڵیى و 39 كه‌ناڵی ئاسمانیی و 160 ڕادیۆ هه‌ن، کە زۆرترینیان بابەتەکانیان ئاینین و حاڵى حازر هیچ یاسایەکیش نییە بۆ کارکردنى کەناڵەکان ئەوەى هەیە رێنماییە.
حکومەتی هەرێم لە بری مۆڵەتپێدانیان، بۆ هه‌ر ساڵێك بڕی دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار له كه‌ناڵه ناوخۆییه‌كان وه‌رده‌گرێت.
سەرباری زۆری ژمارەی کەناڵەکان، بەڵام رەخنە هەیە لەسەر جۆری ئیش‌کردن و بەرنامەکانیان.
هۆشیار نوری بۆ خۆی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵێکی ناوخۆییە بەناوی (ره‌سه‌ن) بۆ “زەمەن” دەڵێت: “به‌شی زۆری كه‌ناڵه ناوخۆییه‌كان نه‌یانتوانیوه كولتورو ره‌سه‌نایه‌تی كورد بپارێزن و ته‌نیا فیلم و دراما‌و بابه‌ته بیانییه‌كان په‌خش ده‌كه‌ن”.
به‌پێی ڕێنمایی ژماره یه‌كی ساڵى 2014ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری، هەر كه‌ناڵێك ئه‌گه‌ر پابه‌ندی ڕێنماییه‌كانی وه‌زاره‌ت نه‌بێ، ئەوا سزا دەدرێ.
محەمەد گه‌ردی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی چاپ و بڵاوكردنه‌وه، بە “زەمەن”ى راگەیاند: له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه سێ كه‌ناڵ سزا دراون‌و سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو، ئەم سزایانە توندتر دەبن و رێنماییەکان ئاڵ‌وگۆڕیان بەسەردا دەهێنرێ.
محەمەد سەبارەت بەو سزایانە وتی: “سزاکە زیاتر لەسەر ئەو کەناڵانە دەبێ کە بیری توندڕه‌ویی بڵاودەکەنەوەو دەبنە هۆى تێكدانی پێكه‌وه‌ژیانی ئاینیی”.
محەمەد گه‌ردی، نەبوونى هیچ یاسایەکى تایبەت به كه‌ناڵه‌كان بە گرفت دەزانێ و وتى: “ده‌سه‌ڵات دراوه به وه‌زاره‌ته‌كه‌مان كه ڕێنمایی ده‌ربكه‌ین، بۆیه رێنمایی ژماره یه‌كی ساڵی 2014 ده‌ركرا كه تایبه‌ته به كه‌ناڵ و ڕادیۆ. هه‌ر به‌پێی ئه‌م ڕێنماییه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رادیۆ‌و كه‌ناڵه ناوخۆييه‌كان و ئاسمانییەکاندا ده‌كەین”.
به‌پێی ئامارەکەى وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان، زۆرترین كه‌ناڵی لۆكاڵیی، بریتین لە كه‌ناڵه ئاینییه‌كان، كه ژماره‌یان 39 كه‌ناڵه،. به‌دوایدا كه‌ناڵی هونه‌ریی و كۆمه‌ڵایەتیی و وه‌رزشیی و فیلم و دراماكان دێت.
بۆ دانانی كه‌ناڵی ناوخۆیی پێویسته مۆڵه‌ت له وه‌زارەتی ڕۆشنبیری و وه‌زاره‌تی ناوخۆ وه‌ربگیرێ، له‌كاتی پێدانی مۆڵه‌تیش پێویسته بری 10 ملیۆن دینار بدرێت به وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی ساڵانه بڕی دوو ملیۆن و نیو پاره‌یان لێوه‌رده‌گیرێت.
حاكم ئازاد، نه‌قیبی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانى کوردستان، پێیوایە به‌شێك له كه‌ناڵه ناوخۆییه‌كان هیچ په‌یام و ئاڕاسته‌یه‌كی تایبه‌تیان نییه‌و ته‌نیا كه‌ناڵی لاساییكه‌ره‌وه‌ن. هەبوونی ئه‌م بێبه‌رنامە‌یى و بێسه‌روبه‌رییه‌ش له‌ناو كه‌ناڵه ناوخۆییه‌كاندا بۆ نه‌بوونی یاسای ڕێکخستنی په‌خشی ڕادیۆو ته‌له‌فزیۆن هه‌م له عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
نه‌قیبی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسان داوا ده‌كات ئه‌نجومه‌نێكی باڵا دابنرێت بۆ سه‌رپه‌رشتیی میدیاكان به‌گشتیی و ڕاسته‌وخۆ له‌لایەن سه‌ندیكاوە به‌ڕێوه‌ببرێ.
حاكم ئازاد، بۆ “زەمەن” دەڵێت: سه‌ندیكا هیچ به‌ریه‌ككه‌وتنێكی یاسایی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه‌كاندا نییه‌و ته‌نیا بە یاساى ژماره 35ی ڕۆژنامه‌نووسان کار دەکەین کە تایبه‌ته به ڕێكخستنی كاری ڕۆژنامه‌نووسان. ئەمەش وایکردووە نەتوانرێ بە باشی کاری ئەو کەناڵانە رێکبخرێ کە پێچەوانەی یاسا‌و کاری رۆژنامەوانیی بەرنامە پەخش دەکەن.