قه‌یرانی نه‌وتیی‌و دوو كێشه‌ى جیاواز
08:42 - 25/08/2019
زەمەن: محه‌مه‌د حسێن
هه‌ردوو حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان‌و حكومه‌تی عێراق به جدی هاتونه‌ته سه‌ر هێڵی دانوستاندن‌و ده‌یانه‌وێ هه‌رچی زووتره كێشه نه‌وتیی‌و داراییه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
به‌پێچه‌وانه‌ی لێدوانه سیاسی‌و میدیاییه‌كانیان، هه‌ڵپه‌ی ئاشتیخوازانه‌ی ئه‌م دوو سه‌ركردایه‌تییه به‌رهه‌می نیازپاكییه سیاسیه‌كه‌یان نییه، هێنده‌ی كه زه‌برو فشاری ئه‌و نه‌خۆشییه ئابوورییه‌یه كه له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی‌دا به“نه‌فره‌تی نه‌وت” ناسراوه.
ئه‌م نه‌خۆشیه ئابوورییه، كه هه‌میشه وه‌ك سه‌رچاوه‌ی ته‌نگژه‌و ململانێی سیاسیی‌و سه‌ربازیی وێناكراوه، بۆ یه‌كه‌مجاره له مێژوودا ده‌بێته فاكته‌ری ئاشتی‌و سه‌قامگیری‌و سیاسییه‌كانی عێراق‌و كوردستان ده‌هێنێته سه‌ر مێزی دانوستان.
كێشه‌كه بۆ عێراق به‌مجۆره‌یه:
ده‌وڵه‌تی عێراق، كه زیاتر له ٩٨%ی هه‌نارده‌كه‌ی نه‌وتی خاوه، ئێستا كه‌وتووەته به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی قه‌یران‌و قات‌و قڕیه‌كی راسته‌قینه‌وە به‌هۆی ئه‌و گرژییانه‌ی ئه‌مریكاو ئێران له گه‌رووی هورمز دروستیان كردووه. چونكه هه‌تا مانگی رابردووش زیاتر له ٩٦%ی نه‌وته‌كه‌ی به‌م رێڕه‌وه ئاوییه‌دا تێده‌په‌ڕی.
به وته‌ی سامر غه‌زبانی وه‌زیری نه‌وتی عێراق، رۆژانه ١٨ ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی وڵاتانی كه‌نداو و عێراق به‌هورمزدا ره‌وانه ده‌كرێت. هێشتا هیچ روینه‌داوه تێچووی سه‌لامه‌تی‌و گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له هورمزه‌وه ١٠ قات زیادیكردووه(١) هه‌ر گرژیی‌و پێكدادانێكی سه‌ربازیی ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌ته‌واوی رێڕه‌وه‌كه دابخات به‌ڕووی كه‌شتیه نه‌وتبەره‌كاندا، ئه‌مه‌ش به‌مانای وه‌ستانی ٩٦%ی هه‌نارده‌ی عێراق دێت بێجگه له داخستنی سه‌ره‌كیترین به‌نده‌ری بازرگانی وڵاته‌كه كه له به‌سره‌یه.
له‌به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م قه‌یرانه‌دا، عێراق هه‌رێمی كوردستانی هه‌یه‌و چه‌ند بژارده‌یه‌كی تری لاواز. بۆری نه‌وتی كوردستان له‌ڕووی ته‌كنیكییه‌وه توانای هه‌یه رۆژانه تا یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده بكات.
له مانگی ٧ی٢٠١٩دا، هه‌رێم رۆژانه ٤٤١ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی خۆی هه‌نارده كردووه، كه‌واته ده‌توانێ ٥٦٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی عێراقی فیدراڵیش هه‌نارده بكات، ئه‌مه به ڕاده‌ی ١٦.٤%ی تێکڕای هه‌نارده‌ی عێراقه كه به تێكڕا رۆژانه ٣.٥٦ ملیۆن به‌رمیل رۆژانه نه‌وتی هه‌نارده‌كردووه له‌مساڵدا به‌پێی داتاكانی عێراق ئۆیڵ ریپۆرت(٢)
هه‌ڵبه‌ته بۆئه‌وه‌ی بتوانرێ سود له بۆرییه‌كه‌ی كوردستان وه‌ربگیرێت، عێراق پێویسته تۆڕی بۆرییه ناوخۆییه‌كانی نۆژه‌نبكاته‌وه له‌گه‌ڵ بۆری نه‌وتی عێراق-توركیا تا ده‌گاته به‌نده‌ری جه‌یهان. چونكه ئه‌م بۆرییه له فیشخابوره‌وه لكێنراوه به بۆری كوردستانه‌وه‌و گومانده‌كرێت به‌بێ نۆژه‌نكردنه‌وه بتوانێ ته‌واوی توانای هه‌نارده‌كردنی بخرێته‌گه‌ڕ.
