بەپەلە شوقەو ٦٠ ئۆتۆمبێلی گرانبەهای پەرلەمانتاران دەستی بەسەردا گیرا
03:56 - 19/07/2026
زەمەن - هەواڵ
لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی حکومەتی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، شەوی ڕابردوو و بەیانیی ئەمڕۆ، هێزەکانی دەستەی دەستپاکی هەڵیانکوتایە سەر پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "دەروازەی بەغدا"، لەم ئۆپەراسیۆنەدا دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز و شوقەی گرانبەهادا گیراوە.
لەم هەڵمەتەدا دەست بەسەر ٦٠ ئۆتۆمبێلی لوکسدا گیراوە کە پێکهاتوون لە: ٤٠ نیسان پەتڕۆڵ، ١٣ لێکسس، ٧ جی کلاس و چەند ئۆتۆمبێلێکی جۆری تاهۆ. هاوکات ژمارەیەک شوقەی گرانبەهاش کە موڵکی ئەندامانی ئێستا و پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقن، لەلایەن هێزەکانەوە قوفڵ کراون و دەستیان بەسەردا گیراوە.
سەرەڕای ئەوەی گرتە ڤیدیۆییەکان بارکردنی ئۆتۆمبێلەکان بە کرێنی تایبەت نیشان دەدەن، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەسەڵاتی دادوەری هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمییان سەبارەت بە وردەکارییەکەی بڵاونەکردووەتەوە. ئەم هەڵمەتە دوای دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت دێت، کە بووەتە سەرەتایەک بۆ ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان دژی بەرپرسانی حکومی و حزبی کە تێیدا دەیان کەس دەستگیرکراون و بڕێکی زۆر پارە و زێڕ دەستی بەسەردا گیراوە.