بەپەلە.. ١٠ ژن لە سنووری ئیدارەی راپەڕین دەستگیرکران
02:14 - 02/09/2026
زەمەن_هەواڵ
ئاسایشی راپەڕین، شەوی راپەڕین، لە سنووری ئیدارەکە ١٠ ژنیان دەستگیر کردووە، کە لە نێویاندا دوو بەڕێوەبەری حکوومی هەن، تاوەکو ئێستا هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان ئاشکرا نەکراوە.
شەوی رابردوو، ١ی ئەیلولی ٢٠٢٦، هێزەکانی ئاسایشی راپەڕین ژمارەیەک ئافرەتی سنوورەکەیان دەستگیرکردووە، بەشێکیان بەڕێوەبەری فەرمانگەی حکوومین و بەرپرسیارێتییان هەیە.
بەپێی زانیارییەکانی ''زەمەن'' ژمارەی دەستگیرکراوەکان 10 کەس دەبن و هەموویان ژنن لە نێو دەستگیرکراوەکاندا بەڕێوەبەری رۆشنبیری و لاوانی رانیە و بەڕێوەبەری شەڵتەری داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراوی رانیە هەیە.
هاوکات، هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین لەسەر رووداوەکە ڕایگەیاند: هیچ ئاگادارییەکیان لەسەر دەستگیرکردنی ئەو ژمارە ئافرەتە نییە. ئاماژەی بەوەش دا، بەپێی ئەو زانیارییانەی هەیانە هۆکاری دەستگیرکردنیان پەیوەندیی بە بەرپرسیارێتی و کاری فەرمانگەکانیانەوە نییە، هاوکات دەستگیرکردنیان بەپێی بڕیاری دادوەری ئاسایش بووە.