ئه‌م نۆژه‌نكردنه‌وانه كات‌و تێچووی خۆی هه‌یه به‌ڵام بۆ عێراق قابیلی جێبه‌جێكردنه له‌ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا. بێبێجگه له بۆرییە نه‌وتیه‌كه‌ی كوردستان، ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل-ش چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌ڕاده‌ی ٢٠% قه‌ره‌بووی ئاڵوگۆڕه بازرگانییه له‌ده‌ستچووه‌كانی به‌نده‌ری به‌سره بكاته‌وه.
بۆ سود وه‌رگرتن له بژارده‌كانی تری، كه سعودیه‌و ئوردن‌و سوریان، عێراق لانیكه‌م دوو ساڵی (ته‌واو سه‌قامگیری دارایی‌و ئه‌منی) پێویسته تا بتوانرێت بۆرییە نه‌وته كۆنه‌كانی له‌م وڵاتانه‌دا نۆژه‌ن یان سه‌ر له‌نوێ دروست بكاته‌وه. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی هێشتا روون نییه سوریا‌و سعودیه تا چ ئاستێك تێوه‌ده‌گلێن له هه‌ر شه‌ڕێكی چاوه‌ڕوانكراوی نێوان ئێران‌و ئه‌مریكا، له‌وانه‌یه ئه‌وان خۆشیان پێویستیان به‌وه هه‌بێت كه وڵاتانی تر به هانایانه‌وه بچێت.
كه‌واته هه‌رێمی كوردستان و بۆرییە نه‌وتیه‌كه‌ی به‌قه‌ده‌ر هه‌رچی وڵاتانی دراوسێی عێراق هه‌یه جێگای پشت پێبه‌ستنه بۆ هه‌ر رۆژێكی ره‌ش كه له‌وانه‌یه به هۆی ململانێكانی ئێران ئه‌مریكاوه توشی عێراق ببێت. ئه‌گه‌ر چی ئه‌وه‌ی هه‌رێم ده‌توانێت پێشكه‌ش بكات له رووی رێژه‌و ژماره‌وه زۆر گه‌وره نییه، به‌ڵام چونكه خۆی به‌شێكه له‌عێراق‌و ته‌عریفه‌ی باج‌و گومركی زیاده‌ی نیه‌و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا خۆشترو ئاسانتره به‌راورد به وڵاتانی درواسێ، هه‌میشه یه‌كه‌م بژارده‌ی به‌رپرسانی به‌غدا ده‌بێت.
ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان پێشتر ته‌نیا گرنگیه‌كی جیوپۆله‌تیكی هه‌بوو بۆ عێراق، ئێستا گرنگییه‌كی ئابووریشی هه‌یه كه زۆر زیاتره له‌قه‌باره‌ی خۆی. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر لاوازی‌و كۆڵه‌واری ئه‌و سیستمه رێنتخۆرییه ئابوورییه‌یه كه زیاتر له ٥٠ ساڵه عێراق ده‌بات به‌ڕێوه.
ئه‌مه باجی به ته‌نیا پشتبه‌ستنه به‌نه‌وت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌ڕ خه‌ریكه دێته ناو رێڕه‌وی هه‌ناردنی نه‌وته‌كه‌یه‌وه، ته‌واوی وڵاته‌كه كه‌وتووەته به‌رده‌م ئه‌گه‌ری شڵه‌ژانێكی ئابووری قورس‌و قاتوقڕییه‌كی راسته‌قینه‌وە.
