دایک و باوکان ئاگاداربن.. سورێژە بڵاوبووەتەوە
02:21 - 20/08/2026
زەمەن_هەواڵ
تەندروستیی هەولێرهۆشداری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی
(سوورێژە) لە نێو منداڵاندا دەدات و داوا لە دایکان و باوکان دەکات پەلە بکەن لە
کوتانی منداڵەکانیان بەپێی خشتەی بنکە تەندروستییەکان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٠ی ئابی ٢٠٢٦، دکتۆر دلۆڤان
محەمەد فاتیح بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، داوای لە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن
کردووە هاوکار بن لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی
نەخۆشیی (سوورێژە) لە نێو منداڵاندا کە نەخۆشییەکی گوازراوەیە.
تەندروستیی هەولێر شەش ڕێنمایی سەرەکیی بۆ خۆپارێزی
و مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتە گوماناوییەکان بڵاوکردووەتەوە:
1- ناسینەوەی نەخۆشییەکە: نیشانە سەرەکییەکان بریتین
لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جەستە (تا) و دەرکەوتنی پەڵەی سوور لەسەر پێست.
2- کوتان: پێویستە دایکان و باوکان پابەندی خشتەی
کوتانی منداڵەکانییان بن، چونکە تاکە ڕێگەی سەرەکییە بۆ دووربوون لەو نەخۆشییە.
3- جیاکردنەوە (کەرەنتین): ئەو منداڵانەی گومانی
سوورێژەیان لێ دەکرێت، دەبێت لە ماڵەوە یان لە نەخۆشخانە جیا بکرێنەوە. ماوەی جیاکردنەوەکەش
تاوەکو 4 ڕۆژ دوای دەرکەوتنی پەڵە سوورەکان بەردەوام دەبێت.
4- پاراستنی کەسانی دەوروبەر: پێویستە نەخۆش لە بەرکەوتن
لەگەڵ کەسانی دیکە دوور بکەوێتەوە، بەتایبەت ئەو منداڵە بچووکانەی کە هێشتا نەکوتراون
یان سیستمی بەرگریی جەستەیان لاوازە.
5- خزمەتگوزاریی ناوماڵ: دابینکردنی ژینگەیەکی
ئارام، هەواگۆڕکێی باش، پێدانی بڕێکی زۆر لە شلەمەنییەکان و خواردنی تەندروست بۆ ڕێگریکردن
لە وشکبوونەوەی جەستەی منداڵ.
6- پێداویستییە کەسییەکان: جیاکردنەوەی کەلوپەلەکانی
خواردن و خەوتن و خاولی و فڵچەی ددانی کەسی تووشبوو لە ئەندامانی دیکەی خێزان.
تەندروستیی هەولێر جەخت دەکاتەوە، لە کاتی تێکچوونی
باری تەندروستیی منداڵ یان دەرکەوتنی نیشانە نائاسایییەکان، پێویستە بە زووترین
کات سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی یان نەخۆشخانە بکرێت.