سەرکردەی کورد لە زیندان فۆتۆیەکی نوێی بڵاوکرایەوە
04:29 - 10/08/2026
زەمەن_هەواڵ
لەسەردانێکی خیزانیدا بۆ دوورگەی ئیمراڵی، عومەر ئۆجەلان، وێنەیەکی مامی (عەبدوڵا ئۆجەلان) بڵاوکردەوە، کە بە خێزانی وێنەکە گیراوە.
ئەمڕۆ دووسەممە، ١٠ی ئابی ٢٠٢٦، عومەر ئۆجەلان پەرلەمانتاری دەم پارتی، نوێترین وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلانی بڵاوکردەوە، کە لە کاتی سەردانی بنەماڵەکەی بۆ دوورگەی ئیمراڵی لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥دا لەگەڵ مامی چرکاندوویەتی و لە پلاتفۆرمەکان بڵاوی کردووەتەوە.
هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو وێنەیەدا، پەرلەمانی تورکیا دەستی بە گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی یاسایی چوارچێوە کردووە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد.
عەبدوڵا ئۆجەلان لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ەوە لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی دەستبەسەرە و لە ماوەی ڕابردوودا بە فەرمی داوای لە پەکەکە کردووە خۆیان هەڵبوەشێننەوە. لە ئێستادا پەرلەمانی تورکیا خەریکی تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسایەکی نوێیە کە لە ١٢ ماددە پێکهاتووە و وەک هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و ڕێکخستنەوەی بارودۆخەکە لە چوارچێوەی یاسادا دەبینرێت.