بۆ هه‌رێمی كوردستان:
هه‌رێمی كوردستانیش به‌هه‌مانشێوه‌ی عێراق هیچی نییه بۆ هه‌ناردن بێجگه له‌نه‌وت. سكاڵایه‌كی ده‌وڵه‌تی عێراقیش نیشانه‌ی پرسیاری دروستكردووه له‌سه‌ر ته‌واوی سامان‌و داهاتی نه‌وته‌كه‌ی.
سكاڵاكه سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٤ له پاریس تۆماركراوه لای ژوری بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی International Chamber of Commerce كه رێكخراوێكی جیهانییه‌و كاری یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه بازرگانییه‌كانه له نێوان وڵاتان‌و كۆمپانیا گه‌وره‌كاندا.
چه‌ند شاره‌زایه‌كی بواری ناكۆكییه بازرگانییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ن تا مانگی ١١ی ئه‌مساڵ دادگاكه له به‌رژه‌وه‌ندی عێراق حوكمی خۆی بدات. ئه‌مه‌ش ده‌وڵه‌تی توركیا ناچارده‌كات به‌پێی رێنماییه‌كانی به‌غدا بۆری نه‌وتی توركیا-عێراق و كۆگاو تێرمیناڵه‌كه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهان به‌كاربهێنێ. له دوای یه‌كه‌مین حوكمی یه‌كلاییكه‌ره‌وه له دژی توركیا، عێراق مافی ئه‌وه‌شی ده‌بێ داوای قه‌ره‌بوو بكاته‌وه.
هه‌ندێك له به‌رپرسانی به‌غدا باسی ٢٦ ملیار دۆلار ده‌كه‌ن وه‌ك قه‌ره‌بووی ئه‌و زیانانه‌ی عێراق به‌ریكه‌وتووه له‌كاتی به‌كارهێنانی تاكلایه‌نه‌ی توركیا بۆ بۆرییە‌كه. ئه‌م حوكمه چاوه‌ڕوانكراوه‌ی ژووری بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی، ده‌سه‌ڵاتی راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم ده‌داته عێراقییه‌كان‌و مافی داواكردنی قه‌ره‌بووییه‌كی زۆریش له توركیا.
بۆری نه‌وتی توركیا-عێراق كه به بۆری (كه‌ركوك-جه‌یهان)یش ناسراوه، موڵكی هه‌ردوو وڵاته‌و به‌پێی رێكه‌وتنی دوولایه‌نه‌ی نێوانیان بۆ هه‌ناردنی نه‌وتی كه‌ركوك له به‌نده‌ری جیهانه‌وه له ساڵی ١٩٧٠ه‌وه خراوه‌ته‌گه‌ڕ.
به‌رپرسانی توركیا پێیانوایه وه‌ك به‌شێك له عێراق، هه‌رێمی كوردستان مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌م بۆرییە به‌كاربهێنێ به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی ته‌قینه‌وه‌كانی داعش له سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٤دا هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوكی له‌م بۆرییە‌وه په‌كخست. حكومه‌تی عێراق (كه نه‌وتی هه‌رێم وه‌ك كاڵایه‌كی نایاسایی‌و قاچاخ ده‌ناسێنێ) پێیوایه توركیا رێكه‌وتنه دوولایه‌نه‌كه‌ی پێشێلكردووه. ئه‌م بۆرییە ئێستا بۆری نه‌وتی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێته به‌نده‌ری جه‌یهان.
به كورتی، ئه‌گه‌ر دادگاكه له‌به‌رژه‌وه‌ندی عێراق بڕیار له‌سه‌ر كه‌یسه‌كه بدات (كه ئه‌گه‌رێی زۆر به‌هێزه گه‌ر سیاسیه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا نه‌گه‌نه چاره‌سه‌رێكی مامناوه‌ندی) ئه‌وا دادگاكانی توركیا حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌ردۆغان ناچار ده‌كه‌ن بۆرییە‌كه به‌پێی خواست‌و بڕیار‌و ڕێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق به‌كاربهێنێ. یه‌كه‌م ده‌ره‌نجامی ئه‌مه‌ش له‌وانه‌یه راگرتنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمبێ.
سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌گه‌نه ئه‌م دۆخه، له‌به‌رامبه‌ردا به‌رپرسانی به‌غداش بێ به‌رامبه‌ر سكاڵاكه ناكشێننه‌وه له كاتێكدا بڕوایان وایه كه‌یسه‌كه له‌به‌رژه‌وه‌ندی عێراق حوكمی له‌سه‌ر ده‌درێت.
ئێستا روونبوویه‌وه سیاسه‌تی به‌ته‌نیا پشتبه‌ستن به نه‌وت چه‌ند هه‌ڵوێستی سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی لاوازكردووه له‌به‌رامبه‌ر به‌غدا، به‌ڵام ئاراسته‌ی دیپلۆماسییه‌ته‌كه‌ی گۆڕیوه به‌ره‌و رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غداو چاره‌سه‌ری كێشه هه‌ڵپه‌سێراوه‌كان، نه‌ك سه‌ربه‌خۆیی ئابووری‌و نه‌وت هه‌نارده‌كردن، ئه‌وگوتاره‌ی ساڵانێكی زۆر خه‌ڵكیان پێئه‌هێنایه سه‌رجاده‌كان.
كه‌واته یه‌كێك له كێماسیه‌كانی نه‌فره‌تی نه‌وت، كه به‌ته‌نیا پشتبه‌ستنه به هه‌نارده‌ی نه‌وتی خاو وه‌ك سه‌رچاوه‌ی داهاتی ده‌وڵه‌ت، ئه‌مڕۆ فاكته‌ری ئاشتییه له نێوان عێراق‌و كوردستاندا. له ١٣٠ ساڵی رابردوودا، به ده‌گمه‌ن روویداوه نه‌وت فاكته‌ری ئاشتیبێ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
به‌ڵام ئه‌مڕۆ عێراق‌و هەرێمی كوردستان له‌به‌ر زه‌بری كێشه ئابوورییه‌كانیان ناچاربوون گفتوگۆیه‌كی جدی ده‌ستپێبكه‌ن بۆ هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی كه له ٦ ساڵی رابردوودا سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆییانه نه‌وتفرۆشتنی هه‌رێمی كوردستان دروستیكردووه.
له مانگی ٧ی ٢٠١٩دا، بۆری نه‌وتی كوردستان رۆژانه ٥٤١ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی لێوه هه‌نارده‌كراوه ٤٤٠ هه‌زار به‌رمیلى هی هه‌رێم خۆیه‌تی‌و ١٠١یشی نه‌وتی كه‌ركوكه‌و عێراق فرۆشتویه‌تی(٣) بۆ عێراق‌و كوردستانیش سه‌ره‌ڕۆییكردن به‌م داهاته‌وه ئاسان نییه‌و ڕێی تێناچێ.
ئه‌مریكییه‌كان كه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌ولێر و به‌غداش هه‌یه، ناتوانن ته‌حه‌مولی له‌ده‌ستدانی ئه‌م نه‌وته بكه‌ن له كاتێكدا قه‌یرانی ئێران نزیكه‌ی ٣ ملیۆن به‌رمیلی رۆژانه كورتهێنانی له ئاستی خستنه‌ڕووی نه‌وتی خاو دروستكردووه‌و هێشتا نه‌توانراوه به زیاده‌ی به‌رهه‌می نه‌وتی شێڵی ئه‌مریكاو سعودیه قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه.
ئه‌م قه‌یرانه نه‌وتییه، كه له بنه‌ڕه‌تدا قه‌یرانێكی ئابووریی- سیاسییه‌و خراپ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات دروستیكردووه، ئێستا به‌غداو هه‌ولێریشی خستووەته به‌رده‌م یه‌ك بژارده‌وه، ئه‌ویش رێكه‌وتنێكی هه‌ردولا - براوه (win-win)ی ناچارانه‌یه. ته‌نیا ئه‌مه‌ش یارمه‌تی ده‌ربازبوونیان ده‌دات له قه‌یرانه چاوه‌ڕوانكراوه‌كانیان.
پەراوێزەکان:
(1)https://www.cnbc.com/2019/07/09/oil-insurance-rates-have-soared-since-tanker-attacks-near-iran.html
(2)https://www.iraqoilreport.com/news/oil-exports-jump-to-more-than-4-million-barrels-a-day-from-iraq-41989/
(٣) هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو.